بانکی ناوەندی عێراق و گەنجینەی ئەمریکا لەبارەی نرخی دۆلارەوە گەیشتنە رێککەوتن

‌وه‌زیری گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكاو پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی عێراق

وێستگه‌نیوزـ

بانکی ناوەندی عێراق و گەنجیەنەی ئەمریکا رێککەوتن هەموو نەرمییەک بنوێنن لەپێناو جێگیرکردنی نرخی دۆلار.

ئەمڕۆ هەینی 3ی شوباتی 2023، عەلی موحسین ئیسماعیل، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق و براین نێڵسن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە تورکیا کۆبوونەوە و نوسینگەی راگەیاندنی بانکی ناوەندی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هەردوولا و سەقامگیری نرخی دۆلار لەعێراقدا کراوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە سەرجەم میکانیزمەکانی جێگیرکردنی نرخی دۆلار و بەرزبوونەوەی بەهای دینار کراوە و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا جەختی لە هاوکاری وڵاتەکەی بۆ عێراق کردووەتەوە بۆ جێگیری بارودۆخی ئابووری ئەو وڵاتە.

هاوکات، لەراگەیەندراوەکەدا هاتووە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەداوە ئامادەیە لە کاتی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ شاندەکەی عێڕاق لە 7ی ئەم مانگەدا نەرمی بنوێنێت و بگەنە رێککەوتن.

باس لەوەشکراوە، ئەمریکا بە گرنگییوە دەڕوانێتە ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا ئەنجامیان داوە و ئامادەیە هەموو نەرمییەک بەرامبەر عێراق بنوێنێت.

ماوەی چەند هەفتەیەکە نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێم و عێراق ناجێگیرە و ئەمڕۆ لە کاتی داخستنی بازاڕدا 100 دۆللار بە 172 هەزار مامەڵەی پێوەکرا و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کرد پارەکانیان نەگۆڕنەوە و بەڵێنی جێگیربوونی نرخی دۆلاری دا بە هاووڵاتیان.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بە تۆمەتی بەقاچاخبردنی دۆلار بۆ وڵاتانی دراوسێ بانکی ناوەندی ئەمریکا رێکارەکانی ناردنی دۆلاری بۆ عێراق توند کردووتەوە و داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق کردووە بەقاچاخبردنی دۆلار بوەستێنن، بڕیاریشە رۆژی 7ی ئەم مانگە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ئەمریکا بکات و لەگەڵ بەرپرسانی بانکی ناوەندی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە و باس لە کێشەی ناجێگیری نرخی دۆلار بکەن.


PM:10:01:03/02/2023


ئه‌م بابه‌ته 9704 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت