ئه‌ردۆغان: بۆ ماوه‌ی مانگێك رێژه‌ی ئاوی رووباری دیجله‌ بۆ عێراق زیاد ده‌كه‌ین

‌ئەردۆغان و سودانی

وێستگه‌نیوزـ

سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، لەگەڵ عێراق رێککەوتوون بۆ بنیادنانی پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان کە بریتییە لە هێڵێکی ئاسنین لە نێوان هەردوو وڵات بۆ پەره‌پێدانی بازرگانی. دەشڵێت، "بۆ ماوەی مانگێک رێژەی ئاوی رووباری دیجلە بۆ عێراق زیاد دەکەین".

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆنفراسنێکی رۆژنامەنووسی هاوبەشدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، "لەگەڵ عێراق کارمان کردووە و رێککەوتون بۆ بنیادنانی هێلی ئاسنینی تایبەت بە گواستنەوە لە نێوان عێراق و تورکیا".

وتیشی: "لە رێگەی ئەو پڕۆژەیەوە هەنگاوێکی گرنگ دەنێین بۆ بوژاندنەوەی پرۆژەکانی وەبەرهێنانی نێوان هەردوو وڵات".

سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەشدا، ئەم پرۆژەیە ناوی رێگای وەبەرهێناوە تەنها سوودی بۆ عێراق و تورکیا نابێت، بەڵکو سودی بۆ هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت و وڵاتانی دراوسێش گرنگی بەم پرۆژەیە دەدەن.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەم پرۆژەیە پەیوەندییە بازرگانییەکان و مرۆییەکان لە نێوان عێراق و تورکیا پتەو دەکات و کارئاسانی بۆ بازرگانەکانی هەردوو وڵات دەکات.

باسی لەوەشکرد، ئاگادارن لە کەمبوونەوەی ئاوی عێراق و بەهەمان شێوە رێژەی باران بارینیش لە تورکیا کەمیکردووە و بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاریان داوە بۆ ماوەی مانگێک رێژەی ئاوی رووباری دیخلە بۆ عێراق زیاد بکەن.

هەروەها، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، پرۆژەی رێگای وەبەرهێنان تەنها بۆ عێراق نییە، بەڵکو جیهانییە و لە رێگەیەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئەوروپاوە دەبەسترێتەوە و تایبەتە بە گواستنەوەی کەلوپەل و وزە.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەم پرۆژەیە هەلی کاری زۆر بۆ هاووڵاتییانی عێراق دەرەخسێنێت و لەگەڵ بنیادنانی ئەم پرۆژەیە گەورەترین شاری پیشەسازی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قەزای فاو لە نزیک بەندەری ئەو شارە دەکرێتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیاو لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە کۆبووەوە.


PM:08:30:21/03/2023


ئه‌م بابه‌ته 4240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت