"بە رێژەیەک پوختەکردنی یۆرانیۆمی ئێران پێگەیشتووە کە بەسە بۆ ئەوەی لە چەکی ئەتۆمدا بەکاربهێنبدرێت"


وێستگەنیوز_

چوار وڵاتی گەورەی جیهان ئاشکرای دەکەن، ئێران گۆڕانکارییەکی لە پێکهاتەی بەشێک لە سەنتەرفیوجەکانیدا کردووە بێ ئەوەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ئاگاداربکاتەوە. دەشڵێن، "بە رێژەیەک پوختەکردنی یۆرانیۆم گەیشتووە کە بەسە بۆ ئەوەی لە چەکی ئەتۆمدا بەکاربهێنبدرێت". 
 
ئەمرۆ شەممە، 4ـی شوباتی 2023، هەریەک لە فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و ئەمریکا راگەیەندراوێکی هاوبەشیان لەبارەی دوایین راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بڵاوکردەوە و تێیدا باس لەوە دەکەن، ئەو سەنتەرفیوجانەی لە وێستگەی ئەتۆمیی 'فۆردۆ' دەستکاریکراون، یۆرانیۆمێک بەرهەمدەهێنن کە 60٪ پوختەکراوە". 
  
ئاماژە بەوەشدەکەن، "نەبوونی ئاگادارکردنەوەی پێویستی لەو جۆرە، لە توانای ئاژانسەکە بۆ پشکنینی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئیران کەم دەکاتەوە". دەشڵێت، بەو گۆڕانکارییە، ئێران گەیشتووەتە بەرهەمهێنانی "یۆرانیۆمێک کە بەسە بۆ ئەوەی لە چەکی ئەتۆمدا بەکاربهێندرێت."
 
هەر چوار وڵاتەکە داوا لە ئێران دەکەن بە رێکارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمەوە پابەند بێت و "هەرچیەکی چاودێرانی ئاژانسەکە بە پێویستی دەزانن قبووڵی بکات". 
   
ئەو چوار وڵاتە باس لەوەش دەکەن کە، ئێران دەستبەرداری پابەندییەکانی لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەتۆمیدا بووە و داوا لەو وڵاتە دەکەن بەگوێرەی پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکان مامەڵە بکات و هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بکات. 

رۆژی چوارشەممە، 1ـی شوباتی 2023، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە راپۆرتێکدا رەخنەی لە ئێران گرت کە بەبێ ئاگادارکردنەوەی ئەو، دەستکاریی سەنتەرفیوجەکانی لە وێستگەی ئەتۆمیی فۆردۆ کردووە و بەوەش پوختەکردنی یۆرانیۆمی بۆ 60٪ بەرزکردووەتەوە. 


PM:12:27:04/02/2023


ئه‌م بابه‌ته 1608 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو