نێچیرڤان بارزانی: بڕیاری‌ ئه‌مڕۆی‌ دادگای‌ باڵای‌ فیدراڵیی‌ عێراق ته‌واو نادادپه‌روه‌ر و سته‌مكارانه‌یه‌

‌نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی كوردستان

وێستگه‌نیوزـ

سەرۆکی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بڕیاری‌ ئه‌مڕۆی‌ دادگای‌ باڵای‌ فیدراڵیی‌ عێراق بڕیارێكی‌ ته‌واو نادادپه‌روه‌ر و سته‌مكارانه‌یه‌ و ئه‌و بڕیاره‌ نه‌ك ته‌نیا مووچه‌خۆران و خه‌ڵكی‌ كوردستان كه‌ هاووڵاتیی‌ عێراقن، به‌ڵكو ته‌واوی‌ پرۆسه‌ و سه‌قامگیریی‌ سیاسی‌ و ئه‌و رێككه‌وتنه‌ش به‌ ئامانج ده‌گرێت كه‌ حكوومه‌تی‌ نوێی‌ فیدراڵیی‌ عێراقی‌ له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌.

ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی كانوونی دووه‌م، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵییەوە بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بڕیاری‌ ئه‌مڕۆی‌ دادگا‌ی‌ باڵای‌ فیدراڵیی‌ عێراق به‌ نادروستیی‌ ناردنی‌ شایسته‌ی‌ دارایی‌ و مووچه‌ی‌ مووچه‌خۆرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ فیدراڵیی‌ عێراقه‌وه‌ له‌ ساڵانی‌ 2021 و 2022 بڕیارێكی‌ ته‌واو نادادپه‌روه‌ر و سته‌مكارانه‌یه‌.

دەشڵێت، "ئه‌و بڕیاره‌ نه‌ك ته‌نیا مووچه‌خۆران و خه‌ڵكی‌ كوردستان كه‌ هاووڵاتیی‌ عێراقن، به‌ڵكو ته‌واوی‌ پرۆسه‌ و سه‌قامگیریی‌ سیاسی‌ و ئه‌و رێككه‌وتنه‌ش به‌ ئامانج ده‌گرێت كه‌ حكوومه‌تی‌ نوێی‌ فیدراڵیی‌ عێراقی‌ له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌".

ئاماژەی بەوەشکردووە، عێراق به‌ پرۆسه‌یه‌كی‌ درێژ و ئاڵۆزی‌ سیاسی‌ و ناسه‌قا‌مگیریدا تێپه‌ڕی‌ تا دواجار حكومه‌تێك له‌ به‌غدا هاته‌ كایه‌وه‌ كه‌ خه‌ڵكی‌ عێراق هیوا و ئومێدیان له‌سه‌ر قۆناغێكی‌ سه‌قامگیر و باشتری‌ داهاتوو هه‌ڵچنی‌.

باسی لەوەشکردووە، هه‌موو چاوه‌ڕوانییه‌ك له‌ دادگا‌ی‌ باڵای‌ فیدراڵیی‌ عێراق ئه‌وه‌بوو كه‌ به‌ پاراستنی‌ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ هه‌موو پێكهاته‌كانی‌ عێراق و به‌ رە‌چاوكردنی‌ دۆخی‌ سیاسی‌، نه‌بێته‌ هۆی‌ شێواندنی‌ ئه‌و ده‌رفه‌ت و كه‌شه‌ ئه‌رێنییه‌ی‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كیشه‌كانی‌ وڵات، به‌تایبه‌تی‌ كێشه‌كانی‌ هه‌ولێر و به‌غدا دروست بووه‌ و سه‌قامگیریی‌ سیاسیی‌ عێراق نه‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئه‌م بڕیاره‌ی‌‌ دادگای‌ باڵای‌ فیدراڵیی‌ عێراق له‌م كاته‌دا، جگه‌ له‌وه‌ی‌ گومان و ده‌یان نیشانه‌ی‌ پرسیاری‌ گه‌وره‌ دروست ده‌كات، هه‌روه‌ها بابه‌تی‌ په‌له‌كردن له‌ ده‌رچوواندنی‌ یاسایه‌كی‌ تازه‌ بۆ دووباره‌ دامه‌زراندنه‌وه‌ی‌ دادگا‌كه‌ ده‌هێنێته‌ پێشه‌وه‌، وه‌ك‌ به‌شێكی‌ گرنگ و سه‌ره‌كیی‌ رێككه‌وتنی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان‌ بۆ دامه‌زراندنی‌ حكومه‌تی‌ نوێی‌ فیدراڵیی‌ عێراق.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ لەسەر سکاڵایەکی چەند پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی عێراق لەبارەی ئەو بڕە پارانەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ناردوویەتی بۆ هەرێم دادگای باڵای فیدڕاڵی بڕیاری بە نایاسایبوونی ناردنی ئەو پارانە دا.

مستەفا سەنەد، پەرلەمانتاری سەربەخۆ ئاماژەی بەوەدا، هەموو ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی وەزیرانی ئێستا داویەتی بۆ ناردنی پارە بۆ هەرێم هەڵدەوەشێندرێتەوە، بەڵام بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی پێشوو کاتیان بەسەردا چووە و جێبەجێکراون بەڵام هەر نایاسایین.

دواتریش، حکومەتی هەرێم لەبارەی بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدڕاڵی عێراقەوە سەبارەت بە نایاسایی ناساندنی ناردنی هەر جۆرە پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەڵێت، "ئەم بڕیارانە، پێشێلکردنێکی زەق و ئاشکرای دەستووری عێراقە و دژی رێککەوتننی لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەتە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ".

لە لایەکی دیکەشەوە، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بۆ بە نایاسایی ناساندنی ناردنی هەر جۆرە پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەشڵێت، "بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی هەڵوێستێکی دیکەی دوژمنکارانەیە بەرامبەر هەرێمی کوردستان".





AM:12:14:26/01/2023


ئه‌م بابه‌ته 1360 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو