ورده‌كاری پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی 2023ی عێراق


وێستگه‌ نیوز-
سۆران عومه‌ر ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئابوری و پیشه‌سازی و بازرگانی ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق رایگه‌یاند كه‌ "له‌پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ی ساڵی 2023 -2024 -2025 دا له‌ دوو ماده‌ و نۆ بڕگه‌ و چوار خاڵدا پابه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و شایسته‌كانی جێگیركراوه‌.


سۆران عومه‌ر ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئابوری و پیشه‌سازی و بازرگانی ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا نووسیویه‌تی‌ "یه‌كه‌م خاڵی ماده‌ی 13ی پشكی هه‌رێم له‌به‌شه‌ بودجه‌ پاكتاوكردنی حساباتی نێوان هه‌رێم و به‌غدایه‌ له‌ساڵی 2004 تاكو 2022 بۆ هه‌موو ئه‌و ساڵانه‌ی بودجه‌ هه‌بووه‌".

سۆران عومه‌ر ده‌ڵێت: "حكومه‌تی هه‌رێم پێویسته‌ پابه‌ند بێت به‌تێكڕا رۆژانه‌ 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ بكات و له‌و بڕه‌ كه‌متر نه‌بێ، مانگانه‌ش وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان به‌ڵگه‌كانی هه‌نارده‌كردن ته‌سلیم به‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ده‌كات و په‌سه‌ند ده‌كرێ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ت و چاودێری دارایی عێراق به‌هه‌ماهه‌نگی چاودێری دارایی هه‌رێم".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ "هه‌رێم پابه‌ند ده‌كرێ داهاتی غه‌یره‌ نه‌وتی ته‌سلیم به‌داهاتی گشتی عێراق بكات به‌پێی یاسای ئیداری مالی ئیتحادی و دیوانی چاودێری دارایی عێراق به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم وردبینی داهاته‌كان ده‌كه‌ن".

ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ "وه‌زاره‌تی دارایی عێراق دوای جێبه‌جێكردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ واته‌ ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ به‌شه‌بودجه‌ی مانگانه‌ی هه‌رێم ده‌نێرێ، به‌جۆرێك مانگانه‌ وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم بودجه‌ی پێداچونه‌وه‌ی مانگانه‌ پێشكه‌ش ژمێریاری وه‌زاره‌تی دارایی عێراق ده‌كات تاكو له‌ناو حساباتی مانگانه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق جێگه‌ی بكرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی دیوانی چاودێری دارایی عێراق وردبینی داهاتی نه‌وتی و نانه‌وتی و پاكتاوی حساباتی هه‌ردولا ده‌كات".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ روونیشیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌پێی‌ پرۆژه‌یاساكه‌، "پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێم هه‌موو قه‌رزی بانكی بازرگانی عێراق بداته‌وه‌ له‌ماوه‌ی 7 ساڵدا. داهاتی هه‌موو نه‌وتی هه‌رێم به‌وه‌ی به‌رهه‌مده‌هێنرێ و هه‌نارده‌ ده‌كرێ و به‌داهاتی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتیه‌كانی دیكه‌شه‌وه‌ هه‌مووی ده‌خرێته‌ حساب بانكیه‌ك به‌بێ ئه‌وه‌ی مافی هیچ لایه‌كی لێ ببڕدرێ بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێك بێ، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم یان ئه‌و كه‌سه‌ی ئه‌و رایده‌سپێرێ مافی هه‌یه‌ پاره‌ له‌و حسابه‌ ده‌ركات به‌مه‌رجێ حسابه‌كه‌ له‌ژێر چاودێری حكومه‌تی عێراق دا ده‌بێت و هه‌موو هه‌ژمار بانكیه‌كی دیكه‌ی داهاتی نه‌وت داده‌خرێت".

باسی‌ له‌وه‌شكردووه‌ كه‌ "چاودێری دارایی عێراق به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق و وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كانی هه‌رێم و چاودێری دارایی هه‌رێم وردبینی ئه‌و هه‌ژماره‌ی داهاتی نه‌وت ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی جیهانی وردبینی، بۆ وردینی و چاودێری ته‌واوی پرۆسه‌كانی گرێبه‌ست و ناردن و مافی كۆمپانیاكان له‌ ده‌رهێنان و گواستنه‌وه‌ی نه‌وت".

ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران روونیشیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ "هه‌موو جوڵه‌یه‌كی هاتن و ڕۆشتنی ئه‌و حساب بانكیه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و كۆمپانیا جیهانیه‌وه‌ وردبینی ده‌كرێ و راپۆرتی ده‌وری پێشكه‌شی چاودێری دارایی عێراق ده‌كرێت".
ده‌شڵێت: "ڕاپۆرتی شه‌ش مانگی و ساڵانه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم و ئه‌و كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تیه‌ پێشكه‌ش به‌وه‌زاره‌تی دارایی عێراق ده‌كرێت".

له‌ به‌شێكی‌ تری‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا سۆران عومه‌ر نووسیویه‌تی‌: "لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌ هه‌ردوولا پێك ده‌هێنرێ بۆ پێداچونه‌وه‌ به‌ كه‌رتی نه‌وت و غازی هه‌رێم له‌ڕابردودا ڕاپۆرتی خۆیان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن بۆ تێڕوانینێكی هاوبه‌شی ده‌ستوری تاكو پاكتاوی ئه‌و قۆناغه‌ی ڕابردوی كه‌رتی نه‌وتی هه‌رێم بكه‌ن. ئه‌مانه‌ش هه‌موو جێبه‌جێ ده‌كرێ تاكو ده‌رچونی یاسای نه‌وت و گازی عێراق".

سۆران عومه‌ر راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "هه‌ر ناكۆكیه‌كیش له‌سه‌ر ماف و شایسته‌ و پابه‌نده‌كان له‌م یاسای بودجه‌دا له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا دروست بوو لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش پێكده‌هێنرێت، له‌ماوه‌ی 30 ڕۆژدا ڕاپۆرتی خۆیان به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ سه‌رۆك وه‌زیران تاكو بڕیاری پێویستی له‌باره‌وه‌ بدات".


PM:05:49:18/03/2023


ئه‌م بابه‌ته 1464 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت