بۆ یەکەمجار وێستگەنیوز پرۆژەیەکی جیاواز رادەگەیەنێت
وێستگەنیوز_ هێڤار
بۆ یەکەمجار لە کوردستاندا، ماڵپەری هەواڵی وێستگەنیوز، هەڵدەستێت بە راگەیاندنی پرۆژەیەکی جیاواز بە ناوی 'وێستگە کڵاس'، کە پرۆژەیەکە بۆ هەموو ئەو فێرخوازانەی ئارەزووی فێربوونیان هەبووە و دەرفەتیان بۆ نەرەخساوە.
ئەمرۆ یەکشەممە 12ـی 2ـی 2023، پرۆژەی 'وێستگە کڵاس' لە لایەن وێبسایتی وێستگەنیوز بە هاوکاری زانکۆی سلێمانی، زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی و ڕێکخراوى گەشەپێدانى مەدەنیەت CDO، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی باڵا و مامۆستایانی زانکۆ و میدیاکار و رۆشنبیران و خەمخۆرانی زانست و فێربوون رادەگەیەندرێت.
پرۆژەی وێستگە کڵاس بریتییە لە تۆمارکردنی وانەی ئەکادیمی بۆ کەسانی پسپۆڕ و لێهاتوو لە بوارە جیاجیاکاندا. بیرۆکەی دروستکردنی کڵاسی ئۆنلاین، لە ئەنجامی هەژاریی سەرچاوەی ڤیدیۆیی کوردی لە کەناڵی یوتوب و ماڵپەرە کوردییەکاندا سەرچاوەی گرتووە. ئیدی هەر لە بابەتی فیکری، زانستی، هونەری و زۆر کایەی دیکەدا.
پرۆژەکە ئامانجی دروستکردنی کڵاسی ئۆنلاینە بە کوالیتییەکی بەرزی دەنگ و رەنگ. وێستگە کڵاس کەناڵێکە بۆ پەخشکردنی زانیاری ئەکادیمی لە سوودی کۆمەڵگا کە کەسانی ئەکادیمی لێهاتوو لە پسپۆڕی جیاجیا بەشداردەبن.
وانەکان لە یوتوب بڵاودەبنەوە، بە خشتەی تایبەت و لە رێگەی وێبسایتێکی تایبەتەوە. کە بەشەکانی تێدا جیاکراوەتەوە. جگە لە فێرخوازان کە راستەوخۆ بەشداری وانەکان دەبن. هەموو ئارەزوومەندێک دەتوانێت لە وێستگەکڵاسەوە وانەکان ببینێت و سوودیان لێ وەربگرێت.
هەروەها لە داهاتوودا، سوود لە کەسانی پسپۆڕ و کارامە لە دەرەوەی وڵات وەردەگیرێت. مامۆستایانی زانکۆکانی ئەمریکا و ئەوروپا دەتوانن لە رێگەی ئۆنلاین وانەکان بڵێنەوە. بەمەش فرسەتێکی گەورە دروستدەبێت بۆ فێرخواز کە سوود لە پسپۆڕی نێودەوڵەتی وەربگرێت.
ئەم پرۆژەیە سەکۆیەکە بۆ هەموو ئەوانەی ئارەزووی فێربوونیان هەیە و دەرفەتیان بۆ نەرەخساوە. لە رێگەی ئەم پرۆژەیەوە دەتوانن هەنگاوی داهاتوویان دیاری بکەن.
فەلسەفەی وێستگە کڵاس ئەوەیە، خوێندکارەکانی تێگەیشتنێکی قووڵیان هەبێت بۆ کۆمەڵگا و بتوانن ئەو بوارانە بخوێنن کە پێشتر دەرفەتیان نەبووە. تا رۆڵێکی گرنگ بگێڕن بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵ ئەویش بەوەی دەوڵەمەند بکرێن بە ئامرازێک کە بتوانن کێشەکان چارەسەربکەن و بەردەوام لە گەشەسەندندا بن.
هاوکات، لە ماوەی داهاتوودا و پاش کەمێکی دیکە، زانیاری زیاتر و دیمەنی ساتی راگەیاندنی پرۆژەکە و وتەی ئامادەبووانی مەراسیمی راگەیاندنی پرۆژەکە بڵاودەکرێتەوە.
PM:02:39:12/02/2023
ئهم بابهته 3460
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت