نوێترین لێدوانی وه‌زیری دارایی له‌سه‌ر مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم
وێستگه نیوز-
وه‌زیری دارایی و ئابووری هه‌رێمی كوردستان له میانی پێشوازیكردنی له به‌رپرسی نوسینگه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی یه‌كێتی ئه‌وروپا له هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند كه حكومه‌ت به‌رده‌وام ده‌بێت له‌دابین كردنی مووچه و پێداویستیه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان و له‌كاتی پێویستیشدا وه‌فدی هه‌رێم ئاماده‌یه سه‌ردانی به‌غداد بكاته‌وه.
وه‌زیری دارایی له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه ٢٠٢٣/١/٣١ ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی و ئابوری له دیوانی وه‌زاره‌ت پێشوازی كرد له دكتۆر تۆركیلد بیوگ به‌رپرسی نوسینگه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی یه‌كێتی ئه‌وروپا له هه‌رێمی كوردستان.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه‌دراوه كه "له دیدارێكدا وه‌زیری دارایی خۆشحاڵی خۆی به‌سه‌ردانی كونسوڵ ده‌ربڕی و سوپاسی یه‌كێتی ئه‌وروپای كرد كه له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه ڕۆڵی كاریگه‌ریان هه‌بووه له‌یارمه‌تیدان و پاراستنی هه‌رێمی كوردستان، هاوكات دواین په‌ره‌سه‌ندنی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی عێراقی بۆ وه‌فدی میوان ڕوون كرده‌وه، به‌تایبه‌ت دوای ده‌رچونی بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی په‌یوه‌ست به‌پرسی ناردنی به‌شه بودجه‌ی هه‌رێم".
وه‌زیری دارایی ڕاشیگه‌یاند كه "بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی به‌نیسبه‌ت حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی عێراقیشه‌وه چاوه‌ڕوان نه‌كراو بووه و پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ڕێكه‌وتن و لێك تێگه‌یشتنانه بووه كه له‌نێوان هه‌ردوولادا هه‌بووه له سه‌ر پرسی بودجه‌و نه‌وت و ماده‌ی ١٤٠و هه‌ندێك پرۆژه‌یاسای تر".
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو كه "دكتۆر توركیلد بیوگ به‌رپرسی نوسینگه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی یه‌كێتی ئه‌وروپا زۆر سوپاسی وه‌زیری دارایی كرد بۆ خستنه‌ڕوی دواین په‌ره‌سه‌ندن و هه‌وڵه‌كانیان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی عێراق، هیواشی خواست هه‌ردولا به ڕێگه‌ی گفتوگۆ‌و ئاشتیانه بگه‌نه ڕێكه‌وتن و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، ئاماده‌یی خۆشیانی نیشاندا بۆ لێكنزیك بونه‌وه‌و هاوكاری زیاتر له‌و بواره‌دا".
له‌كۆتایی دیداره‌كه‌شدا وه‌زیری دارایی ڕایگه‌یاند كه "سه‌رباری بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی ، حكومه‌تی هه‌رێم به‌رده‌وام ده‌بێت له‌دابین كردنی مووچه‌و پێداویستیه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان و له‌كاتی پێویستیشدا وه‌فدی هه‌رێم ئاماده‌یه سه‌ردانی به‌غداد بكاته‌وه".
جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه كه "وه‌ك حكومه‌تی هه‌رێم باوه‌ڕمان به‌چاره‌سه‌ری كێشه‌كانه به‌ڕێگای گفتوگۆ‌و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا نیه‌ت و هه‌وڵی باش له‌هه‌ردولاوه هه‌یه و چاوه‌ڕێی ده‌رچه‌و هه‌نگاوی نوێین له لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه بۆ ناردنی به‌شه بودجه‌ی هه‌رێم تا ده‌رچونی یاسای بودجه له‌په‌رله‌مانی عێراق".
ئاوات شێخ جه‌ناب راشیگه‌یاند كه "له‌م كاته‌دا دۆخی عێراق ناخوازێت كێشه‌ی زیاتر بۆخۆی دروست بكات، عێراق و هه‌رێم پێویستیان به‌دۆخێكی ئارام هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ئه‌و لێكتێگه‌یشتن و پرۆژانه ته‌واو بكه‌ن كه له سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربونی كابینه‌ی محه‌مه‌د شیاع سودانیه‌وه كاریان له سه‌ركراوه به پێی ڕێكه‌وتنی نێوان هه‌ردولا، له‌وانه پرۆژه یاسای بودجه‌ی ساڵی ٢٠٢٣ عێراق و پرۆژه یاسای نه‌وت و غاز‌و ماده‌ی ١٤٠ و هه‌ندێك پرۆژه یاسای تر".
PM:09:01:31/01/2023
ئه‌م بابه‌ته 1120
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت