سەرۆکی دەزگای دادی ئێران: لە ماوەی نارەزایەتییەکاندا 22 هەزار کەس دەستگیرکراون


وێستگەنیوز_

ئەمڕۆ دووشەممە 13ـی 3ـی 2023، سەرۆکی دەزگای دادی ئێران ئاشکرایکرد، لە کاتی بەرێوەچوونی خۆپیشاندانەکان و نارەزایەتییەکاندا، 22 هەزار کەسیان دەستگیرکردووە.

بەپێی هەواڵێکی میدیای ئێران، غوڵامحوسێن موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەزگای دادی ئێران لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی ئەو وڵاتە رایگەیاندووە، زیاتر لە 82 هەزار و 656 دەستبەسەرکراو و سزادراو بەر لێخۆشبوونی گشتی کەوتوون کە 22 هەزار و 628 کەسیان لە ماوەی ناڕەزاییەکاندا دەستبەسەرکرابوون.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەشێک لەوانەی لە ناڕەزاییەکاندا دەستبەسەرکرابوون و بەر لێخۆشبوونی گشتی کەوتوون، سزا درابوون و بەشێکی دیکەشیان پێش ئەوەی سزا بدرێن، بەخشراون.
 
لێخۆشبوون لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزاییەکان مەرجدار بوو؛ ئەو کەسانەی بە کوشتن و بریندارکردنی هێزەکانی ئێران، چالاکیی چەکداری دژ بە دەسەڵات، هێرشکردن و ئاگرتێبەردانی دامودەزگا حکومی و سەربازییەکان و پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دیکە تۆمەتبار کراون، بەر لێخۆشبوون نەکەوتوون.
 
سەرۆکی دەزگای دادی ئێران ژمارەی تەواوی دەستبەسەرکراوانی ناڕەزاییەکانی رانەگەیاند، بەڵام ژمارەی ئەو دەستبەسەرکراوانەی ناڕەزاییەکان کە بەر لێخۆشبوونی گشتی کەوتوون زیاترە لەو ئامارانەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەبارەی ژمارەی دەستبەسەرکراوانی ناڕەزاییەکان بڵاویانکردووەتەوە. 
 
بەپێی مەزندەی کۆمەڵەی چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە ئێران، "19 هەزار و 763 کەس دەستبەسەرکرابوون و ناوی پێنج هەزار و 208 کەسیان بڵاوکراوەتەوە."


PM:03:38:13/03/2023


ئه‌م بابه‌ته 620 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت