ئەنجومەنی ئاسایشی هه‌رێم: هێلیکۆپتەرەکان بێ ئاگاداریی هەرێمی کوردستان لەنێوان رۆژئاوا و سلێمانیدا فڕیون


وێستگه‌نیوزـ

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند، هێلیکۆپتەرەکانی هەفتەی رابردوو لەنێوان رۆژئاوای کوردستان و سلێمانیدا فڕیون بەبێ ئەوەی دەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان ئاگاداربکەنەوە.

 
لە راگەیه‌ندراوێكدا ئه‌مڕۆ یەکشەممە 19ی ئازاری 2023، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "هێزەکانی سووریای دیموکرات رایانگەیاندووە دوو هێلیکۆپتەر کەوتوونەتە خوارەوە و نۆ ئەندامیان گیانیان لەدەستداوە، بەڵام "ئێمە تەنیا کەوتنە خوارەوەی یەک هێلیکۆپتەر و گیانلەدەستدانی حەوت کەس پشتڕاست دەکەینەوە".
 
بەگوێرەی راگەیه‌ندراوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، "ئەو هێلیکۆپتەرانە لە نێوان رۆژئاوای کوردستان و سلێمانیدا فڕیون بەبێ ئەوەی دەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان ئاگادار بکەنەوە".
 
ئەنجومەنی ئاسایش باسی له‌وه‌شكردووه‌: "بەگوێرەی زانیاری و بەڵگەی بەردەست، ئەو هێلیکۆپتەرانە لە چەند بنکەیەکی سلێمانی دادەبەزن و بەرەو رۆژئاواش دەفڕن. زانیارییەکان ئەوە دەردەخەن کە لایەنێک لە سلێمانی بەشێوەیەکی نهێنی و نافەرمی رێگەخۆشکەر بووە بۆ پەیوەندییەکانی هەسەدە و پەکەکە و بە چەندین جۆری جیاواز هاوکارییان کردوون".
 
لە کۆتایی راگەیه‌ندراوەکەدا کە پەیجی دژە تیرۆری کوردستان بڵاویکردووەتەوە، هاتووە: "داوا لە هاوپەیمانان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق دەکەین روونکردنەوە بدەن کە ئەم هێلیکۆپتەرانە بە کام مۆڵەت بە ئاسمانی خاکی هەرێمی کوردستاندا دەفڕن. کێ بەرپرسیارییەتی ئەم کارە نایاساییەیان هەڵدەگرێت؟".
 
لەسەر هەمان بابەت، دوێنی شەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند، ئەو هێلیکۆپتەرەی رۆژی چوارشەممە لە سنووری چەمانکێ کەوتە خوارەوە "لە بنەڕەتدا لە لایەن گرووپێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە کڕدرابوو، بەڵام چۆن گەییشتنە لای هەسەدە؟ نازانین." لەبارەی هێلیکۆپتەری دووەمیشەوە، مەسرور بارزانی وتی، هیچ لەبارەیەوە نازانن.
 
شەوی چوارشەممەی رابردوو، لە نزیک گوندی بێرکیات لە ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک هێلیکۆپتەرێک کەوتەخوارەوە و تێکشکا. رۆژی هەینی 17ی ئازار، هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە راگەیه‌ندراوێکدا رایگەیاند، "دوو هێلیکۆپتەر بوون و نۆ شەڕڤانمان شەهید بوون".
 
هەسەدە لە راگەیه‌ندراوەکەیدا باسی له‌وه‌شكردبوو، "ئەو دوو هێلیکۆپتەرە لە کاتی گواستنەوەی هێزێکی دژەتیرۆری سەربە ئەوان لە کاتێکدا لە رێگەدا بوون بۆ شاری سلێمانی، لە سنووری پارێزگای دهۆک تێکشکان و بەهۆیەوە نۆ شەڕڤانمان شەهید بوون".


PM:12:46:19/03/2023


ئه‌م بابه‌ته 1012 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت