ئه‌و كچه‌ گه‌نجه‌ی وایكرد هەموو کۆمپانیا گەورەکانی بواری تەکنەلۆجیا بە خۆیاندا بچنەوە


وێستگه‌ نیوزـ

ماوەی چەند مانگێکە، ڕۆبۆتێکی دیالۆگکار بە ناوی چات جی پی تی (ChatGPT) بە جیهانی تەکنەلۆجیادا بڵاو بۆتەوە، کە بە بڕوای زۆرینەی شارەزایان شۆڕشێکی دیکەیە لە هەناوی شۆڕشی ژیریی دەستکرددا، هەندێک دڵخۆش و هەندێک سەراسیمە و هەندێکی دیکەشی تۆقاندووە.

ئەوانەی بەکاریان هێناوە، یان لەبارەیەوە خوێندوویانەتەوە دەزانن کە چات جی پی تی، ڕۆبۆتێکی ژیرە، هەرچییەکی لێ بپرسیت وەڵامت دەداتەوە، جاران ئەگەر لە تۆڕی ئینتەرنێتدا بۆ وەڵامی پرسیارێک یان زانیاریی دەربارەی پرسێک بگەڕایتایە، لە وێبگەڕەکاندا (کە بەهێزترینیان گووگڵ سێرچە) وشەیەک یان پرسیارێکت دەنووسیی، ئەویش کۆمەڵێک بەستەر و لینک و ژمارەیەکی زۆر وتار و بابەتی دەخستە بەردەست و تۆ دەبوو لەناو ئەو بەستەر و لینکانەدا بۆ وەڵامەکەت بگەڕایتایە و هەندێکجار وەڵامێکی دڵنیاکەریشت دەست نەدەکەوت.

بەڵام بە هاتنی (چات جی پی تی)، خۆری ئەو وێبگەڕانە کز بوو، چونکە (چات جی پی تی)، ڕاستەوخۆ وەڵامت دەداتەوە، ئەوە ڕاستە کە وەڵامەکان هەندێکجار کێشەیان هەیە و زۆر ورد نیین، بەڵام زۆرینەی ڕەهای ئەوەی داوای لێ دەکەیت دەیخاتە بەردەستت، ئەو وەکو ئینسایکلۆپێدیایەکی زیندوو هەر شتێکی لێ بپرسیت دەسبەجێ پێت دەڵێت، ئەمەش پێشکەوتنێکی سەرسووڕهێنەر و ڕاچڵەکێنەر بوو، بە جۆرێک وای کرد هەموو کۆمپانیا گەورەکانی بواری تەکنەلۆجیا بە خۆیاندا بچنەوە.

هەمووان کۆکن لەسەر ئەوەی چات جی پی تی، پەرجوویەکی تەکنەلۆجییە، جا بە باری ئەرێنیدا بێت یان نەرێنی، بە گشتیی هەموان باسی ئەم داهێنراوە تازەیەیان دەکرد، بەڵام کەمتر بە لای داهێنەرەکەیدا دەچوون، کەس ئاگای لەوە نەبوو کە کچێکی گەنج کە لە کۆتاییەکانی دەیەی سێیەمی تەمەنیدایە ئەم ڕۆبۆتە هۆشمەندەی درووست کردووە.

میرا مۆراتی، ٣٥ ساڵ، داهێنەری چات جی پی تی، بەپێی پەسندانی گۆڤاری فاست کۆمپنی (Fast Company) ئابووریی، هەنووکە یەکێکە لە بەرچاوترین ژنەکانی بواری داهێنانی تەکنەلۆجیا و ژیریی دەستکرد، مۆراتی ئێستا بەڕێوەبەری بەرپرسانی تەکنەلۆجیایە لە کۆمپانیای (OpenAI) ئەو کۆمپانیا تازەدامەزراوەی کە (چات جی پی تی)ـی داهێنا.

مۆراتی لە ئەلبانیا لەدایک بووە و یەکێکە لە پەرەپێدەرە سەرەتاییەکانی کۆمپانیای تێسلا، ئەو بوو کە سەرکردایەتیی پەرەپێدانی مۆدێلی (X)ـی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی تێسلای کرد، بە پێی هەژمارەکەشی بێت لە پێگەی لینکدئین، لە ساڵی ٢٠١٨ەوە چۆتە کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای (OpenAI) و لەو کاتەوە لەوێ کار دەکات.

میرا، ئەوکاتەی لە ساڵی ٢٠١٣ لە تێسلا دەستیدایە کارکردن، بایەخی بە ژیریی دەستکرد دا، لەو دەمەدا کۆمپانیاکە تەرزە سەرەتاییەکانی (Autopilot)ـی بڵاو دەکردەوە کە پرۆگرامێکی تایبەتە بە هاریکارییکردنی شۆفێران و بە ژیریی دەستکرد پاڵپشتیی کراوە.

مۆراتی ساڵی ٢٠١٦ چووە کۆمپانیای (Leap Motion) و وەکو جێگری سەرۆکی بەرهەم و ئەندازەکاریی دەستبەکار بوو، لەوێ لەسەر سیستمی واقیعی سەرخراو (Augmented Reality) کە داهێنانێکی نوێیە بۆ ئەوەی جێی دوگمەکانی کرتاندن بگرنەوە، کاری دەکرد.

ئەو بە گۆڤاری (Fast Company) وتووە کە هەمیشە خەونی بووە وا بکات کارلێکی مرۆڤ و کۆمپیوتەر شتێکی ئاسایی بێت وەکو یارییکردن بە تۆپ. دوو ساڵ دواتر و لە ٢٠١٨دا، مۆراتی پەیوەندیی کرد بە کۆمپانیای (OpenAI)ـەوە بووە سەرپەرشتیاری پرۆژەکانی (ChatGPT) و (Dall-E).

ئەوەی لەبارەیەوە زانراوە ئەوەیە کە مۆراتی تەنیا سەرقاڵ نییە بە پەرەپێدانی تەکنەلۆژیاوە، بەڵکو زۆر بایەخ بەوە دەدات کە بنەما یاسایی و تەنانەت ئاکارییەکانی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکردیش گەڵاڵە بکرێن، یەکێک لەو بنەما ئاکارییانەی کە مۆراتی باوەڕی پێیانە و کاری لەسەر دەکات بریتییە لە فەراهەمکردنی ژیریی دەستکرد بۆ هەمووان بە یەکسانیی و بۆ هەموو خەڵک بە گشتیی، لەکاتێکدا کۆمپانیاکانی وەکوو گووگڵ و بیدۆ پرۆژە و داهێنانەکانیان بە نهێنیی دەهێڵنەوە و ناهێڵن بگاتە دەستی هەمووان.

بەپێی گۆڤاری فاست کۆمپنی؛ مۆراتی وتوویەتی کە درووستکردنی ژیریی دەستکردی گشتگیر (AGI) تەنیا لە جوغزی تاقیگەدا، وا دەکات کە ڕاچڵەکاندنە کۆمەڵایەتییەکەی زۆر توندتر بێت کاتێک بۆ دواهەمینجار بڵاو دەکرێتەوە. لە لایەکی دیکەوە، بەپێی لێدوانێکی بۆ گۆڤاری تایم (Time) مۆراتی پشتگیریی ئەوە دەکات کە یاسای ڕێکخەر بۆ پەرەپێدان و بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد گەڵاڵە بکرێن.


PM:08:54:13/03/2023


ئه‌م بابه‌ته 1992 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو