مەسعود بارزانی: لەساڵی 1996 داوای هاوكاریم لەسەدام كرد لەوەڵامی دەستوەردانه‌كانی ئێران

‌مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان

وێستگه‌نیوز ـ

مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ دیدارێكی رۆژنامه‌ی (الشرق الاوسط) بۆ یه‌كه‌م جار باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ ساڵی 1996دا داوای هاوكاری له‌ سه‌دام حسێن، سه‌رۆكی له‌ سێداره‌ دراوی رژێمی پێشووی عێراق كردووه‌ به‌هۆی ده‌ستوه‌ردانه‌كانی ئێرانه‌وه‌.


مەسعود بارزانی، له‌و دیداره‌ی رۆژنامه‌ی (الشرق الاوسط) ده‌ڵێت: "لەمانگی نیسانی  2002 دا شاندێكی ئەمریكی هات، من و خوالێخۆشبو مام جەلالیان بانگهێشتی واشنتۆن كرد، پێیان ڕاگەیاندین كە گۆڕانگاری گەورە روودەدات، بەڵام وردەكارییەكەیان پێنەوتین".

باس له‌وه‌شكردووه‌: "سەردانەكەمان نهێنی بوو، بەفەرمی پێیانویتن بڕیار دراوە بەگۆڕینی رژێم و بەكارهێنانی هێزی سەربازی، داوای بۆچونی ئێمەیان كرد، ئێمەش وتمان ئەگەر ئێوە جدین لە رووخاندنی سەدام دوای ئەوە چی دەبێت، وتیان بەدیاریكراوی لەبەرئەوە پێویستمان بەهاكاری ئێوە دەبێت".

له‌ درێژه‌ی دیداره‌كه‌دا بارزانی ئه‌وه‌ی وتووه‌: "داوامانكرد كۆنگرەیەكی فراوان بە بەشداری تەواوی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی عێراق ئەنجامبدرێت، لەو كۆنگرەیەدا بڕیاربدرێت چی بكرێت لەدوای رووخاندنی رژێم، ئەمریكییەكان بیرۆكەكایان پەسەندكرد".

ده‌شڵێت: "لەكۆنگرەی لەندەندا رێككەوتن لەسەر ناسنامەی عێراق كرا، كە دەوڵەتێكی فیدراڵی دیموكراتی فرەیی بێت".

"كۆنگرەی لەندەن بە رێككەوتن بوو لەگەڵ ئەمریكییەكان، جای گاردنەر، حاكمی مەدەنی بۆ هاوكاری هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن بوو لەپێكهێنانی حكومەتی كاتیی"، بارزانی وای وتووه‌.

سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌و دیداره‌ی رۆژنامه‌ی (الشرق الاوسط) ئه‌وه‌شی وتووه‌: "دوای ئەوە بریمەر هات و بەبڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش ئەمریكا بوو بە داگیركەر، ئەمریكا لەئازادكەرەوە بوو بەداگیركەر، ئەوە هەموو شتێكی گۆڕی، ئەوە گەورەترین هەڵە بوو ئەمریكا ئەنجامیدا".

باسی له‌وه‌شكردووه‌: ئێرانییەكان بریاڕی رووخاندنی ڕژێمی سەدامیان پێخۆشبوو، هاشمی رەفسەنجانی وتی، "بەلای ئێمەوە رووداوێكی گرنگ و سەركەوتنێكی گەورەیە، بەڵام ناتوانین بەئاشكرا پشتیوانی بكەین".

له‌ باره‌ی هه‌ڵوێستی توركیاوه‌ بارزانی ئه‌وه‌ی وتووه‌: "توركیا بەو مەرجە پشتیوانی رووخاندنی سەدامی دەكرد، كه‌ رێگەی بدرێت دوو فیرقەی سەربازی لەموسڵ و كەركوك جێگیربكات".

راشیگه‌یاندووه‌: "بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراق وەك ئەوە وابوو حوكمی لەسێدارەدان بەسەر كەسێكی مردودا بسەپێنیت، لە رووی كردارییەوە سوپا نەمابوو، لەدوای (9)نیسانەوە تەواوی پێكهاتەكانی هەڵوەشایەوە".

ده‌شڵێت: "ئێران و سوریاو هێزەكانی بەرەنگاری (مقاوەمە)و تیرۆر، هەموویان بەشداربوون لە رووبەڕووبوونەوەی ئەمریكا لەعێراق، لەدوای رووخاندنی رژێمەوە سوریاو ئێران ترسێكی زۆریان هەبوو لەوەی سەرەی كامیان دەبێت، كە ئەمریكا هێرشیان بكاتە سەر".

بارزانی ئه‌وه‌ی خستووه‌ته‌ڕوو، كه‌ لەمیانی دیدارەكانیان لەگەڵ بەرپرسە سەربازی و مەدەنییەكانی ئەمریكا، بەرگوێی نەكەوتووە ئەمریكییەكان خواستنی گۆڕینی رژێمی سوریاو ئێرانیان هەبووبێت.

بارزانی دواجار باسی ئه‌وه‌شی كردووه‌ كه‌ داوای هاوكاری له‌ سه‌دام حسێن كردووه‌ و له‌و باره‌وه‌ وتوویه‌تی: "دواینجار ساڵی 1996 سەدامم بینی، لەو ساڵەدا داوای هاوكاریم لێكرد، داواكارییەكە دوای دەستوەردانی ئێرانییەكان بوو، سەرەتا ئێرانییەكان دەستوەردانیان كرد ئەوەش لەوەڵامی ئەوەدابوو".


AM:11:38:19/03/2023


ئه‌م بابه‌ته 5328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو