پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق هۆکارێکی بەرزی نرخی دۆلاری ئاشکرا کرد


وێستگه‌نیوزـ

پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی بەشێک لە بازرگانان تا ئێستاش لە رێگەی سەکۆی ئەلیکترۆنییەوە دۆلار لە بانکی ناوەندی ناکڕن، بەهای دۆلاری بە بەرزی هێشتووەتەوە. دەشڵێت، "قەبارەی خواست لەسەر دۆلار هەرچەندێک بێت دەتوانین پڕی بکەینەوە".


عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق بە تەلەفیزیۆنی ئیخبارییەی فەرمی عێراقی راگەیاند، هەوڵدەدەن لە رێگەی هاندانی بازرگانەکانەوە بۆ کڕینی دۆلار لە رێگەی سەۆکی ئەلیکترۆنی و ئەو رێکارانەی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی فرۆشتنی دۆلار گیراونەتەبەر، ئەو بۆشاییەی هەیە کەمی بکەنەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی ئەوەی تا ئێستا بەشێک لە بازرگانان تا ئێستاش لە رێگەی سەکۆی ئەلیکترۆنییەوە دۆلار لە بانکی ناوەندی ناکڕن، بەهای دۆلاری بە بەرزی هێشتووەتەوە.

وتیشی: "قەبارەی خواست لەسەر دۆلار هەرچەندێک بێت دەتوانن پڕی بکەنەوە".

پێشتر، عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق لەمیانەی بەشداریکردنی لە دوەمین رۆژی دیداری سلێمانی پانێڵکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەکرد، زۆر رێکاریان لەبەردەمە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ناجێگیری نرخی دۆلار بەرامبەر دینار، بەڵام نایانەوێت رێکارەکان مەترسی لەسەر پارەی نەختینەیی و بازار دروست بکات.

ئەوەشی خستەڕو، دۆخی عێراق لە روووی داراییەوە دۆخێکی تایبەتە، چونکە ئەو پارە یەدەگەی هەیەتی لەلایەن وڵاتێکی دیکەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت و ئەو بڕیار دەدات عێراق چەند دۆلار بخاتەبازار و چۆن بیفرۆشێت، لەگەڵ ئەوەشدا بانکی ناوەندی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ کاردەکات بۆ ئەوەی نرخی دۆلار جێگیر ببێت و مامەڵەکردنیش بە دراوی نەختینەیی کەمبکرێتەوە.

پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق وتیشی: "لەئێستادا بانکی ناوەندی هەوڵەکانی چڕکردوەتەوە بۆ ئەوەی مامەڵەکردن بە دراو بکرێت بە کارتی بانکی و لە هەموو مامەڵەکانی ناوخۆی عێراقیشدا تەنها دینار بەکاربهێنرێت نەک دۆلار، بەڵام بۆ مەبەستی بازرگانی دەرەوە و گەشتیاری دۆلار بە نرخی فەرمی دەدرێت بە عێراقییەکان و لەم بوارەدا هیچ کێشەیەکیان نییە".

ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا بەهۆکاری ئەوەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا چەنک بانکێکی عێراقی بلۆک کرد و بانکی ناوەندیش سەکۆیەکی ئەلیکترۆنی بۆ فرۆشتنی دۆلار کردەوە، نرخی دۆلار بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووە و نرخی 100 دۆلار 170 هەزار دیناری تێپەڕاند. دوابەدوای ئەوەش، بانکی ناوەندی چەند رێکارێکی بە ئامانجی سەقامگیر کردنی نرخی دۆلار و ئاسانکاری فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران و بازرگانان و کۆمپانیاکانی کڕین و فرۆشتنی دۆلارگرتە بەر.


AM:11:17:17/03/2023


ئه‌م بابه‌ته 8944 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت