قوباد تاڵەبانی بۆ مەسرور بارزانی: داواکاری کەسیمان نەبووە و نییە


وێستگەنیوز_

پاش ئەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردییەوە، ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی 3ـی 2023 پەیامێکی بڵاوکردەوە و لە بەشێکیدا داوای لە قوباد تاڵەبانی و تیمی وەزاریی یەکێتی کرد "لەدوای کۆتاییهاتنی پشووەکانی نەورۆز، بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران".

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، "با پێکەوە ئەو دەرفەتەی لەگەڵ بەغداد هاتووەتە پێشەوە بقۆزینەوە بۆ رێککەوتنێکی یەکجاری و درێژخایەن. لەناوخۆشدا زەمینە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بڕەخسێنین."

ئەمرۆ دووشەممە 20ـی 3ـی 2023، قوباد تاڵەبانی پەیامێکی بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، نەورۆزی کوردەواری هەمیشە هەڵگری پەیامی ئاشتی و تەبایی و دەستپێکی وەرزێکی نوێ بووە، بۆیە پێویستە هەموو لایەکمان پەیامی نەورۆز بە جدی وەربگرین و دەرگا بکەینەوە بەڕووی چارسەر کردنی گرفتەکاندا.

جێگری سەرۆک وەزیران دەڵێت: کوردستان لەبەردەم "هەڕەشە و دەرفەتیشدایە، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیش ساڵانێکی زۆرە بە هەموو کەموکوڕییەکانمانەوە تەحەمولیان کردوین، داوای خزمەتگوزاری باشتر و بوژانەوەی ئابووری و ئارامی سیاسی دەکەن، لەم دۆخەدا داوا دەکەم هەموو لایەکمان لەپێناو هاوڵاتییاندا بەرپرسیارانە مامەڵە بکەین و پێکەوە ئیدارەی ئەم دۆخەی ئێستا بدەین."

هاوکات داوایەک ئاراستەی لایەنە سیاسییەکان دەکات و دەڵێت، "با پێکەوە ئەو دەرفەتەی لەگەڵ بەغداد هاتووەتە پێشەوە بقۆزینەوە بۆ رێککەوتنێکی یەکجاری و درێژخایەن. لەناوخۆشدا زەمینە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بڕەخسێنین بە جۆرێک هەم متمانەی هاوڵاتیان بە دامەزراوەکان بەهێز بکات و هەم هاوپەیمانەکانمان لە دەرەوە لەخۆمان بێهیوا نەکەین."

لەبارەی کێشەکانی ناوخۆی کوردستان، قوباد تاڵەبانی جەختدەکاتەوە لەوەی، "ئێمە دەستی ئاشتەوایی درێژ دەکەین و ئامادەی هەموو گفتوگۆیەکین و رایدەگەیەنین؛ داواکاری کەسیمان نەبووە و نییە، بەڵکو داواکاری و بەرگریکردن بووە لەبەرژەوەندی هاوڵاتیان کە پێمان وایە ئەمە دەکرێت ویست و داواکاری هەموو لایەکمان بێت، ئێمەش بەبەڵێنی جێبەجێ کردنی ئەو داواکاریانە، ئامادەی هەموو ھاوکاری و هەنگاوێکی پێویستین."

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا هاتووە، نەورۆزی کوردەواری لە "هەموو لایەک پیرۆز دەکەم" و هیوای جەژنێکی پڕ لە شادی و خۆشی بۆ هەمووان دەخوازم.


PM:03:42:20/03/2023


ئه‌م بابه‌ته 3444 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت