لاهور شێخ جەنگی: لەهەوڵدام بۆ کۆدەنگی لەگەڵ هه‌موو جوڵانه‌وه‌ سیاسییه‌كان


وێستگەنیوز_

لاهور شێخ جەنگی بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردییەوە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "لەهەوڵدام بۆ کۆدەنگی لەگەڵ هه‌موو جوڵانه‌وه‌ سیاسییه‌كان."

لە راگەیەندراوەکەدا لاهور شێخ جەنگی، وەک "هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان" خۆی ناساندووە و رایدەگەیەنێت، بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و32ـەمین ساڵرۆژی راپەڕین و رزگارکردنی شاری کەرکوک جوانترین و گەرمترین پیرۆزباییتان لێدەکەم، ئومێدەوارم ئەم دوو بۆنەیە ببێتەمایەی خۆشی و ئاسودەیی و تێپەڕاندنی هەموو ناخۆشی و ئاڵنگارییەکان، هاووڵاتیانیش بەخۆشی و ئاسودەیی رۆژانی جەژن بەسەرببەن.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "هەر بە بۆنەی دیاریکردنی وادەی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، داوا لە هەموو دڵسۆزان و خەڵکە تيکۆشەرەکەی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان دەکەم لەپێناو گەڕانەوەی شکۆ بۆ ئەو ناوچانەو ئاسوودەکردنی ڕۆحی شەهیدەکان و پارێزگاریکردن لە ئازادی و بەها باڵاکان و دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین لەم هەڵبژاردنەدا لە ئێستاوە خۆیان سازبدەن تا بەشداری کارایان هەبێت و کەسانی پاک و بەتوانا هەڵبژێرن کە مەبەستیان خزمەتکردنی راستەقینەی خەڵکە و بەرگریی لە خاک و ناسنامەیان دەکەن، نەک کەسانێک کە ساڵانێکە بەناوی ئەوانەوە خەریکی گەندەڵی و دۆشینی سەروەت و سامانی کەرکوک و کەرکوییەکانن و  خۆیان کردووە بە بەرپرس، بەڵام لە ئاست کێشە و گرفتەکان و خزمەتکردنی شارەکە خۆیان بە بەرپرسیار نەزانیوە و تەنانەت ئامادەشنین لە شارەکەدا بمێننەوە."

جەختیش دەکاتەوە لەوەی، ئەم هەڵبژاردنە "گرنگ و چارەنوسسازە، هەر  وەک چۆن لە رابردوود لەگەڵ ئێش و ئازارەکانی خەڵکەکەیدابووین، ئاواش لەم هەڵبژاردنەدا بە ئەرکی خۆمی دەزانم بەهەموو توانامەوە پشتیوانتانبم، لە ئێستاشدا لەهەوڵدام بۆ کۆدەنگی لەگەڵ هه‌موو جوڵانه‌وه‌ سیاسییه‌كان".

دەشڵێت، "هەر هێزێکی سیاسی کە ئامانجی بنیادنانه‌وه‌ی کەرکوکە بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی هاوبەشی نیشتیمانیی دەنگی کورد بکەینەوە بە یەکەم و سەرکەوتن بۆ کەرکوک و ناوچەجيناکۆکەکان تۆمار بکەین، لەو رێگەیەشەوە خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی ژیانێکی شەرەفمەندانە بۆ خەڵکە تێکۆشەرەکەی دابین بکەین و هیوا و ئومێد بۆ گەنجەکان بگەڕێنینەوە."

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە 19ـی 3ـی 2023، لاهور شێخ جەنگی سەردانی بزووتنەوەی گۆرانی کرد و کۆبوونەوەیەکی لەگەڵدا ئەنجامدان کە بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا، تێیدا باسیان لە "دۆخی سلێمانی و هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کردووە."


PM:04:19:20/03/2023


ئه‌م بابه‌ته 3356 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت