ترەمپ لە ماوەی سەرۆکایەتیدا بە بەهای 250 هەزار دۆلار دیاری لە سەرکردەکانی جیهانەوە وەرگرتووە


وێستگەنیوز_

ئەندامانی دیموکراتەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا رایدەگەیەنن، دۆناڵد ترەمپ، لەماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا زیاتر لە 100 دیاری لەلایەن سەرکردەکانەوە پێشکەش کراوە کە بەھاکەیان زیاتر لە 250 ھەزار دۆلار بووە، بەڵام بەھیچ شێوەیەک ئەو دیارییانەی بۆ حکومەتی ئەمریکا ئاشکرانەکردووە "ئەوەش پێچەوانەی یاسایە".

بەپێی زانیارییە میدیاییەکانی جیهان، راپۆرتێک بڵاوکراوەتەوە کە ئەندامانی دیموکراتەکان لە لیژنەی چاودێری ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ئامادەیان کردووە و تێیدا هاتووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لەنێوان ساڵانی 2017 تاوەکو 2020، کاتێک سەردانی وڵاتانی جیھانی کردوە، 117 دیاری پێشکەش کراوە لەوانەش شی جین پینگ، سەرۆکی چین و محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەشکراوە، بەھای ئەو دیارییانەی پێشکەش بە دۆناڵد ترەمپ و ئەندامانی خێزانەکەی کراون، دەگاتە نزیکەی 250 ھەزار دۆلار و ئەوان ئەو دیارییانەیان ئاشکرانەکردووە کە بەگوێرەی یاسای دەبوایە حکومەتی ئەمریکا ئاگاداری ئەو دیارییانە بوایە.

لە راپۆرتەکەدا پرسیاری ئەوە کراوە، "بۆچی ترەمپ بەھیچ شێوەیەک باسی ئەو 17 دیارییەی نەکردەوە کە بەبەھای 48 ھەزار دۆلار لەلایەن سعوودیەوە پێشکەشی کراوە؟ دەشپرسێت ئایا پێشکەشکردنی ئەو دیاریانە کاریگەری ھەبووە لەسەر سیاسەتی ئەمریکا لەو کاتەدا بەرامبەر دۆسییەیەکی دیاریکراو.؟"

هاوکات،  ترەمپ ئەو دیارییانەی بۆ حکومەت ئاشکرانەکردووە کە لە سعودیە، ژاپۆن، ھیندستان و چین وەریگرتوە، بەڵام راپۆرتەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەڵێت، "تا ئێستا ھیچ بەڵگەیەک نییە کە وەرگرتنی ئەو دیارییانە کاریگەری لەسەر سیاسیەتی ئەمریکا دروستکردبێت."


PM:12:00:18/03/2023


ئه‌م بابه‌ته 1236 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت