بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و جەنگی ئۆکرانیا و قەیرانەکانی وشکەساڵی


وێستگه‌ نیوزـ

پاش ساڵێک لە هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، جیهان دووبارە بە رژدییەوە دەڕواننە کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو جەنگە لەسەر ئاسایشی خۆراک و زنجیرەکانی دابینکردنی خۆراک و پێداویستییە هەنووکەییەکان. 

بەپێی ڕێکخراوە جیهانییەکانی فریاگوزاری کاریگەرییەکانی شەڕی ڕووسیا لە ئۆکرانیا هێشتا هەستیان پێدەکرێت و وەکخۆیان ماون، بەتایبەتی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک لە ناوچە هەژارنشین و کەمدەرامەتەکانی جیهاندا. دوای ساڵێک لە هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، هێشتا پاشەکشێ لە سەرانسەری جیهاندا لەئارادایە، بەتایبەتی لە بازاڕەکانی کاڵاکانەوە تا بازاڕە ناوخۆییەکان. 

بە ڕای شارەزایان تێچووی ئامادەکردن و گواستنەوەی خواردنە سەرەکییەکان، سووتەمەنی و پێویستی کشتوکاڵی تێکڕا کاریگەری گەورەیان دروستکردووە لەسەر برسێتی لە جیهاندا و بەرەو خراپتر دەڕوات، کە خۆی لەخۆیدا بەهۆی پەتای کۆڤید-19ەوە لەساڵی 2019 ەوە تا ئەم سەروەختە کاریگەرییە نەرێنییەکانی هێشتا ئامادەگیان هەیە. 

بەپێی ئامارەکان زیاتر لە 140 ملیۆن کەس لە ساڵی 2022 دا پشتیان بە هاوکارییەکانی بەرنامەی خۆراکی جیهانی بەستبوو، کە بەرزترین ئاستی تێپەڕاندووە. ئەمەش لەو رێژە پێوانەییە بەرزترە کە بەرنامەی جیهانی خۆراک لە ساڵی 2021 دا تۆماری کردبوو. 

لەوبارەیەوە سەرۆکی کاروباری ئابوری بەرنامەی خۆراکی جیهانی عارف حوسێن دەڵێت "کاتێک بەرنامەی خۆراکی جیهانی ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار دەکات، ئەوە شتێکی باش نییە بۆ جیهان، ئێمە ژمارەیەکی پێوانەیی لە دوای ژمارەیەکی پێوانەیی دیکە تۆمار دەکەین". 

بەڵام لەئێستادا جەنگ و پەتای کۆڤید تێکڕا قەیرانێکی ئاڵۆزی دروست کردووە، بۆ نموونە بەرهەمهێنانی خۆراک؛ وەک زەیت و گەنم و گەنمەشامی و گوڵەبەڕۆژەی ڕووسیا و ئۆکرانیا پێش جەنگ بەشێکی بەرچاوی بازاڕەکانی جیهانی دابین دەکرد. بەڵام لە ئێستادا کەمی و نەبوونی ئەو هەناردانە هاوسەنگی دابیکردنی خۆراکی لە جیهاندا تێکداوە. ئەوەمان بیرنەچێت بەشێکی زۆر لە خواردنە سەرەکییەکانی جیهان تەنها لە چەند شوێنێکەوە دابیندەکرێن و ڕەوانەی جیهان دەکرێن. 

بێجگە لەو دوو فاکتەری باسکران، شتێک کە پێش جەنگیش ڕوویدا، خراپی کەشوهەوای چەند وڵاتێکی هەناردەکار بوو. خراپی کەشوهەوا لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵی دوو کارەساتی دیکەی تربوون. ئەوەمان بیرنەچێت خراپی کەشوهەوا دەبێتە هۆی خراپبوونی بەرهەمەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخ. 

سەبارەت بە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک بە گشتی ڕاب ڤاس ئابوریناس لە پەیمانگای نێودەوڵەتی توێژینەوەی سیاسەتی خۆراک دەڵێت "ئەو بەرزبوونەوەیەی نرخی خۆراک کە لە مانگی 2 ی ساڵی ڕابردووەوە بینیمان، دوای ساڵێک هات لە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک بە گشتی. بۆیە، ئەوە بەرزبوونەوەیەک بوو لە سەرووی ئاستی بەرزبوونەوەی پێشووەوە." 

هاوکات بازاڕەکانی وزە لە سەرووی هەڵئاوسانی ئابوورییەوە لە بەرزبوونەوەدا بوون. لە ئێستاوە نرخەکان هەر لە بەرزبوونەوەدان، چونکە جیهان تا ڕادەیەک رزگاری بووە لە کۆڤید و لە قۆناغی ساڕێژبوونەودایە، لەبەرئەوە خواست و داواکاری لە زیادبووندایە. بەڵام شەڕەکەی ئۆکرانیا بازاڕەکانی نەوت و غازی هەژاند، چونکە ڕووسیا بەرهەمهێنەری سەرەکییە. 

دوو هاوکار بەدیاریکراوی بوونە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک. یەکەم؛ دروستکردن و گواستنەوەی خۆراک وزەی پێویستی دەوێت. دووەم: گازی سروشتی کلیلی دروستکردنی پێوانەی نایترۆجینە. پرۆسەکە وزەیەکی زۆری دەوێت، هەروەها گازی سروشتی وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی بەکاردەهێنرێت. 

هەروەها نرخی پێداویستییەکانی کشتوکاڵیش بەرزبووەوە، چونکە ڕووسیا و بیلاڕوس لە پێشەنگی دابینکەران بوون و هەردووکیان لە ژێر سزادان. 

  سەرۆکی ئابووری ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان ماکسیمۆ تۆرێرۆ لەو بارەیەوە دەڵێت "بەربەستەکانی بەردەم گواستنەوەی پەین لەگەڵ زیادکردنی غازی سروشتی نرخی پەینی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزکردەوە، کە لە بەرزترین ئاستدا چوار هێندە زیاتر بوو لە ساڵی پێشوو." بەو پێیە تێچووی زۆری دابینکردنی پەین و کاریگەرییەکانی شەڕەکە پاشەکشێی بە بواری کشتوکاڵی کردووە. واتە بەرهەمەکان تێچووی زیاتریان دەوێت بۆ گەشەکردن، لە دەرئەنجامدا جووتیاران کەمتر گەشە دەکەن. 

بەرپرسێک لە ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ ماکسیمۆ تۆرێرۆ دەڵێت "نیگەرانی سەرەکی لەدەرەوەی شەڕە بەرهەمی برنجە، ئەمەش دەرئەنجامێکە، دەرئەنجامێکی ناڕاستەوخۆی بەرزبوونەوەی نرخی پەینە بەهۆی شەڕەوە". 

چاندنی برنج بڕێکی زۆر لە پەینی دەوێت. نرخی برنج بەرز دەبێتەوە، چونکە جووتیاران بەرهەمیان کەمتر دەبێت. هاوکات کاریگەرییەکان هەر بەوەوە ناوەستێت. ڕاب ڤاوس لە دامەزراوەی نێودەوڵەتی توێژینەوەی سیاسەتی خۆراک دەڵێت "ئەو شوێنەی کە هەندێک کاریگەری زیاتری تیادا بەدیدەکرێت، هەرچەندە تێکڕای بەکارهێنانی پەین کەم بووە، لە ئەفریکایە." 

زۆرێک لە حکومەتەکانی ئەفریکای بیابان نشین پاڵپشتی تێچووی پێوانەی جووتیاران دەکەن. بەڵام ڤاوس دەڵێت حکومەتەکان توانای ئەوەیان نەماوە بەردەوام بن لە یارمەتییدانیان، کەواتە جووتیاران لە هەندێک وڵاتدا کە نائاسایشی خۆراکی درێژخایەنیان هەیە کەمتر گەشە دەکەن. هاوکات تێچووی زۆری پەین بەشێکە لە قەیرانێکی دیکە بۆ بەرهەمی پەلەوەر لەم وڵاتانەدا. 

ئەم حکومەتانە پێشتر قەرزێکی زۆریان گرتە ئەستۆ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پەتای کۆڤیددا. زیاتر لە نیوەی وڵاتانی کەم داهاتی جیهان لە لێواری نەدانی قەرزەکانیاندان، یان پێشتر ئەو کارەیان کردووە. بەهای دراوەکانیان لە دابەزیندایە، ئەمەش دۆخەکە خراپتر دەکات چونکە هەر شتێک هاوردە بکەن تێچووی زیاترە. 

لەوبارەیەوە سەرۆکی کاروباری ئابوری بەرنامەی خۆراکی جیهانی عارف حوسێن دەڵێت "ئەگەر وڵاتێکی هەژار بیت، ئەگەر قەرزێکی زۆرت هەبێت، ئەگەر بەڕێکەوت خۆراک و سووتەمەنی و پەین هاوردە بکەیت، هێشتا تووشی کێشەیەکی گەورە دەبیت". 

تێکڕا کاریگەری گەورەیان دەبێت لەسەر بەرزبوونەوەی نرخەکان لە بازاڕە ناوخۆییەکان، ئەمەش وا دەکات کە توانای کڕینی خۆراک قورستر بێت. 

ماکسیمۆ تۆرێرۆ لە ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ لەو بارەیەوە دەڵێت "تەنها بەهۆی شەڕی ئۆکرانیاوە ، 10.7 ملیۆن کەسی زیاترمان خستە سەر لیستەکە کە بە شێوەیەکی درێژخایەن دووچاری کەمخۆراکییان بوونەتەوە." 

بەرنامەی خۆراکی جیهانی دەڵێت 349 ملیۆن کەس لە 79 وڵاتدا لە کۆششدان بۆ بەدەستهێنانی خۆراکی پێویست و زیاتر لە 900 هەزار کەسیش لە برسێتی نزیکبوونەتەوە. هەرچەندە کەمێک نرخەکان پاشەکشەیان کردووە لە بەرزترین ئاستی ساڵی ڕابردوو. بەڵام نادڵنیاییەک هەیە لەو بارەیەوە، سەرۆکی کاروباری ئابوری بەرنامەی خۆراکی جیهانی عارف حوسێن دەڵێت "بەڵێ، نرخەکان لەسەر ئاستی جیهانی دادەبەزن، بەڵام نەخێر، ئەوە بەو مانایە نییە کە ژیان یەکلایی بووەتەوە و هەموو شتێک لەو وڵاتانەی کە ئێمە کاریان تێدا دەکەین زۆر باشە. بە دڵنیاییەوە ئێمە جارێ خۆمان دەربازنەکردووە لەو جەنگەڵانە." 

ئەو فاکتەرانەی قەیرانەکەیان دروست کرد تا ئێستاش هەرماون. چەند وڵاتێک بەشێکی زۆری خۆراک دابیندەکەن. کارەساتەکانی کەشوهەوا مەترسییەکی گەورەن. نرخی وزە هێشتا بەرزە. هاوکات شەڕی ئۆکرانیا هێشتا بەردەوامە. کەواتە ئایا جیهان دەتوانێت بەڕەنگاریی ئەو گرفتە گەورانە ببێتەوە، بەبێ ئاشتییەکی سەرتاسەری لە جیهاندا؟ جیهان چۆن دەتوانێت یارمەتی وڵاتە هەژارەکان بدات کە سەرچاوەیەکی سەرەکی خۆراکە سەرەکییەکان و وزەن لە جیهاندا لە کاتێکدا وشکەساڵی تەنگی بەو وڵاتانە هەڵچنیوە؟ ئایا دەتوانرێت چی بکرێت بۆ کۆتاییهێنان بەو هەموو قەیرانە ئابوری و کشتوکاڵی و برسێتییەی کە بەرۆکی جیهانی گرتووە؟

نوسینی/ ئاسۆ جەبار


PM:08:00:25/02/2023


ئه‌م بابه‌ته 2072 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت