ئایا ژاپۆن بەرەو لەناوچوون دەڕوات؟


وێستگەنیوز_

ساڵی 2022 ژمارەی دانیشتووانی سەر گۆی زەویی گەیشتە 8 ملیار کەس، ئەمە بۆ زۆرینەی ڕەهای دانیشتووانی جیهان هەواڵێکی خۆش نەبوو، چونکە هەموو زیادبوونێکی ژمارەی دانیشتووان زەنگێکی مەترسییە و بە گوێی مرۆڤەکاندا لێ دەدرێت، زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان لەگەڵ خۆیدا بیرۆکەی قاتوقڕیی و برسێتیی و جەنگ و نەمانی شوێنی نیشتەجێبوون دەهێنێت.

بەڵام پێچەوانەی ئەم زیادبوونە گشتییەی دانیشتووانی سەر زەوی، هەندێک جوگرافیا و بە دیارییکراوییش هەندێک وڵات هەن کە بە دەست کەمبوونەوەیەکی کوشندە و مەترسیداری ژمارەی دانیشتووانەوە دەناڵێنن، لە سەرووی هەمووشیانەوە ژاپۆن هەیە، ئەو وڵاتەی کە هەندێک پێیان وایە سەر بە هەسارەیەکی دیکەیە، وڵاتی زانست و تەکنەلۆژیا، وڵاتی ئەو مرۆڤانەی کە لە پەروەردە و زانست و ئیش و ڕەفتار و ئەدەبدا نموونەیەکی تایبەت و سەرنجڕاکێشن. 

هۆشدارییەکانی پووکانەوەی ژاپۆن و نەمانی گەلێک بە ناوی گەلی یابانەوە زۆر و زەبەندەن، بەڵام دواهەمینیان ئەوە بوو کە ئیلۆن ماسک بەڕێوەبەری کۆمپانیای سپەیس ئێکس و ملیاردێری بەناوبانگی ئەمریکیی بە ڕووی جیهاندا تەقاندییەوە، ئیلۆن ماسک سەرەتای مانگی 3ـی 2023؛ لە تویتێکدا نووسی: "ئەگەر لە ژاپۆن شتێک ڕوو نەدات کە وا بکات ژمارەی لەدایکبووان زۆرتر بێت لەوانەی دەمرن؛ سەرەنجام ئەو وڵاتە لەناو دەچێت و ئەوەش خەسارەتێکی مەزنە بۆ هەموو جیهان". ماسک هۆشداریی دا لەوەی کە ئەو چارەنووسەی یابان تەنیا پەیوەست نییە بە یابانەوە و "هەموو جیهانیش بەرەو ئەو چارەنووسە دەڕوات".

ئیلۆن ماسک ئەوە دووەم جارە هۆشداریی دەدات لەبارەی چارەنووسی ژاپۆن و لەناوچوونیەوە، ئەمجارەیان دوای ئەوە هات کە وەزارەتی تەندرووستیی یابان ئامارێکی سەرەتایی سەبارەت بە لەدایکبووانی ساڵی 2022 بڵاو کردەوە کە ڕۆژانە لە سەرتاسەری ژاپۆن تەنیا 800 منداڵ لەدایک بوون، ئەوەش نزمترین ئاستی لەدایکبوونە لەوەتەی لە ساڵی 1899ـەوە ئامارەکانی لەدایکبووان و مردن لەو وڵاتە تۆمار دەکرێن.

کێشەی کەمبوونەوەی دانیشتووانی ژاپۆن، کێشەیەکی گەورەی ئەو وڵاتەیە، حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئەو وڵاتە دەیان پرۆژە و سیاسەتی نوێ و هەنگاویان گرتۆتە بەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی و بەڵام نەک نەیانتوانیوە بیوەستێنن بەڵکو هەتا دێت ئاستی لەدایکبووان و مردن لاسەنگتر دەبێت بە لای تای مردوواندا و ئەوەش وای کردووە کە زوو زوو پسپۆڕان و ئەوانەشی کە ئاگاداری ئەو دۆخەن هۆشداریی نەمانی گەلێک بە ناوی گەلی یابانەوە بدەن. 

سەرچاوە: nippon.com


PM:12:50:14/03/2023


ئه‌م بابه‌ته 6660 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو