نێچیرڤان بارزانی: له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ عێراق به‌ ئاراسته‌یه‌كی‌ راستدا ده‌ڕۆین‌‌

‌نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

وێستگه‌نیوزـ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ئاگری نەورۆز وەک هەمیشە بڕوا و هێز و تینمان گڕدەداتەوە".

 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا باس لەوە دەکات: "له‌سه‌ر ئاستی‌ سیاسی، با نه‌ورۆز بكه‌ینه‌ ده‌رفه‌تێكی‌ نوێ بۆ هاریكاریی‌ هاوبه‌ش و یه‌كتر قبووڵكردن و كاری‌ پێكه‌وه‌یی‌. تا بتوانین له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كێشه‌ و ناكۆكییه‌كان تێپه‌ڕێنین، له‌گه‌ڵ به‌غداش پێكه‌وه‌ به‌ یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك هه‌ڵوێست، به‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ده‌ستوور، كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین".
 
نێچیرڤان بارزانی داوا له‌ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان دەکات، "به‌ گیانێكی‌ عێراقییانه‌ی‌ نیشتمانی‌ كه‌ حزب و نه‌ته‌وه‌ و ئایین و مه‌زهه‌ب تێپه‌ڕێنێت، هه‌موومان پێكه‌وه‌ بۆ عێراقێك كار بكه‌ین، وڵاتی‌ هه‌موومان بێت. عێراقێك كه‌ ئارامی‌ و سه‌قامگیری‌ و سه‌ر‌وه‌ری‌، ژیان و شكۆ و ئێستا و داهاتووی‌ نه‌وه‌كانی‌، پارێزراو بێت. عێراقێك به‌ هه‌موومان پێكه‌وه‌ بتوانین بیكه‌ینه‌ نیشتمانێكی‌ باشتر بۆ هه‌مووان".
 
وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ فیدراڵیی‌ عێراق به‌ ئاراسته‌یه‌كی‌ راستدا ده‌ڕۆین‌‌، هه‌نگاوه‌كان مایه‌ی‌ ئومێد و خۆشحاڵین. چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كان، دروستكردنه‌وه‌ی‌ متمانه‌ و دڵنیایی‌ له‌نێوان لایه‌ن و پێكهاته‌كاندا، عێراق ده‌كاته‌وه‌ به‌ وڵاتێكی‌ به‌هێز و پارێزراوی‌ رێزلێگیراو. هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ژێر رۆشناییی‌ ده‌ستووردا ئاماده‌ی‌ هه‌موو هاوكارییه‌كه‌ بۆ سه‌رخستنی‌ كارنامه‌ی‌ حكومه‌ت و پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ و بنه‌ماكانی‌ دیموكراسی‌ له‌ عێراق".


PM:04:24:20/03/2023


ئه‌م بابه‌ته 1272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو