نەرمە هێز چییە و بۆچیی گرنگە؟


وێستگەنیوز_

ئێمە ئێستا لە دونیایەکدا دەژین کە تەنیا هەر بە هێزی سەربازیی و زۆرلێکردن بەڕێوە نابرێت، هەنووکە هێزێکی کاریگەرتر لە تانک و درۆن و مووشەکەکان خراوەتە گەڕ کە ئەویش شتێکە بە ناوی "نەرمەهێز" یاخود "هێزی نەرم"، بەس ئایا نەرمەهێز چییە؟ 

بۆ ڕوونکردنەوەی چەمکی «نەرمەهێز»، پێش ئەوەی بچینە سەر پێناسەکردنی چەمکەکە، پشت بە وێنەیەکی ئەدەبیی دەبەستین بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم چەمکە گرنگە، کاروان کاکەسوور؛ ڕۆماننووسی کورد، لە ڕۆمانی (ئەو هاوڕێیەی منداڵییم ببینمەوە؟)ـدا لەسەر زاری کارەکتەرێک دەڵێت: "هەتا ئەمڕۆیش گوتەی ژنێکی میسری، کە دایکی هاوڕێیەکم بوو، لە گوێچکەمدا دەزرنگێتەوە، کاتێ لە ساڵی (1992)دا پێی گوتم: "لە ناوەڕاستی سییەکان و سەرەتای چلەکاندا هەر فیلمێکم دەبینی، دەمپرسی: ئەمە کوێی لە واقیعی ئێمە دەچێت؟ ئەرێ کوا کچمان بەم شێوەیە لەگەڵ باوکی دەدوێت؟ کاتێکم زانی وا لەناو ئەو واقیعەدا دەژیم و ڕێک بەو شێوەیە لەگەڵ باوکم دەدوێم". ئەوەی ئەو ژنە میسرییە وتوویەتی ڕێک ئاماژەدانە بە کاریگەریی نەرمەهێز، ئەو هێزەی بێ ئەوەی پێ بزانیت دەتکا بەوەی خۆی دەیەوێ.

لاو-زیی، دانای چینیی لە سەدەی حەوتەمی پێش زایین وتوویەتی: "لە گەردووندا ماددەیەکی نەرم و لاوازتر لە ئاو نادۆزیتەوە، کەچی دەتوانێت پتەوترینی ماددەکان لەناو بەرێت". ڕەنگە ئەمە یەکەمین ئاماژەدانی ناڕاستەوخۆ بێت بە نەرمەهێز لە مێژووی هزر و فەلسەفەدا.

بەڵام نەرمەهێز، بە ئینگلیزی (سۆفت پاوەر: Soft Power) و بە عەرەبییش (القوة الناعمة)، بەو جۆرەی ئێستا باوە، یەکەمجار لە لایەن «جۆزیف نای»  یەکێک لە بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و مامۆستای زانستی سیاسەت لە زانکۆی هارڤارد بەکار هێنرا، ئەو بەم جۆرە پێناسەی نەرمەهێزی کرد "وا لە نەیارەکەت بکەیت ئەوەی بووێت کە تۆ دەتەوێت". 

بە کورتییەکەی نەرمەهێز بریتییە لەو کاریگەرییەی وڵاتێک لە ڕێی لایەنە بەهێزەکانی سیستمە سیاسییەکەی، کولتوور و ڕۆشنبیریی و دواجار لە ڕێی سیاسەتی دەرەوەیەوە بەدی دەهێنێت. باشترین شتیش بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم تێگەیشتنە نموونەهێنانەوەیە، با جارێ بە نموونەی بەریتانیا دەست پێ بکەین:

لە پێنوێنەری (مٶشر)ـی (٣٠ نەرمەهێزەکە) کە سەنتەری دیپلۆماتیی گشتیی (CPD) سەر بە زانکۆی ساوزکالیفۆرنیا بە هاوبەشیی لەگەڵ کۆمپانیای (پۆرتلاند)ـی بەریتانیی ساڵانە بۆ پێوانەکردنی ئاستی نەرمەهێزی وڵاتان ئامادەی دەکەن؛ بەریتانیا؛ چەند ساڵێکە لە پلەکانی سەرەوەی ڕیزبەندیی ئەو وڵاتانەدایە کە بەهێزترینن لە بواری بەکارهێنانی هێزی نەرمدا.

پێش ئەوەی باسی هۆکارەکانی بەهێزیی بەریتانیا لەم بوارەدا بکەین، قسەیەکی ڤلادیمێر پووتین بە بیردا دەهێنمەوە کە گاڵتەپێکەرانە ئاماژەی بە بەریتانیا دا و وتی "دوورگەیەکی بچکۆلەیە و کەس گوێی لێ ناگرێت". بەڵام لە ڕاستییدا پیاوە پۆڵایینەکەی کرملین لەو قسەیەیدا نەیپێکاوە، ئەوەتا پێنوێنەری پۆرتلاند بەم جۆرە بەهێزیی بەریتانیا لە بواری نەرمەهێزدا ڕوون دەکاتەوە و دەیسەلمێنێت کە بەریتانیا لە سەرتاسەری جیهاندا گوێگرانێکی بێشوماری هەیە.

ڕەنگە باوەڕ نەکەیت، بەڵام هۆکارەکانی بەهێزیی بەریتانیا لە بواری نەرمەهێزدا بریتیین لە: مۆسیقای گرووپی بیتڵز، زنجیرە درامای هاری پۆوتەر، میراتی ئەدەبیی شێکسپیر، بی بی سی وەکو دامەزراوەیەکی مێدیایی سەنگین، بوونی ژمارەیەکی زۆر خوێندکاری بیانیی لە بەریتانیا کە هاوکاتە لەگەڵ ئاستی بەرزی زانکۆ و بەرهەمهێنانی ڕێژەیەکی زۆر لە توێژینەوە و پەیپەری زانستی، سینەمایەکی داهێنەر و سەرنجڕاکێش، پاسپۆرتێکی سەنگین کە دەتوانرێت گەشتی زۆرترین وڵاتی پێ بکرێت، بەهێزیی سیاسەتی دەرەوە و کارایی باڵوێزخانە و کونسوڵگەرییەکانی بەریتانیا لە وڵاتانی دەرەوە و چەند هۆکارێکی دیکەش.

فەرەنسا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەڵمانیاش، سەنگی گەورەیان هەیە لە بواری بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی نەرمەهێزدا. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە لە پێنوێنەری پۆرتلانددا هەمیشە لە ڕیزی سەرەوەی وڵاتە بەهێزەکاندا بوو، ساڵی ٢٠١٦ یەکەمی ڕیزبەندییەکە بوو، ئەویش بە کۆمەڵێک هۆکار:

بوونی نزیکەی ٢ ملیۆن خوێندکاری بیانیی لە زانکۆ و ٩٠ هەزار توێژەری بیانیی لە دامەزراوەکانیدا، بەرهەمهێنانی ٦٦%ی دراما و فیلم و هەموو ئەو بەرنامە تەلەفزیۆنییانەی لە جیهاندا درووست دەکرێن، ٢٣%ی هەموو کەناڵە ئاسمانییەکانی جیهان هی ئەم وڵاتەن، لەگەڵ ڕستێک هۆکاری دیکە کە وای کرد ئەمریکا لەو پلەیەدا جێگیر بێت، بەڵام زۆری نەبرد، بەهۆی توویت و سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ و کشانەوە لە پەیماننامەی پاریسی تایبەت بە کەشوهەوا، ئەمریکا پلەکانی پێشەوەی ڕیزبەندییەکەی لەدەست دا. 

ساڵانە دوو دامەزراوە پێوانەی بەکارهێنان و ئاستی نەرمەهێزی هەر وڵاتێک دیاریی دەکەن، کە ئەوانیش کۆمپانیای پۆرتلاند و دامەزراوەی براند فینانس-ن، ئەمەش ڕیزبەندیی بەهێزترینی ئەو وڵاتانەیە بۆ ساڵەکانی2017، 2018، 2019:
ڕیزبەندی/ساڵ2017-2018-2019
یەکەم:فەرەنسابەریتانیافەرەنسا
دووەم:بەریتانیافەرەنسابەریتانیا
سێیەم:ویلایەتە یەکگرتووەکانئەڵـمانیائەڵمانیا
چوارەم:ئەڵمانیاویلایەتە یەکگرتووەکانسوید
پێنجەم:کەنەدایابانویلایەتە یەکگرتووەکان
شەشەم:یابانکەنەداسویسرا
حەوتەم:سویسراسویسراکەنەدا
هەشتەم:ئوستورالیاسویدیابان
نۆیەم:سویدهۆڵەندائوستورالیا
دەیەم:       هۆڵەندائوستورالیاهۆڵەندا

ئەم ڕیزبەندییە لە «Softpower30.com» وەرگیراوە

کەواتە نەرمەهێز چۆن درووست دەبێت؟

یەکەم؛ پەیوەستە بە سیاسەتەوە: دەبێت خاوەنی سیستمێکی سیاسیی بەهێز و تیوار (شەففاف) و یاسایی بیت، سیستمێک ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێت و بە ڕێگە یاساییەکان بەڕێوە بچێت، هەرچەندە ئەمە پێوەرێکی لاستییکیی و ناڕوونە، بەڵام هەمیشە ئەو وڵاتانەی لە ئاستی ناوخۆدا سیستمێکی سیاسیی و یاسایی دیموکراس و ڕێزگر لە مافەکانی مرۆڤیان هەیە؛ لە پێوانەکانی نەرمەهێزدا ئاستێکی بەرزیان هەیە، ڕەنگە چین و ڕووسیا دوو ڕیزپەڕی ئەم بوارە بن.

دووەم پەیوەستە بە کولتوورەوە: دەبێت کولتوورێکی بەهێزت هەبێت، خاوەنی مۆسیقای بە‌هێز، کۆنسێرتی بەربڵاو، سینەما و هۆڵی نماییش، شانۆ و وەرزش و خولی بەهێزی وەرزشی بیت، دەبێت وڵاتەکەت کانگایەکی بەهێزی خواردنە هەمەچەشنەکان بێت، دەبێت گەشتیاران ڕووت تێ بکەن و هەموو یان زۆرینەیان بە دڵخۆشیی و بارگاوییبوو بە کولتوورەکەت بگەڕێنەوە نیشتیمانی خۆیان.

سێیەم؛ دەبێت دەوڵەت یان وڵاتەکەت لە سیاسەتی دەرەوەیدا هێمن و دیپلۆماتخواز و لاشەڕ بێت، کونسوڵییەکان بەهێز بن و لەگەڵ دەسەڵات و خەڵکی ئەو وڵاتەی تیایدان لە پەیوەندیی تەنگاتەنگدا بن.

چوارەم؛ سیستمی پەروەردە و فێرکردن و خوێندنی باڵا، دەبێت سیستمەکەت هاوچەرخ و کاریگەر بێت، دەبێت بە جۆرێک سەرنجڕاکێش بێت کە وەکو مۆدێلێک لێی بڕوانرێت، ئینجا بەهێزیی زانکۆکان، زۆریی ژمارەی توێژەر و توێژینەوە و جۆرناڵە کاریگەرەکان و هەبوونی خوێندکاری بیانیی لە زانکۆکانی وڵاتەکەتدا بایەخی تایبەتیان هەیە.

پێنجەم و شەشەمیش پەیوەستن بە ئابووریی و توانستی سیبرانیی و ئەلەکترۆنیی وڵاتەکە، بۆ نموونە ژمارەی فۆڵۆوەرانی ئەکاونتی سەرۆکی وڵاتەکە، خێرایی ئینتەرنێت، ژمارەی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و چەند بابەتێکی دیکەی هاوشێوە.

پێشتر وڵاتانێکی گەورەی وەکو چین، هیندستان، ئەندۆنیزیا و ڕوسیا، لەم بوارەدا پێگەیان لاواز بوو، بەڵام لەم ساڵانەی دواتردا هەریەکە لەو وڵاتانە «بە دیارییکراوییش چین و ڕووسیا» کەوتوونەتە خۆیان و بە تایبەتیی لە بواری وەرزش، هونەر و لەناویشیاندا سینەما، دیپلۆماسییەت و بوارەکانی دیکەدا گەشەیان بە خۆیان داوە و لە ساڵانی کەمی داهاتوودا کاریگەرانەتر نەرمەهێز بەکار دەهێنن و لە ڕیزی سەرەوەی ڕیزبەندییەکاندا جێگە بە وڵاتانی ئەوروپا و باکووری ئەمریکا لەق دەکەن.

میسر وەکو نموونەیەکی شکستخواردوو

سەرباری ئەوەی مێژوویەکی دێرین و خەڵکێکی زرنگ و جوگرافیایەکی تایبەتی هەیە و لە ساڵانی ٣٠-٧٠کانی سەدەی بیست و دواتریشدا نەرمەهێزێکی زۆر کارای هەبووە، بەڵام هەنووکە لە ڕیزبەندیی وڵاتانی بەکارهێنەری نەرمەهێزدا زۆر زۆر لە دواوەیە، دەکرێت هۆکارەکانیش شتی لەم جۆرە بن: 

لە ساڵی 2013دا میسڕ تەنیا 9199پەیپەری زانستی بڵاو کردۆتەوە. 

لەناو193 وڵاتدا، میسر پلەی 107ی هەیە لە پێوەری حکوومەتی ئەلەکترۆنییدا.

لە ڕاپۆرتی خێرایی ئینتەرنێتدا بۆ ساڵی 2017 پلەی 127ـەمی هەبووە لەناو 134 وڵاتدا. 

لە بواری کولتووردا میسر بەردەوام لە پاشەکشەدایە: 

ساڵی 2013 ژمارەی هۆڵەکانی نماییشی فیلم 269 هۆڵ بووە، ساڵی 2016 بۆ 65 هۆڵ دابەزیوە، نزیکەی هەشت پارێزگای ئەو وڵاتە یەک هۆڵیشیان تێدا نییە.

ساڵی 2003، نزیکەی 959 نماییش لەو وڵاتەدا پێشکەش کراون، کەچی ساڵی 2012 بۆ کەمتر لە نیوە دابەزیوە و تەنیا 482 نماییش پێشکەش کراون. 

بۆچی نەرمەهێز گرنگە؟

گرنگە، چونکە نەیارەکان دەبنە دۆست، دۆستەکانت زۆرتر دەبن، ئابوورییت گەشە دەکات، هاوڵاتییانت شانازیی بە خۆیان و وڵاتیانەوە دەکەن و ئینتیمایان بەهێزتر دەبێت، ناوبانگی کولتوورەکەت دەگەشێتەوە، کەمتر تووشی ئاژاوە و کێشە دەبیت و هەزار و یەک سوودی دیکە...

کاتی خۆی پێشینانمان بێ ئەوەی بزانن نەرمەهێز چییە و بێ ئەوەی جۆزیف نای-ش بناسن؛ وتوویانە: "مار بە قسەی خۆش لە کون دێتە دەرێ"، دوور لە کورد ئەوە نییە بابای هیندییش بە زووڕنایەک ماری کۆبرا دەخاتە سەما، کەواتە هەموو ئەوەی دەربارەی نەرمەهێز وتوومانە درووستە و تەنانەت ماریش بە شێوازی خۆی دەکرێتە دۆست و کاری تێ دەکرێت، بەڵام ئەوەی جێی پرسیارە ئەوەیە، ئایا نوخبەی سیاسیی و حوکمڕانان و ڕۆشنبیران و جەماوەری کورد تا چەند ئاگایان لەم چەمکەیە؟ تا چەند لێی تێگەیشتوون و تا چ ئاستێکیش دەتوانن بەکاری بهێنن؟


PM:12:04:01/02/2023


ئه‌م بابه‌ته 3652 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو