مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌كانی ئه‌یلول و گوڵان رێكده‌خرێته‌وه‌

‌چەند پێشمەرگەیەکی شۆڕشی ئەیلول. وێنە: ئەرشیڤ

وێستگه‌نیوزـ

بەرپرسی دەزگای باڵای ئەیلول و گوڵان ئاشکرای کرد، لە رێگەی فۆرمێکەوە پێداچوونەوە بە فایلی پێشمەرگەکانی ئەیلول و گوڵان دەکرێت و مووچەکانیان رێکدەخرێتەوە بە شێوەیەک دوای مردنیان مووچەکانیان بەردەوام بێت.

عەبدولڕەحمان مەلا رەسوڵ، بەرپرسی دەزگای باڵای ئەیلول و گوڵان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاند: "ژمارەیەکی بەرچاو لە پێشمەرگەکانی ھەردوو شۆڕشی ئەیلول و گوڵان ناویان لە دەزگای باڵا تۆمار کردووە و بەداخەوە بەھۆی تەمەنەوە ژمارەیەک لەو پێشمەرگانە لە ژیاندا نەماون، بەڵام ئێمە دەست لە خێزانەکانیان بەرنادەین و بەردەوام بەدواداچوون بۆ کەسوکاریان دەکەین و ئەوانەی پێشتر لە مووچە سوودمەند بوون، ھەوڵ دەدەن دوای کۆچی دوایی خێزانەکانیان سوودمەند بن و مووچەکانیان بەردەوام بێت''.

بەرپرسی دەزگای باڵای ئەیلول و گوڵان وتی: "بە گوێرەی رێنماییی حکومەتی ھەرێمی کوردستان مووچەی پێشمەرگەی ئەیلول و گوڵان رێکدەخرێت و ئێستا خەریکی رێکخستنەوەی فایلی پێشمەرگەکانین و لە رێگەی فۆرمێکی تایبەتەوە و زانیارییەکان تۆمار دەکرێن، زانیاریی وردی دەربارەی ھەر پێشمەرگەیەک تێدایە''.

عەبدولڕەحمان مەلا رەسوڵ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول و گوڵان چ ئەوانەی لە ژیاندا ماون و چ ئەوانەی نەماون لە ھەر شوێنێک پێویستیان بە ھاوکاریی دەزگا ھەبێت ئێمە لەگەڵیان دەبین لە بارەگای بارزانییەوە بگرە تا کۆتا فەرمانگەی حزبی و حکومی ئێمە پشتگیرییان دەکەین لە کاتی پێویست".

 


PM:03:31:17/03/2023


ئه‌م بابه‌ته 1192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت