قوباد تاڵەبانی بۆ وێستگە کڵاس: بە تامەزۆییەوە چاوەرێی کڵاسەکان دەکەم و دڵنیام شتێکیان لێ فێردەبم

‌قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران

وێستگەنیوز_ هێڤار

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی بەرێوەچوونی رێورەسمی راگەیاندنی پرۆژەی 'وێستگە کڵاس' رایگەیاند، "کەواتە هەماهەنگی راگەیاندن و ناوەندی فێربوون هەماهەنگییەکی زۆر بە جێیە و بەش بە حاڵی دەستخۆشییان لێ ئەکەم کە ئاوا یەکیان گرتووەتەوە. لە پێناوی ئەم پرۆژەیە."

جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەشکرد، رەنگە کەسانێک کە بە ووردی لەم پەیوەندییە تێنەگەیشتبێت، وابزانێت میدیا و زانکۆ کوجا مەرحەبا، چی کۆیان دەکاتەوە؟ بەڵام ئەگەر بە ووردی سەیری بکەین بۆت دەردەکەوێت کە هەماهەنگییەکی زۆر تەندرووست و سرووشتییە. میدیا تەنیا شوێنێک نییە بۆ پەخشکردنی هەواڵ. بەڵکو دەبێت خەڵک ئاگادار بکات، کەواتە دوو موئەسەسە کە جەوهەری ئیشەکانیان یەکبێت، کە یەکیان گرتووەتەوە زۆر مەنتقی تێدایە. 

قوباد تاڵەبانی وتیشی، "هیوادارم کە وێستگەکڵاس یارمەتیدەر بێت تاکوو سیاسییەکان چەواشە بە خەڵک نەکەن. هیوادارم کە وێستگەکڵاس یارمەتیدەر بێت نەهێلێ ئەو کەسانەی نیەتیان خراپە و مەترسیدارن پێگەی خۆیان بەکاربێنن بۆ چەواشەکاری خەڵک. خەڵک شایەنی ئەوەیە زانیاری درووستی دەستبکەوێت."

دەقی وتارەکەی جێگری سەرۆکی حکومەت:

ئامادەبووانی بەرێز ئەم کاتەتان باش

زۆر خۆشحاڵم لە خزمەت ئێوەی بەرێزدام ئەمرۆ 

دەمەوێت سوپاسی برای خۆشەویستم کاک سیروان و تیمە بەرێزەکەی بکەم لە وێستگەنیوز. سوپاسی زانکۆکانی سلێمانی و پۆلەتەکنیکی سلێمانی و رێکخراوی CDO بکەم. کە دەبینم میدیا و ناوەندی ئەکادیمی پێکەوە کاردەکەن، جێگەی دڵخۆشییە بۆ من. 

رەنگە کەسانێک کە بە ووردی لەم پەیوەندییە تێنەگەیشتبێت، وابزانێت میدیا و زانکۆ کوجا مەرحەبا، چی کۆیان دەکاتەوە؟ بەڵام ئەگەر بە ووردی سەیری بکەین بۆت دەردەکەوێت کە هەماهەنگییەکی زۆر تەندرووست و سرووشتییە. میدیا تەنیا شوێنێک نییە بۆ پەخشکردنی هەواڵ. بەڵکو دەبێت خەڵک ئاگادار بکات، کەواتە دوو موئەسەسە کە جەوهەری ئیشەکانیان یەکبێت، کە یەکیان گرتووەتەوە زۆر مەنتقی تێدایە.

ماوەیەکی زۆرە میدیا بەکارهێندراوە بۆ شەڕ، بۆ هێرشکردنە سەر یەکتری، بۆ مەرامی سیاسی، بۆ ئازاردانی یەکتری، بۆ بڵاوکردنەوەی رق و کینە و بۆ ئاڵۆزترکردنی دۆخێک کە خۆی لە خۆیدا ئاڵۆزە. کەلتورێک دروستبووە کە هەموومان بەشێکین لەو کەلتوورە، کە چی هەواڵێک سەرنجراكێشتر بێت، بینەر و بیسەر و خوێنەری زیاترە، لایکی زیاترە و نووسینی تری بە دواوە دێت، پێکەوە هونەری میدیامان لێ دوور کەوتووەتەوە. بێینەوە سەر بناغەکەی، راگەیاندن ناوی خۆی بە خۆیەوەیەتی واتە بۆ ئەوەی رایبگەیەنێت. 

بێگومان ووردبینیش بەشێکە لە کاری میدیا، ووردبینی سیاسی و کۆمەڵایەتی. لە پاڵ ئەمە چەندین ساڵە دەڵێن کە زانکۆکانمان تەنها شوێنێک نین بۆ فێرکردن و دابەشکردنی بروانامە و بۆ ئەوەی وەک کارگەیەک کە ماددەیەکی خامی تێدەچێت کە ئەو خوێندکارەیە و دواتر کەسێک لەو کارگە دەردەچێت کە ئەو خوێندکارەیە و ئیتر تەواو بووەتە خاوەنی بروانامەیەک. 

زۆر جار وام وتووە و هاورێکانم لە ناوەندە ئەکادیمییەکان گوێیان لەم قسەیەم بووە، "زانکۆکانمان بەشێکن لە کۆمەڵگا، بەشێكن لەو شار و شارۆچکەی کە تێیدان، دەبێت بەشێک بن لە فێکردن نەک هەر خوێندکارەکان، بەڵکو لە گەشەسەندنی ئابووری ناوچەکە، لە هۆشیارکردنەوەی ناوچەکە". بەڵی فێربوون و فێکردن جەوهەری ئیشی زانکۆکانمانە، ئاگادارکردنەوە و هۆشیارکردنەوە جەوهەری ئیشی راگەیاندنە. 

کەواتە هەماهەنگی راگەیاندن و ناوەندی فێربوون هەماهەنگییەکی زۆر بە جێیە و بەش بە حاڵی دەستخۆشییان لێ ئەکەم کە ئاوا یەکیان گرتووەتەوە. لە پێناوی ئەم پرۆژەیە.

هیوادارم لە رێگەی وێستگەکلاس خەڵک دەستی بگا بە زانیاری دروست، هیوادارم لە رێگەی وێستگەکڵاس، خەڵک دەستی بگات بەو زانستەی لە پشتی ئەو زانیارییەیە. هیوادارم بە شێوەیەک خەڵکی خۆمان هۆشیار بکاتەوە کە دووریان بخاتەوە لەو شەرە پۆپیلیستەی کە ئەمرۆ تووشیان بووە.

هیوادارم کە وێستگەکڵاس یارمەتیدەر بێت تاکوو سیاسییەکان چەواشە بە خەڵک نەکەن. هیوادارم کە وێستگەکڵاس یارمەتیدەر بێت نەهێلێ ئەو کەسانەی نیەتیان خراپە و مەترسیدارن پێگەی خۆیان بەکاربێنن بۆ چەواشەکاری خەڵک. خەڵک شایەنی ئەوەیە زانیاری درووستی دەستکەوێت، ئێمە وەکو حکومەت کارێکی باشمان نەکردووە کە نەمانتوانیوە متمانەی خەڵکی خۆمان بەدەستبهێنین. 

بۆیە زۆر کەمجار خەڵک باوەر بەو قسانە دەکەن کە ئێمە دەیڵێین. لە هەمان کاتیشدا بەداخەوە میدیا بە ئاراستەیەکی هەڵەدا رۆشتووە، خەڵک ئەمرۆ شارەزاترە و دەزانن کێ لە پشت کام میدیایە، گەیشتوونەتە ئەو بروایەی باوەر بە هەموو شتێک نەکەن کە نوسرابێت، "بە وێستگە نیوزیشەوە".

 من وەک سیاسییەک دەتوانم بێم باسی ئەو ئیشانە بکەم کە خۆم تێیدا بەشدارم. دەتوانم تا بەرەبەیان باسی بایۆمەتریتان بۆ بکەم، باسی پرۆگرامی شەفافیەتتان بۆ بکەم، ریزێک مەشروعتان پێشکەش بکەم کە خۆم تێیدا بەشداربووم و شانازییان پێوەدەکەم. 

نەیارەکانم کە رەنگە یەک دوانێک بکەن، دەتوانن پێچەوانەکەی بڵێن لەبەر ئەوەی سیاسییەن ناکۆکین، دێن رەبتی قسەکانم دەکەنەوە و دەڵێن ئەمە وانییە و راست نییە و هەمووی موزایەدەیە و ئەسڵ و ئەساسی نییە، ئێ خەڵک نازانێ باوەر بە کاممان بکات. ئەوەی کەیفی بە من دێت دەڵێت کاک قوباد قسەکانت بە جێیە و تەواوە. ئەوەی رقیشی لێمە قسەیەکی تر دەکات. 

کەواتە چۆن ئەمە راست دەکرێتەوە، چی غائیبە لەم موناقەشەدا؟ رەنگە زانیاری دروست و شیکاری، رەنگبێت زانست غائیب بێت. هیوادارم ئەم پرۆژەیە ئەم بۆشاییە پڕ بکاتەوە کە ئێمە قسەمان کرد، خەڵکی شارەزا لەو مەجالانە دەتوانن بێن و بۆچوونی خۆیان بڵێن بە پشت بەستن بە زاست و زانیاری دروست و ئەوەی لەم سەردەمەدا هەیە. کە پسپۆڕی شارەزا و راستەقینە، پرۆفیسۆر و مامۆستا، کەسانێک کە شارەزابوون و هاتن زانیارییەکانیان پێشکەشکرد، قورسە کەسێکی نە شارەزا کە تەنها لە روانگەیەکی سیاسییەوە سەیری شتەکان دەکات، بێت موناقەشەی بکات.

بۆیە دووبارە دەمەوێت سوپاسی وێستگەنیوز بکەم، سوپاسی زانکۆکانی سلێمانی و پۆلەتەکنیکی سلێمانی و رێکخراوی CDO بکەم کە یەکیان گرتووەتەوە. بەش بە حاڵی خۆم بە تامەزۆییەوە چاوەرێی کڵاسەکان دەکەم و دڵنیام شتێکیان لێ فێردەبم دڵنیاشم هاوڵاتیان دەستیان دەگات بە زانیاری و شیکاری و زانستی دروست. 

تکاشتان لێدەکەم لە رووی تەکنەلۆجیاوە هەوڵی باشترکردنی کارەکە بکەن تا بە بێ بڕین وانەکان بگاتە دەست هەمووان. 


PM:04:29:12/02/2023


ئه‌م بابه‌ته 4708 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت