وەزارەتی بازرگانی عێراق: لە رەمەزاندا بەشەخۆراک دابەشدەکەین؛ هێلکە و ئاردی سفری تێدایە


وێستگەنیوز_

وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عیراق رایگەیاند، لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا بەشەخۆراکی مانگانە دابەشدەکەن کە لە ناویدا هێلکە و ئاردی سفری تێدایە.

ئەمرۆ شەممە 11ـی 3ـی 2023، محەممەد حەنون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی بە میدیای فەرمی عیراقی راگەیاند، وەزارەت ئامادەکاری دەکات بۆئەوەی گەڕی سێیەمی دابەشکردنی ئارد پێش هاتنی مانگی رەمەزان دەستپێبکات. 

ئاماژەی بەوەشکرد، لەهەمان کاتدا وەزارەت هەوڵدەدات فڕنەکانی کازمییە بخاتەوەگەڕ و بڕیاری زیادکردنی چەند ماددەیەکی خۆراکی بۆ سەبەتەی خۆراکی مانگی رەمەزان دراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیازێکی وەزارەتی بازرگانییان پەسەند کردووە کە داواکراوە چوار ماددەی خۆراکی بۆ بەشەخۆراکی مانگی رەمەزان زیادبکرێت کە ئەوانیش بریتین لە "نیو کیلۆگرام نیشاستە، یەک کیلۆگرام شعریە، پێنج کیلۆگرام ئاردی سفر لەگەڵ یەک تەبەق هێلکە" بۆ هەر خێزانێک زیاد بکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، بەر لەهاتنی مانگی رەمەزان وەزارەتی بازرگانی لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق لە رێگەی بازاڕگەرییەوە ئامادەکاری بۆ فرۆشتنی ماددە خۆراکییەکان دەکات.

ئەوەش لە کاتێکدایە، وەزارەتەکە لەماوەی رابردوودا رایگەیاندبوو، کە رێگری لە گرانفرۆشی لە مانگی رەمەزاندا دەکەن و سزای هەر کەسێک دەدەن نرخی خۆراک و شتومەک زیادبکات.


PM:02:33:11/03/2023


ئه‌م بابه‌ته 5708 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت