كورتكراوهی رهشنووسی پڕۆژه یاسای بودجهی عێراق بۆ ساڵی 2023
وێستگهنیوزـ
له رهشنووسی پڕۆژه یاسای بودجهی 2023ی عێراق كه رۆژی دووشهممه 13ی ئازاری 2023، له لایهن ئهنجومهنی وهزیرانی عێراقهوه پهسهند كراو رهوانهی پهرلهمان كرا بۆ گفتوگۆو پهسهند كردنی، رووبهڕووی چهند ئاڵنگارییهك دهبێتهوه كه سهرهكی ترینی بابهتی نرخی نهوته، كه ههركات له جیهاندا خواست لهسهر نهوت كهم بوهوه، ئابووری عێراق یهكهم زهرهرمهند دهبێت.
رەشنووسی پرۆژە بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی 2023 کە بە ناونیشانی (بیان الموازنه الاتحادیه لسنه 2023) لە لایەن وەزارەتی دارایی و بە ناوی طەیف سامی محەممەد؛ وەزیری دارایی عێراق بڵاوکراوەتەوە، لە پێشەکییەک و پێنج بەش بپێک هاتووە و هەر بەشێکیش چەند لقێکی لێ بۆتەوە.
لە بەشی یەکەمدا بنەماکانی ئامادەکردنی ئەو پرۆژەیە ئاماژەیان پێ دراوە، کە بریتیین لە بنەما دەستووریی، یاسیایی، ئابووریی، نەختینەیی، سیاسیی، کارگێڕیی، شەفافیی و کۆمەڵایەتییەکان، هەر یەکێک لە بنەماکانیش ڕاڤە کراوە، یەکێک لە بنەما هەرە سەرەکییەکانی بودجەکەش بریتییە لە بەرنامەی ئەم حکومەتەی محەممەد شیاح سوودانی کە بەرهەمی هاوپیەمانێتییەکەی شیعیی-سووننیی-کوردییە.
لە بەشی دووەمدا ئاماژە بە گرنگترتن ئاڵنگارییەکانی بەردەم جێبەجێکردنی ئەم پرۆژە بودجەیە کراوە، کە گرنگترینیان بریتیین لە:
- ئامادەگیی رەهەندەکانی شلۆقیی و ناجێگیریی سیاسیی لە ناوخۆ و دەرەوە کە وایان کردووە رههەندی نەرێنیی بن و فشاری نەرێنییش بخەنە سەر دۆخی ئابووریی و دارایی وڵات.
- ناجێگیریی نرخی دیناری عێراقیی بەرانبەر دۆلار و هەموو ئەوەی پەیوەستە بەم هەڵبەز و دابەزەی نرخی دیناری عێراقییەوە.
- داهاتی نانەوتیی بە هۆی کەمیی وزەی کارەبا و دەگمەنیی سەرچاوەکانی ئاو و سنوورداریی دەستڕاگەیشتن بە دڵنیایی و دۆخی ئەمنیی و ئاڵنگارییەکانی بازاڕ و ژینگەی کارەوە هەر بە سنوورداریی دەمێنێتەوە.
- گەورەترین ئاڵنگاریی و مەترسیی ئابوورییش بریتییە لە گرێدراوی ئەم ئابوورییە بە نرخی نەوتەوە، چونکە هەر کات بازاڕی جیهانی خواستی لەسەر نەوت کەم بووەوە ئابووری عێراق یەکەم زیانمەند دەبێت، هەربۆیە زۆر گرنگە وەکو ئەوەی لە بەرنامەی ئەم حکوومەتەدا ئاماژەی پێ دراوە، لەماوەی سێ ساڵدا پشتبەستن بە داهاتی نەوت بهێنرێتە خوارەوە بۆ ئاستی 80٪.
- ئاڵنگارییەکی دیکە هەر پەیوەستە بە نرخی نەوتەوە، ئەویش ئەگەر سزا بەسەر کۆمپانیا بەرهەمهێنەکانی نەوتی رووسی لە عێراق بسەپێنرێت، یان شەپۆلێکی دیکەی کۆڤید 19 بڵاوبێتەوە، یاخود بەرمەبنای جێبەجێکردنی ستانداردە جیهانییەکان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گەرمبوونی زەوی و گۆڕانی کەشوهەوا پشتبەشتن بە نەوت کەمبکرێتەوە، هەموویان گورزی پشتشکێن دەبن لە ئابووریی پشتبەستووی عێراق بە داهاتی نەوت.
- ئاڵنگارییەکی دیکە پەیوەستە بە لاوازیی و خراپیی سیستمی نەختینەیی عێراق، کە توانای دابینکردنی سیولەی نەختینەیی بۆ چالاکییە ئابوورییەکان زۆر سنووردارە، بە گشتیی و لە هەموو روویەکەوە ئەم سیستمە نەختینەیییە کێشەیەکی گەورەیە لەبەردەم ئەم پرۆژە بودجەیەدا.
- بەردەوامیی لاوازیی و کەمیی سەرچاوەکانی داهاتی دیکە وەکو باج و گومرگ، لەکاتێکدا ئەو دوو داهاتە دەکرێت هێزێکی گەورە بە داهاتی عێراق ببەخشن، هەر بۆیە داوا کراوە کە بە زووترین کات ڕسوماتی گومرگیی یەکگرتوو لە هەموو دەروازە سنوورییەکان جێبەجێ بکرێت.
- کاریگەرییە خراپەکانی دواکەوتن و نەبوونی بودجە لە ساڵانی 2020 و 2022 کە هەموو ئاکامە نەرێنییەکانی هاتوونەتە ئەم ساڵەوە، کە بڕێکی زۆر لە پابەندیی دارایی و نەختینەیی تێدایە هەر لە قەرز و شاییستەی دارایی و بابەتی دیکە.
- تەواوکردنی پرۆسەی چاکسازیی لە بواری دارایی و ئابووریی و بەتایبەتیی لە سەرلەنوێ رێکخستنەوەی هەیکەلی کارگێڕیی هەردوو بانکی ڕەشید و رافیدەین و باقیی بانکە حکومییەکانی دیکە، ئەویش بۆ ئەوەی سەرمایەی ئەو بانکانە زۆرتر بکرێت و کەرتی بانکی ببووژێتەوە.
- دۆزینەوەی چارەسەرێکی دەستووری بۆ ئەو ناکۆکییە دارایییانەی کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەن،
لەسەر بنەمای بڕینی بودجە سیادییەکان، داهاتی نەوت و گومرگ و هەر پابەندییەکی دیکەی کە هەرێم لە هەمبەر حکوومەتی فیدڕاڵییدا هەیەتی.
- دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ پرۆژە گەورەکانی وەکو بەندەری فاو، هێڵی شەمەندۆفێری هەڵواسراوی بەغدا، شیرینکردنی ئاو لە بەسڕە و هەموو ئەو پرۆژە وەستاوانەی دیکە کە پێویستیان بە بودجە هەیە بۆ سەرلەنوێ بەگەڕخستنەوە.
PM:12:07:14/03/2023
ئهم بابهته 972
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت