زۆمبی؛ خوێنمژ یان ڕزگارکەر؟


وێستگەنیوز_

زۆمبی لە ئەفسانەکانی هاییتیی و هەروەها لە ئایینی فۆدۆی ئەفریقاییشدا هەیە، کە بریتییە لەو مردووانەی لەڕێی تەکنیکی ئامادەکردنی گیانەکانەوە زیندوو کراونەتەوە. ئەو مەخلووقە سەیر و سەمەرە و تۆقێنەرە لە سەدان کاری ئەدەبیی و هونەرییدا تەوزیف کراوەتەوە. ناوی زۆمبی یەک دەگرێتەوە لەگەڵ یەکێک لە ناودارترین سەرکردە ئەفریقییەکانی بەرازیل، کە دژی کۆیلایەتیی جەنگاوە و لەو پێناوەشدا سەری خۆی داناوە. کەواتە زۆمبی کێیە؟

هەر کەسێک تەماشای فیلم بکات و حەزێکی زۆر سەرەتاییشی بۆ سینەما هەبێت، دەزانێت زۆمبی جۆرە فیلمێکی زۆر برەودارە کە سەر بە ژانرەی تۆقێنەر-Horrorـە و بینەرێکی بێشوماری هەیە.

زۆمبی ئەو بوونەوەرە نیمچەزیندووەیە کە دیمەنێکی ئێجگار تۆقێنەری هەیە و بە دەرکەوتنی لە فیلمدا کەشی مردن و هەڵهاتن و خۆشاردنەوە دەست پێ دەکات. "شەوی زۆمبی" یەکەم فیلمی زۆمبییە لە لایەن هۆڵیودەوە لە ساڵی 1968 بەرهەمهێنراوە. لەودەمەوە هەتا ئێستا سەدان و بگرە هەزاران فیلم کە زۆمبییەکان پاڵەوانین بەرهەم هاتووە.

دەستئەنقەست بێت یان بە پلان، ناوی زۆمبی یەک دەگرێتەوە لەگەڵ یەکێک لە ناودارترین سەرکردە ئەفریقییەکانی بەرازیل، کە دژی کۆیلایەتیی جەنگاوە و لەو پێناوەشدا سەری خۆی داناوە. کەواتە زۆمبی کێیە؟

پاشخانێکی مێژوویی

سەرەتاکانی سەدەی 16، وڵاتە ئەورووپییەکان دەستیان دایە داگیرکردنی وڵات و کیشوەرەکانی دیکە، یەکێک لە زلهێزەکانی ئەو سەردەمە پورتوگال بوو کە سوپایەکی دڕندە و هێزێکی دەریایی لە شکان-نەهاتووی هەبوو. لەو دابەشکارییەی کە هێزە ئەورووپییە داگیرکەرەکان کردیان، ئەمریکای باکوور بەر فەرەنسا و بەریتانیا کەوت و ئەمریکای باشووریش لە نێوان ئسیپانیا و پورتوگالدا دابەش کرا، بەرازیلی فراوان و گەورە و بەپیت بەر پورتوگال کەوت.

ڕاستە لەو دەمەدا پوروتوگال هێزێکی سەربازیی بەهێز و ڕێکخراو و پڕچەکی هەبوو، بەڵام بۆ ئەوەی زەمینی فراوانی بەرازیل ئاوەدان بکاتەوە، زۆر ئاتاجی بە دەستی کار بوو، هەربۆیە پەنای بردە بەر ئەفریقا.

لەوێ لە ڕێی وەکیلە ئەفریقییەکانەوە، بەسەر گوندە بێوەی و ئارامەکانی ئەفریقایاندا دەدا، وەکو چۆن ئاژەڵ ڕاو دەکرێت؛ بەو جۆرە گوندنشینە ئەفریقییەکانیان ڕاو دەکرد و دەیانکردنە کۆیلە و بە کەشتیی گەورە دەیانگوێزانەوە بۆ ئەمریکای لاتین کە بە پێی خەمڵاندنێک ئەوکاتە 500 هەزار کۆیلەیان بردووەتە بەرازیل و لە سەرتاسەری ئەمریکای لاتینیش 13 ملیۆن کۆیلەی لێ بووە.

ئەفریقییەکانی بەرازیل

زۆرینەی ئەو 500 هەزار کۆیلەیەی بەرازیل لە ئەنگۆلا و کۆنگۆوە برابوون و مسوڵمانیش بوون، ئەمانە بەهۆی چەوساندنەوەی زۆرەوە، بیریان لە یاخیی بوون دەکردەوە، هەتا ئەو کاتەی ژمارەیەکی بەرچاویان بۆ ناو جەنگەڵ و دارستانە چڕەکانی کۆلۆنیی 'باهیا' و 'پاڵماریس' هەڵهاتن. بەتایبەتیی ژمارەی ئەوانەی بۆ کۆلۆنی 'پاڵماریس' هەڵهاتن زۆر زیادی کرد و لەناویشیاندا کچەزای پاشای کۆنگۆ هەبوو کە ناوی گانگا زۆمبا بوو.

گانگا سەرکردایەتیی ئەمانەی کرد و لە پورتووگالییەکان یاخیی بوون، بە هۆی ئەوەی زۆرینەی کۆیلەکان خەڵکی دەستڕەنگین بوون لە بواری کشتوکاڵ و بیناسازیی و هونەری جەنگ و خۆشاردنەوەدا، توانیان ناوچەیەکی دوورەدەستی عاسیی هەڵبژێرن و ساڵی 1605 لەوێ قەوارەیەکیان بونیاد نا بە ناوی قەوارەی 'پاڵماریس. بە قوللـە و دیواری ئەستووریی قوڕین چواردەوریان گرت، پاشانیش سوپایەکی پارێزگارییان درووست کرد، کە دواتر ژمارەیەکی بەرچاو لە هیندییە ڕەسەنەکانی ئەمریکای لاتین و ژمارەیەک لە سپی پێستانی هەژار و پەراوێزکەوتەش هاتنە ناوی و بەپێی خەمڵاندنەکان ژمارەی دانیشتووانی ئەم قەوارەیە 30 هەزار کەس بووە.

ژمارەی قەوارەی ڕزگارکراوی ئەفریقییەکان بۆ 9 قەوارە زیادی کرد و هەمووشیان لەژێر سەکردایەتیی گانگا زۆمبادا بوون. ئەمانە مسوڵمان بوون، قورئانیان دەخوێند و نوێژیان دەکرد و پابەندی شەریعەتی ئیسلام بوون. قەوارە ڕزگارکراوەکان بە تەواوەتیی خۆژیێن بوون و هەموو پێداویستییەکانی خۆیانیان بەرهەم دەهێنا، بەڵام گانگا زۆمبا بە هۆی زۆریی شەڕ و شۆڕ و نائارامییەوە پێشنیارێکی پێدرۆ ئەلمێدا، فەرمانڕەوای پورتوگالی پەسەند کرد بۆ ئاگربەست و ئاشتەوایی، کە لە بەرامبەر داننان بە فەرمانڕەوایی پرتوگالییەکاندا، فەرمانڕەوای پورتوگالیی دان بە ئازادیی هەڵهاتووەکاندا دەنێت و وازیان لێ دەهێنێت ژیانی خۆیان بژین.

درەوشانەوەی ئەستێرەی زۆمبی

وەکو هەمیشە، ژمارەیەکی بەرچاو لە جەنگاوەران دژی پەیماننامەی ئاشتەوایین، بەتایبەتیی ئەگەر دوژمنەکە پورتووگال بێت کە هیچکات گوێ بە پەیمانەکانی نادات و هەر کات بۆی لووا دەیدڕێنێت و چی بووێت دەیکات. یەکێک لە نەیارە سەرسەختەکانی ئەو ڕێککەوتنەش گەنجێکی پڕ جۆش و خرۆش بوو کە ناوی گانگا زۆمبی بوو و خوشکەزای گانگا زۆمبا بوو.
 
زۆمبی؛ لە قەوارە ئازادەکەی خاڵیدا بە ئازادیی لەدایک ببوو؛ ئەو هیچکات ژیانی کۆیلایەتیی نەدیبوو، زۆر گەنج بوو کە بووە جەنگاوەر لەژێر فەرماندەیی خاڵیدا. بەپێی گێڕانەوە مێژووییەکان نەیارەکانی ڕێککەوتن گانگای سەرکردەیان ژەهرخوارد دەکەن، دواتر گینگی زۆمبی دەکەنە سەرکردەیان، زۆمبی لەنێوان ساڵانی 1674-1694 جەنگێکی گەورەی دژی پورتوگالییەکان بەرپاکرد و دەیان ناوچەی دیکەی ویلایەتی باهیای خستە سەر قەوارەی پاڵماریس.

بەهۆی لاسەنگیی هێز و زۆریی ژمارەی سەربازانی پورتوگال و ماوەی درێژی شەڕەکان، سوپای زۆمبی ماندووبوون، خۆشی لە 20ـی تشرینی دووەمی ساڵی 1694 لە شەڕێکدا بریندار بوو و بەهۆی زمانلێدانی یەکێک لە شوێنکەوتووانی پورتووگالییەکان شوێنەکەیان دۆزییەوە. هەمان ڕۆژ سەری و ئەندامی زاووزێیان بڕیی و جەستەکەشیان بە خراپی شێواند و بە هەموو ویلایەت و شارەکانی بەرازیلدا گێڕایان هەتا ببێتە عیبرەت بۆ هەر کەسێک تەحەددای دەسەڵاتی داگیرکەران دەکات.

پورتوگالییەکان هەر بەوەندەوە نەوەستان، کۆمەڵکوژییەکی بێوێنەیان لە هەمبەر دانیشتووی قەوارە ئازادکراوەکانی پاڵماریس و باهیا و ئەوانی دیکە کرد، ئەوانەشی مانەوە بەسەر چەندان ناوچەی دوورەدەست و لێکدابڕاو بڵاوکرانەوە. 

شێواندنی وێنەی زۆمبی

پورتوگالییەکان لەگەڵ کۆتاییهێنان بە بزاڤی دژەکۆیلایەتیی گانگا زۆمبی، هەرچی دۆکیومێنت و ئاسەوارێکیانە لەناویان برد، هەڵمەتێکی گەورەی شێواندنی وێنەکەشیان دەست دایێ، هەر کاتی خۆشی بە پایتەختی پاڵماریسیان دەوت 'ماکاکۆس' کە بە مانای مەیموونەکان دێت بە زمانی پورتوگالی، هەر زانیارییەک لەبارەی ئەو مرۆڤە ئازادیخوازانەوە هەبوو لە پورتوگالییەکانەوە گوێزراوەتەوە.

بەڵام سەرباری هەموو شێواندنەکانیش؛ لە ئەدەبیاتی سیاسیی و میللیی و هونەریی بەرازیلییەکاندا زۆمبی سەرکردەیەکی ئازا و ئازاد و چاونەترس بووە، لە سەرانسەری بەرازیل چەند پەیکەرێکی بۆ کراوە، ساڵانە لە 13ـی تشرینی دووەم، بەرازیلییەکان لە ڕۆژی هۆشیاریی ئەفرۆ-بەرازیلییدا یادی زۆمبی بەرز ڕادەگرن، بەڵام ئەو بەرازیلییە بەڕەگەز ئەفریقییانەی ئاگاداری مێژوون، ڕۆژی 20ـی تشرینی دووەم یادەکە دەکەنەوە، ئەویش بۆ ئەوەی بەرخۆدانی گانگا زۆمبی بەزیندوویی بهێڵنەوە لەو ڕۆژەدا لە دەستگیر کرا و بووە قوربانیی ئازادکردنی ئەفریقییەکان.

ئێستا قسەکە ئەوەیە، ئایا زۆمبییەکانی ناو سینەما چ شتێک دەیانبەستێتەوە بەم زۆمبییەوە؟ ئایا زۆمبیی خوێنخۆرە یان ڕزگارکەر؟ ئەو پرسیارە بۆ تۆ جێدەهێڵین.


PM:05:07:29/01/2023


ئه‌م بابه‌ته 2856 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو