ئەمریکا بۆ تورکیا: ئەگەر بەم شێوەی ئێستا پەیوەندییەکانتان لەگەڵ رووسیا بەردەوامبێت سزاتان بەسەردا دەسەپێنین
وێستگەنیوز_
ئەمریکا ھەڕەشەی سزادانی تورکیا دەکات، ئەوەش بەهۆی بەردەوامی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ رووسیا.
بەپێی هەواڵێکی میدیاکانی ئەو وڵاتە، برایان نیلسۆن، جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ کاروباری تیرۆر و ھەواڵگری رایگەیاندووە، زیادبوونی ئاستی پەیوەندی بازرگانی و ھەناردە و ھاوردەی کەرتی تایبەتی تورکیا لەگەڵ کۆمپانیاکانی رووسیا بەتایبەتیش لەماوەی ساڵی رابردوودا، پێشلێکردنی ئاشکرای بڕیار و سزاکانی ئەمریکایە لەدژی رووسیا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەردەوامی ئەو پەیوەندییە، کۆمپانیا و کەرتی تایبەتی تورکیای خستووەتە مەترسییەوە و ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بن، لەلایەن ئەمریکاوە سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت.
جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەشڵێت، بەتایبەتیش کەرتی بانکی و کۆمپانیاکانی تورکیا سزا دەدرێن کە دەبێتە ھۆی ئەوەی بەشێکی زۆری سەرمایەکانیان لەدەست بدەن.
لە پاش دەستپێکردنی جەنگی ئۆکرانیا و رووسیا، بەشێکی زۆری وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا، سزای ئابووریان بەسەر کەسایەتی و سەرمایەدار و بانکەکانی رووسیادا سەپاندووە. هاوکات، هەر وڵاتێک پشتگیری رووسیا بکات، بە هەمان شێوە سزا دەدرێت و رێکاری تووند لە دژی دەگیرێتەبەر.
PM:01:39:04/02/2023
ئهم بابهته 400
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت