ئایا پێشبینیی ڕوودانی بوومەلەرزە دەکرێت؟


وێستگه‌ نیوزـ

هەتا ئێستا و بەو ئامێرانەی لەبەر دەستدان، مرۆڤ توانای پێشبینییکردنی ڕوودانی بوومەلەرزەی نییە، نە لە مەودای نزیک و نە دووریشدا. زاناکان چەندین ڕێگە و شێواز و ئامار و ئامرازیان بەکارهێناوە بۆ پێوانەکردنی ژمارە و گوڕ و دووبارەبوونەوەی بوومەلەرزەکان، بۆ ئەوەی شێواز و کات و گوڕی بوومەلەرزەکان تێبگەن، بەڵام نەگەیشتوونەتە هیچ دەرەنجامێکی دڵخۆشکەر، هەرچەندە هەوڵی زۆر شێلگیرانە لە ئارادان و ژیریی دەستکردیش ئومێدێکی بە زانایان بەخشیوە.

بە گشتیی زانایان بە پشتبەستن بە سێ هۆکار دەتوانن مەزەندەی ڕوودانی بوومەلەرزە و ڕاددەی مەترسییەکەی لە ناوچەیەکدا بکەن بێ ئەوەی دڵنیایی لە ڕوودانی مەزەندەکردنەکەیان بدەن. ئەو سێ هۆکارەش بریتیین لە: 
١- چاودێرییکردنی جووڵەی پلێتە تەکتۆنییە پێکهێنەرەکانی ژێرەوەی توێکڵی زەوی.
٢- ماوە و مەودای نێوان  بوومەلەرزەکان
٣- چاودێرییکردنی درز و خەرەندەکانی چینی ناوەوەی زەوی، ئەو خەرەند و درزانەی کە هەرچەندە وا دەردەکەون جێگیرن، بەڵام وزەیەکی ئێجگار زۆریان گل داوەتەوە و ئەگەری هەیە لە هەر ساتێکدا بەرەڵڵای بکەن و بوومەلەرزەی لێ بکەوێتەوە.

ئەمە شێوازێکی زۆر گشتگیرانەی پێشبینییکردنی ڕوودانی بوومەلەرزەیە و ئەگەری بەڕاستگەڕانی ورد نییە و زۆرجاریش پێچەوانەی مەزەندەکردنی زانایان دەبێت. بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا زانایان ڕێگەی دیکەی پێشبینییکردنی ڕوودانی بوومەلەرزەیان گرتۆتە بەر. 

زانایانی جیۆلۆجیی لە ڕێیی چاودێرییکردنی خولانەوەی زەوی بە دەوری خۆیدا جۆرێک لە پەیوەندییان دۆزییەوە لەنێوان خاوبوونەوەی سووڕانەوەی زەوی بە دەوری خۆی و زیادبوونی ژمارەی بوومەلەرزەکان لە ماوەی خاوبوونەوەکەیدا.  لەو ماوانەدا کە سووڕانەوەی زەوی بەدەوری خۆیدا خاو دەبێتەوە؛ ژمارەی بوومەلەرزەکان زیاد دەبن و کاتێکیش سوڕانەوەکەی ئاسایی دەبێتەوە، بوومەلەرزەکانیش کەمتر و گوڕیشیان لاوازتر دەبێت.

هەتا ئێستا باشترین ڕێگەی پێشبینییکردنی بوومەلەرزە بریتییە لە توێژینەوەی ژمارەی دووبارەبوونەوەی بوومەلەرزەکان لە ناوچەیەکی دیارییکراودا و بەرمەبنای ئەوەش هەڵگۆزانی دەرەنجامگەلێکی ژمارەیی بۆ ڕوودانی بوومەلەرزە، هەر بۆ نموونە لێکۆڵینەوەی بوومەلەرزەکانی ناوچەی پاڕکفیڵد لە کالیفۆڕنیای ئەمریکا، زانایانی جیۆلۆجیی گەیاندە ئەو دەرەنجامەی کە ساتی ڕوودانی بوومەلەرزەکان ١٩ و ٢٥ ساڵە. بە پشتبەستن بەو داتایانە زانایان پێشبینییان کرد ساڵی ١٩٨٨ یان ١٩٩٣ لە پاڕکفیڵد بوومەلەرزە ڕوو بدات، کەچی وا دەرنەچوو و ساڵی ٢٠٠٤ ڕووی دا.

بە گشتیی هەموو شێواز و ڕێگەکانی زانایان بۆ پێشبینییکردنی بوومەلەرزە شکستیان هێناوە، بەڵام ماوەیەکە هیوایەک بۆ پێشبینییکردنی بوومەلەرزە لە ئاسۆدا دەرکەوتووە.

ژیریی دەستکرد «Artificial Intelligence» كە بە کورتکراوەی ئەی ئای «AI» ئاماژەی بۆ دەکرێت، ئەوە ئامرازەیە کە زانایان ئومێدیان لەسەر هەڵچنیوە لە داهاتوودا ببێتە فریادڕەسی مرۆڤ لەم ئاقارەدا.

هەردوو زانکۆی «کامبریج»ی بەڕیتانیی و تاقیگەی «لۆس ئالامۆس»ی ئەمریکیی، لە ڕێی تەکنیکی فێرکردنی ئامێر و درووستکردنی کۆمەڵێک ئالگۆریزمەوە توانییان پێشبینی شەپۆلەکانی دەنگ و بوومەلەرزە بکەن لە پرۆسێسێکی لاساییکردنەوەی ڕوودانی بوومەلەرزە لە تاقیگەدا.

یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە بایەخدارەکانی ئەم شێوازە ئەوەیە کە ئامێرە ژیرەکە لەڕێی ئالگۆریزمە وردەکانەوە هەموو شەپۆلە دەنگیی و بوومەلەرزەییە ورد و درشتەکان چاودێریی دەکات، تۆماریان دەکات و لە کەمترین ماوەدا شیکارییان دەکات و هۆشداریی دەدات، پێچەوانەی ڕێگە تەقلیدییەکان کە تەنیا چەند شەپۆلێکی دەنگ و بوومەلەرزەیان تۆمار دەکرد.

یەکێک لە توێژەرانی ئەم تاقیکردنەوەیە ئاماژەی بەوە داوە کە پێشبینییکردنی زۆر وردی بوومەلەرزە لەڕێی ڕاهێنانی ئامێر بە تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکرد، هەنگاوێکی مەزنە بە ئاراستەی دۆزینەوەی شێوازێک بۆ زانینی ساتی ڕوودان و گوڕی بوومەلەرزەکە و گەیشتن بەو ڕۆژەش تەنیا لەسەر کات وەستاوە و بە نزیکەیی پێشبینییکردنی ڕووودانی بوومەلەرزە هێندە ئاسایی دەبێتەوە کە هەر هێندەی پێشبینییکردنی بارینی باران یان بەفر، هەڵکردنی با و گەردەلوول و زریان، یاخود بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دژوار دەبێت.


PM:07:28:06/02/2023


ئه‌م بابه‌ته 5412 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت