‌ئەم رەمەزانە موعاویەی کوڕی ئەبوسوفیان چاوەڕێتانە


وێستگەنیوز- ماڵپەڕە ئەلەکترۆنییە عەرەبییەکان 

بە بودجەیەکی قەبە و ستافێکی گەورەی هەمەڕەنگی پێکهاتوو لە ئەکتەرانی سەرانسەری نیشتیمانی عەرەبی، بڕیارە زنجیرە درامایەکی ٣٠ ئەڵقەیی لەبارەی موعاویەی کوڕی ئەبوسوفیان درووست بکرێت، سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە عەرەبستانی سعودیی لە ڕێی کەناڵی ئێم بی سییەوە ئەم کارە هونەرییە بەرهەم دەهێنێت و بۆ مانگی ڕەمەزانی ئەمساڵ (٢٠٢٣) لە کەناڵی ئێم بی سییەوە پەخش دەکرێت.

موعاویەی کوڕی ئەبوسوفیان، یەکەم خەلیفەی ئومەوییە و دامەزرێنەری خەلافەتی ئومەوییشە، هاوەڵی پەیامبەری ئیسلام بووە، بەڵام کەسێتییەکی مشتومڕئامێزە، بە تایبەتیی لە لایەن مەزهەبی شیعییەوە بە کەسێتییەکی ستەمکار و خوێنڕێژ و زەوتکەری دەسەڵاتی ڕەوای عەلی کوڕی ئەبوطالیب دادەنرێت، لای ژمارەیەکی بەرچاو لە مسوڵمانانی سوننە و بیرمەند و مێژوونووس و مەزهەبە سوننییەکانیش ناوبانگێکی باشی نییە و ئەگەر ڕاستەوخۆش ئیدانەی نەکەن، ئەوا بە باشە باسی ناکەن و لە مێژووی نوێشدا نووسەرانی وەکو طەها حسێن، سەیید قوطب و د.عەدنان ئیبراهیم و چەندانی دیکە بە خراپی لەبارەیانەوە نووسیوە و بگرە گومانی زۆریشیان خستۆتە سەر ڕادی ڕاستگۆبوونی لە مسوڵمانێتیی و ئیمانیدا.

ئەوەی لەم زنجیرە درامایەدا جێگەی مشتومڕە ئەوەیە کە وڵاتی سعودیە بودجەکەی دابین کردووە، سعودیەش دوای هەنگاوەکانی گۆڕانکاریی لە لایەن محەممەد بن سەلمانی شازادەوە گۆڕاوە و هێشتاکە دیار نییە ئایا لەسەر هەمان ڕەوتی پێشوو و بە پرنسیپی پشتگوێخستنی سەرچاوە مێژووییەکان لەبارەی خراپیی و لادانەکانی موعاوییەوە زنجیرە دراماکە بەرهەم دەهێنن، یان دەستی نووسەر و دەرهێنەرەکە ئاوەڵا دەکەن کە لە سەرچاوە مێژووییەکاندا (بەتایبەتیی سوننییەکان) چۆن باسی موعاویە کراوە بەو جۆرە وێنەکەی بەرجەستە بکەن و بەرهەمی بهێنن.

زنجیرە دراماکە لە سەردەمی عوسمانی کوڕی عەففانەوە دەست پێ دەکات، لەو سەردەمەوە کە بە سەردەمی ئاژاوە (الفتنة) ناو دەبرێت، وەکو سەرچاوەکان ئاماژەیان پێ داوە ئەیمەن زێدان، ئەکتەر و دەرهێنەر و کەسایەتی ناوداری سووریی، ڕۆڵی عوسمانی کوڕی عەففان وازیی دەکات، بەڵام پێ ناچێت دەرکەوتنی ئەیمەن زێدان لە دراماکەدا زۆر و کاریگەر بێت، چونکە دراماکە لە کۆتاییەکانی ژیانی ئەو خەلیفەیەوە دەست پێ دەکات کە بە تیرۆرکردنی لە لایەن کۆمەڵێک هاوەڵی دیکەی پەیامبەرەوە کۆتایی بە ژیانی دەهێنرێت.

بەپێی مێدیا و سەکۆ مێدیایی و پەڕە و ئەکاونتە عەرەبییەکانی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بێت، دراماکە بۆمبێکی تەوقیت کراوە و لە ڕەمەزانی ئەمساڵدا دەتەقێتەوە، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە دەستبردن بۆ ژیاننامەی کەسێکی مشتومڕئامێزی وەکو موعاویە، کە هەندێک بە پاڵەوان و هەندێکی دیکە بە یەکەم ستەمکاری مێژووی ئیسلامی لەقەڵەم دەدەن، کارێکی هەروا سانا نییە، ئەوە جگە لەوەی لە دراماکەدا هەردوو جەنگی (جەمەل و صەففەین) بە وردەکارییەکی لەڕادددەبەدەرەوە بەرجەستە کراون، ئەوانەشی لە مێژووی ئیسلام شارەزان دەزانن کە جەنگی (جەمەل) لەنێوان دوو سوپادا بوو: یەکێکیان بە سەرکردایەتیی عەلی کوڕی ئەبو طاڵیب و ئەوەی دیکەیان بە سەرکردایەتیی عائیشەی کچی ئەبوبەکری صدیق، کە دەکاتە هاوسەری پەیامبەری ئیسلام، ئینجا شارەزایان پێیان وایە ئەگەر لە دراماکەدا عائیشە بەرجەستە بکرێت، ئەوە مشتومڕێکی فیقهیی زۆر بە دوای خۆیدا دەهێنێت، هەروەها هاوەڵەکانی دیکەش: عوسمان، عەلی، زوبێری کوڕی عەووام، طەڵحەی کوڕی عوبەیدوڵڵا و ...هتد. پێشتریش بەرجەستەکردنی کەسێتیی عومەری کوڕی خەططاب، دووەم خەلیفەی ڕاشدیی و حەسەن و حسێن-ی کچەزای پەیامبەر مشتومڕی زۆری نایەوە و ئەزهەر و هەندێک دامەزراوەی دینیی نماییشکردن و سەیرکردنیان تەحریم کرد، چونکە بە بڕوای ئەزهەرییەکان بەرجەستەکردنی پەیامبەر و دە هاوەڵە مژدەپێدراوەکە بە بەهەشت و هاوسەرانی پەیامبەر حەرامە. هەر بۆیە کاتی خۆی ئەزهەر نەیهێشت زنجیرەدرامای عومەری کوڕی خەططاب لە کەناڵە میسڕییەکانەوە پەخش بکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییە عەرەبییەکان، ئەم کارە ئێستا لە قۆناغی کۆتایی وێنەگرتن و قۆناغی بەرهەمهێنان (پرۆدەکشن)ـدایە بەم نزیکانە دەچێتە قۆناغی پۆست پرۆدەکشن، خالید سەڵاح، نووسەری سیناریۆی ئەم کارەیە، ئەمەش لە ناوەندە ڕۆژنامەوانیی و هونەرییەکەدا هەڵڵایەکی گەورەی ناوەتەوە، بە تایبەتیی کە خالید ڕۆژنامەوانە و هیچ ئەزموونێکی پێشتری کاری هونەریی و نووسینی سیناریۆی نییە و بە نزیکەیی هەموو چاودێرانی شارەزا پێیان وایە لە کارێکی ئاوا مشتومڕئامێز و کێشەخوڵقێندا سپاردنی نووسینی سکرێپت بە تازەکارێک ئاڵنگاریی و ڕیسکێکی گەورەیە، طارق ئەلعوریان-یش دەرهێنەری دراماکەیە و پاش ژمارەیەک فیلمی سەرکەوتوو ئەمە یەکەم کاریەتی لە بواری زنجیرەدرامادا.

بەپێی زانیارییە ڕۆژنامەوانییە عەرەبییەکان، ئەم کارە دەبێتە خاوەنی گەورەترین بودجە لە مێژووی زنجیرە درامای عەرەبییدا بە بڕی ٧٥ ملیۆن دۆلار (هەندێک ڕاپۆرت باسی ١٠٠ ملیۆن دۆلار دەکەن). لە بەرجەستەکردنی ڕۆڵەکانیشدا هونەرمەندانی میسڕی، لووبنانی، تونسی، ئەردەنی، سووریی و خەلیجیی و وڵاتانی دیکەی عەرەب بەشدارن، لوجەین ئیسماعیل، هونەرمەندی سووریی ڕۆڵی موعاویە وازیی دەکات، ئەیاد نەسسار لە ڕۆڵی عەلی کوڕی ئەبوطاڵیب، عائیشە ئەحمەد و جەمیلە شیحی لە ڕۆڵی ژنانی موعاویە و سوهەیر بن عەممارە-ش لە ڕۆڵی هیندی کچی عوتبەی دایکی موعاویەدا دەردەکەون.

بەپێی وتەی ئەیمەن زێدان بۆ کەناڵێکی عەرەبیی، ئەم زنجیرە درامایە کارێکی قەبە و سەرسووڕهێنەرە و لەڕووی ئامادەکاریی و ستاف و ئارت دایرێکشنەوە کارێکی زۆر گەورەیە، لە ڕووی ناوەڕۆکیشەوە باس لە کەسایەتییەک دەکات کە بە وتەی ئەو کەسمان سەد لە سەد لێی ڕازیی نابین، بەڵام دواجار موعاویە پیاوێکە کە ئیمپراتۆرییەتێکی بۆ عەرەب بونیاد ناو ئەوەش دەیسەلمێنێت کە چ پێگەیەکی مێژوویی هەیە، جا تێڕوانینمان بۆی هەرچۆنێک بێت. 

ڕەهەندێکی دیکەی ئەم کارە کە ڕەنگە هیچکام لە ڕۆژنامەوان و چاودێرە عەرەبەکان درکیان پێ نەکردبێت و کەمتر بەلایدا چووبن ئەوەیە کە ئەم زنجیرە درامایە، هەروەکو زنجیرە درامای عومەری کوڕی خەططاب، دەچێتە خانەی شەڕی نەرمەهێز (Soft Power)، کە سعودیە دەیەوێت دەستێکی باڵای تێدا بنووێنێت بە تایبەتیی کە مێمڵە زەقەکەی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست (مەبەست ئێرانە) لەم بوارەدا زۆر پێشیان کەوتووە و دەیان فیلم و زنجیرە درامای بەرهەم هێناوە و کاریگەرییەکی تایبەتیی لەسەر بینەری عەرەب درووست کردووە بە تایبەتیی لەڕێی زنجیرە دراما ئایینییەکانی وەکو: (هاوەڵانی ئەشکەوت) و (مەریەمی موقەدەس) و (یوسف) و فیلمی (محەممەد پەیامبەری خودا) و دەیان کاری دیکەی هاوشێوەوە. 

بە پێی نووسەرێکی میسڕیی هەڵبژاردنی خالید سەڵاح بۆ نووسینی سیناریۆی ئەم زنجیرەدرامایە هەروا لەخۆڕا نییە، چونکە بەوتەی ئەو خالید ڕۆژنامەوانێکی زۆر دژە ئێرانی و ئەنتیشیعیزمە، ئەگەر ئەم ئاراستەی بیرکردنەوەیەی خالید لە کارە هونەرییەکەدا ڕەنگی دابێتەوە، ئەوە لەوانەیە شەڕێکی دیپلۆماسیی و هونەریی لەنێوان ئێران و سعودییەدا بێنێتە کایەوە، کاتی خۆشی، دوای ئەوەی ئاشکرا بوو بەشێک لە ستافی هونەری زنجیرەدرامای عومەری کوڕی خەططاب ئێرانیین، ئەو وڵاتە هەموو ئەوانەی لەو کارەدا بەشدار بوون سزا دا و لێپێچینەوەی لەگەڵدا کردن. 

هەروەها بەشێک لە پێگە عەرەبییە شیعییەکان بە بیستینی ئەم هەواڵە دڵخۆش نەبوون، بۆ نموونە پێگەیەکی وەکو (یەمەنیی پرێس) کە هی حووسییەکانی یەمەنە، بەو جۆرە ئاماژە بەم زنجیرە درامایە دەدا: "پاڵپشتییکردنی دارایی ئەم کارە لە لایەن سعودییەوە بەو قەبارە گەورەیە بۆ پیشاندانی ژیاننامەی کەسێکی وەکو موعاویە کە بە باوکی ڕۆحی هەموو لادانێک لە مێژوو و ئایینی ئیسلامدا هەژمار دەکرێت، گوزارشتە لەوەی ڕژێمی سعودی پاڵپشتیی هەموو ئەو مەسخبوون و لادانانە دەکات کە لە مێژوو و ئایینی ئیسلامدا ڕوویان داوە". ئەمە دەری دەخات کە جەنگی دوای تەواوبوون و بگرە پێش تەواوبوونی زنجیرە دراماکە زۆر گەرم و پڕ لە کردار و پەرچەکردار دەبێت.

ماوەتەوە بڵێین؛ وێنەگرتنی دراماکە لە ستۆدیۆکانی (کارتاگۆفیڵم)ـە لە وڵاتی توونسە و لۆکەیشنی سەرەکیشی شاری گەشتیاریی (حەممامات)ـە لەو وڵاتە، قۆناغی وێنەگرتن لە مانگی تەممووزی ٢٠٢٢ هەتا دیسەمبەری ٢٠٢٢ بەردەوام بووە، بڕیاریشە هەتا مانگی ڕەمەزان ئامادە بێت و لە شاشەی (ئێم بی سیی) و سەکۆی (شاهید)ـەوە پیشان بدرێت.


PM:05:29:15/02/2023


ئه‌م بابه‌ته 2248 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو