هه‌سه‌ده راگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی هه‌لیكۆپته‌ره‌كه‌ی دهۆك بڵاوكرده‌وه
وێستگه نیوز-
هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده) رایگه‌یاند، دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر دوو هه‌لیكۆپته‌ر كه نۆ ئه‌ندامی هێزه‌كانی دژه‌تیرۆری رۆژئاڤای تێدابووه له دهۆك كه‌وتونه‌ته‌خواره‌وه و له ئه‌نجامدا نۆ ئه‌ندامی دژه‌تیرۆر گیانیان له‌ده‌ستداوه، داواش له حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كات هاوكار بێت له گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كانیان بۆ باكور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا.
ئه‌مڕۆ هه‌ینی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات "هه‌سه‌ده" له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه "له چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌كانی تایبه‌ت به رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش و هه‌ماهه‌نگییان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانیان بۆ ئاڵوگۆڕی ئه‌زمون و زانیاری، رۆژی 15ی ئه‌م مانگه نۆ ئه‌ندامی هێزه‌كانی دژه‌تیرۆری رۆژئاڤا (YAT) به دوو هه‌لیكۆپته‌ر ویستویانه به‌ره‌و شاری سلێمانی له هه‌رێمی كوردستان بڕۆن ".
هه‌سه‌ده ده‌ڵێت: "له رێگه‌ی گه‌شته‌كه‌یاندا له دهۆك هه‌ردوو هه‌لیكۆپته‌ره‌كه به‌هۆی خراپی كه‌شوهه‌واوه كه‌وتونه‌ته‌خواره‌وه".
وتیشی: "له ئه‌نجامدا نۆ ئه‌ندامی دژه‌تیرۆر گیانیان له‌ده‌ستداوه، یه‌كێك له‌وانه‌شی شه‌هیدبوه شه‌ڕڤان كۆبانێ، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی دژه‌تیرۆره".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه هێزه‌كانی دژه‌تیرۆری رۆژئاڤا (YAT) رۆڵێكی گه‌وره‌یان گێڕاوه له شه‌ڕی دژی داعش له كۆبانێ، ره‌ققه و دێره‌زور و هاوبه‌شی سه‌ره‌كی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تین له دژی داعش، بۆیه به‌رده‌وام هه‌وڵیان داوه ئاڵوگۆڕی ئه‌زموون و زانیاری‌یان له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م هێزه‌كانی دژه‌تیرۆری ناوچه‌كه هه‌بێت".
هه‌سه‌ده راشیگه‌یاندووه كه "له‌كاتێكدایه سه‌ره‌خۆشی له هێزه‌كانی سوریای دیموكرات، خێزانی شه‌هیده‌كان و رۆڵه‌كانی گه‌لی سوریا ده‌كه‌ن، جه‌ختیش له‌سه‌ر به‌رده‌وامی به‌رگریكردن له خاكی باكور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا له دژی تیرۆر ده‌كاته‌وه".
هه‌سه‌ده داواش له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات هاوكار بێت بۆ گواستنه‌وه‌ی ته‌رمی شه‌هیده‌كان بۆ رۆژئاڤای وڵات و به‌گوێره‌ی رێكاره یاساییه‌كان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكات.
PM:05:18:17/03/2023
ئه‌م بابه‌ته 3876
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت