عێراق لەمەشدا لە یەکەمەکانە




وێستگەنیوز-

 ساڵانێکی زۆرە عێراق بە دۆخێکی سیاسییی و ئابووریی کۆمەڵایەتیی و کولتووری نالەباردا تێدەپەڕێت کە وای لێ کردووە وڵاتەکە لەسەر هەموو ئاستەکان دابڕزێت، هەربۆیە بە پێچەوانەی وڵاتە سەرکەوتووەکانەوە هەمیشە عێراق لە لیستی باشترین و پاکترین و جوانترینەکان لە دوای دواوەیە و لە پیسترین و خراپترین و گەندەڵترینەکانیش یان یەکەمە یان دووەم و بەدەگمەنیش دەچێتە پلەی سێیەم.

هەر بۆ نموونە لە ڕاپۆرتەکانی گەندەڵییدا عێراق هەمیشە لە پلەی دە یەکەمەکەدایە، پاسپۆرتەکەی لە لاوازترینەکانی جیهانە، مرۆڤەکانی لە تووڕەترینەکانی دونیان، بەغدا ساڵانێکی زۆر یەکێک لە پیسترین پایتەختەکانی دونیا بوو، لە توندوتیژییدا لە سەرەوەی لیستەکاندایە، لەو وڵاتانەی زۆرترین کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوایان بەر دەکەوێت هەر لە یەکەمەکانە، لە تازەترین ڕاپۆرتیشدا یەکێکە لەو وڵاتانەی پیسترین هەوایان هەیە کە هیچ مەرجێکی تەندرووستیی تێدا نەماوە. 

ڕاپۆرتێکی نوێ ئاماژە بەوە دەدات کە لەسەر ئاستی دونیا تەنیا ١٣ وڵات هەواکەیان تەندرووستە و  پیسبوونی هەواش لە ساڵی ٢٠٢٢دا بۆ ئاستێک بەرز بۆتەوە کە مایەی ترس و دڵەڕاوکێیە، لە لیستی پیسترین هەواشدا عێراق پلەی دووەمی هەیە.

ڕاپۆرتەکە لەلایەن کۆمپانیای «IQAir»ەوە بڵاو کراوەتەوە، کە کۆمپانیایەکە بەدواداچوون بۆ کوالێتی هەوا دەکات لەسەر ئاستی جیهان، بەپێی ڕاپۆرتەکە ئاستی مامناوەندی ساڵانەی پیسبوونی هەوا لە ٩٠٪ی وڵات و هەرێمەکانی دونیا کە هەواکەیان شیکاریی کراوە؛ ڕێنماییەکانی کوالێتیی هەوایان تێپەڕاندووە کە ڕێکخراوی تەندرووستیی جیهانیی دایناوە، بە ئامانجی ئەوەی حکوومەتەکانی دونیا لەسەر بنەمای ئەو ڕێکارانە نەخشەسازیی بکەن بۆ پاراستنی تەندرووستیی گشتیی.
 
بەپێی شیکارییەکانی «IQAir» کە هەوای ١٣١ وڵات و هەرێمی شیکار کردووە دەرکەوتووە کە تەنیا ٦ وڵات و ٧ هەرێم بەپێی ستانداردەکانی ڕێکخراوی تەندرووستیی جیهانیی هەوای پاکیان هەیە کە ئەوانیش: ئوستورالیا، ئیستۆنیا، فینلاند، گرینادا، ئایسلەند و نیوزیلاندن، لەگەڵ حەوت هەرێمی ئۆقیانووسی ئارام و ناوچەی دەریای کاریبیی لەناویشیاندا گووام و پۆرتۆریکۆ. 

حەوت وڵاتیش کە بریتیین لە: چاد، عێراق، پاکستان، بەحرەین، بەنگلادیش، بۆرکینافاسۆ، کووەیت و هیندستان، هەوایەکی هێندە خراپیان هەیە کە زۆر لە ستاندارەکانی ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانیی تێپەڕاندووە کە بریتییە لە مامناوەندی پیسبوونی هەوا کە زیاترە لە ٥٠ مایکرۆگرام بۆ هەر مەترچوارگۆشەیەک.


PM:12:44:20/03/2023


ئه‌م بابه‌ته 896 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو