سه‌ركرده‌یه‌كی ده‌وڵه‌تی یاسا: بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵی ده‌ستی سیاسی له‌ پشته‌وه‌ نییه‌


وێستگه‌نیوزـ

سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی لە بارەی نایاسایی ناردنی شایستەی دارایی بۆ هەرێم دەستووریە و هیچ دەستێکی سیاسی لە پشت نییە و پێویستە حزبە کوردییەکان لەوە تێبگەن کە بنەماکانی دەستوور لە پێش رێککەوتنی سیاسییەوەیە.

سەعد مەتڵەبی، سەرکردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە دەنگی ئەمریکای رایگەیاند، ئەو بڕیارانەی دادگای فیدڕاڵی لە بارەی نایاسایی بوونی ناردنی شایستەی دارایی بۆ هەرێم دەستورییە و دەشڵێت، "داواکاری حزبە کوردییەکان نا دەستوورییە".

ئاماژەی بەوەشدا، رێکكەوتنی سیاسی و دەستوور دوو بنەمای جیاوازن و حزبە کوردییەکانیش ئەندامن لە دامەزراندنی ئەو دەستوورەی لە ئێستادا عێراق کاری پێدەکات و لەبەر ئەوەش لەسەریان پێویستە تێبگەن لەوەی کە بنەمکانی دەستوور لە سەرووی رێککەوتنی سیاسییەوەیە.

باسی لەوەشکرد، حزبە کوردییەکانی هەرێم لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی عێراق بەشێوەیەک رێککەوتنیان ئەنجامداوە کە لەدەرەوەی یاسا نەبێت، هاوکات زۆربەی پارێزگاکانی عێراق پێیان وایە کە داوکارییەکانی هەرێم نایاساییە و دەبێت هەرێم هەماهەنگ بێت بۆ دەرکردنی یاسای نەوت و غاز.

سەبارەت بە وتەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی لەبارەی بوونی دەستی سیاسی لە پشت بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق ئەوەی روونکردەوە، دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بە تەواوەتی سەربەخۆیە و دوورە لە بەشداریکردنی سیاسی.

ئەمەش لە دوای ئەوە دێت، دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق ناردنی شایستەی دارایی لە عێراقەوە بۆ هەرێم بە نایاسایی ناساند.

لەسەر ئەو بڕیارەی دادگای باڵای عێراق مەسعود بازرانی، سەرۆکی پارتی رایگەیاند: بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی هەڵوێستێکی دیکەی دوژمنکارانەیە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمیش وتی، "ئەم دادگایە بە شێوەیەکی دەستووری پێکنەهاتووە و رێک نەخراوە و ناتوانێت وەک دادگایەکی فیدڕاڵی بڕیار بدات، بۆیە بڕیارەکانی رەتدەکەینەوە و داواش لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین، نەچێتە ژێرباری ئەم بڕیارە و پابەند بێت بەو بەڵێنانەی کە بۆ ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان داویەتی".


PM:11:51:25/01/2023


ئه‌م بابه‌ته 1448 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو