کاوە مەحموود: لە کوردستان قەیرانی‌ حوکمڕانێتی‌ و لە عێراقیش قەیرانی‌ دەوڵەت هەیە

‌کاوە مەحمود، سكرتێری كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزبی شیوعی كوردستان

وێستگه‌نیوزـ

کاوە مەحمود، سكرتێری كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزبی شیوعی كوردستان رایگەیاند، لە هەرێمی‌ کوردستان کێشەی‌ حوکمڕانی‌ و لە عێراقیشدا قەیرانی‌ دەوڵەت هەیە، روونیشی‌ کردەوە کە پرسی‌ نووسینەوەی‌ دەستوور بنەمایەک دەبێت بۆ زۆرێک لە کێشەکانی‌ ئێستای‌ هەرێمی‌ کوردستان.


کاوە مەحمود، لەمیانی کۆڕێکی‌ سیاسی‌ فراواندا كه‌ بۆ بەشێک لە کادر و رێکخستنەکانی حزبه‌كه‌ی له سنووری مەڵبەندی راپەڕینی حزبه‌كه‌ی ئێوارەی‌ ئه‌مڕۆ چوارشەممە 25ی كانوونی دووه‌می 2023، لە شاری رانیە بەڕێوەچوو رایگەیاند، لە کوردستاندا قەیرانێکی‌ قوڵی‌ حوکمڕانێتی‌ هەیە، ئەو قەیرانەیش خۆی‌ لە تۆخ بوونەوەی‌ دیاردەی‌ دوو ئیدارەیی‌، پەرەسەندنی‌ هەموو جۆرەکانی‌ گەندەڵی‌، دەستوەردانی‌ حزب لە کاروبارەکانی‌ حکومەت، بوارەکانی‌ ئاسایش، هێزەکانی‌ پێشمەرگە، داهاتی‌ گومرگەکان و زۆربواری‌ دیکەدا دەبینێتەوە.

وتیشی‌: "رێککەوتنی‌ دوو قۆڵیی‌ دوو حزبی‌ دەسەڵاتدار چارەسەری‌ قەیرانی‌ حوکمڕانێتی‌ لە هەرێمی‌ کوردستاندا ناکات، چارەسەری‌ بنەڕەتی‌ قەیرانی‌ حوکمڕانێتی‌ بە بەدامەزراوەیی‌ کردنی‌ دەزگاکانی‌ حکومەت و نەهێشتنی‌ دیاردەی‌ دوو ئیدارەیی‌، نەهێشتنی‌ گەندەڵی‌ و نووسینەوەی‌ دەستووری‌ هەمیشەیی لە کوردستان دەکرێت".

ناوبراو لەسەر پرسی‌ دەستوور زیاتر وەستا و رایگەیاند، "لە کوردستان پێویستی‌ زۆرمان بە دەستوورێکی‌ نیشتمانی‌ هەیە کە بنەما بێت بۆ چارەسەرکردنی‌ کێشەکان و یەکلایی‌ کردنەوەی‌ ململانێ ناوخۆییەکان. وتیشی: "ململانێ ناوخۆییەکان بە رێکەوتنی‌ دوو قۆڵیی حزبەکان یەکلایی‌ نابێتەوە، بەڵکو دەستوور دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ نەهێشتنی‌ ناکۆکی‌ و ململانێ ناوخۆییەکان".

"ئەگەر پێش روخاندنی‌ رێژیمی‌ سەدام حسێن دەستوورمان هەبوایە زۆرێک لەوکێشانەی‌ ئێستای‌ نێوان هەولێر و بەغدا بوونیان نەدەبوو، ئەگەر پێشتر دەستوورمان هەبوایە ئەوا لەدوای‌ نەمانی‌ رێژیمی‌ بەعس بەشێوەیەکی‌ جیاوازتر لەوەی‌ ئێستا مامەڵەمان لەگەڵ بەغدای‌ دوای‌ سەدامدا دەکرد"، د. کاوە مەحموود وایوت.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی‌ په‌رلەمانی‌ کوردستانیش رایگەیاند، "هیچ کاتێک و بە بیانووی‌ نا لۆژیکی‌ لەگەڵ ئەوەدا نین هەڵبژاردن دوابخرێت، پێویستە هەڵبژاردن لەکوردستان ببێتە نەریت و هەڵبژاردنەکان لەکاتی‌ خۆیاندا بەڕێوەبچن. ئێمە پشتگیری‌ بەڕێوەچوونی‌ هەڵبژاردنێکی‌ پاک و بێگەرد و هەروەها دوور لە دەستوەردان دەکەین".

سەبارەت بە ململانێی‌ نێوان بەشێکیش لە حزبەکانی‌ کوردستان لەسەر گۆڕینی‌ یاسای‌ هەڵبژاردنەکان، د. کاوە روونی‌ کردەوە، "ناکرێ بۆ هەر هەڵبژاردنێک حیزبەکان یاسای‌ هەڵبژاردنەکان بگۆڕن بۆ بەرژەوەندی‌ خۆیان".

لەو بارەیەشەوە ناوبراو زیاتر وتی‌: "حزبەکانی‌ حوکمڕان و هەروەها بەشێکی‌ تری‌ حزبەکانی‌ دەرەوەی‌ حکومەت لەسەر کۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هەڵبژاردنەکان کێشەیەکی‌ ئەوتۆیان نییە، چونکە ئەو کۆمسیۆنەیان لەسەر پشک پشکێنەی‌ بەرتەسکی‌ حزبی‌ پێکهێناوە. پرسیارەکە ئەوەیە: خێرە لەسەر کۆمیسۆنی‌ هەڵبژاردنەکان هاوڕان کە بەپێی‌ بەرژەوەندی‌ حزبی‌ دروستتان کردووە، بەڵام لەسەر یاسای‌ هەڵبژاردنەکان ناکۆکن چونکە لەبەرژەوەندیتاندا نییە"؟.

لە باسی پەیوەندیدار بە رەوشی سیاسی عێراق، کاوە مەحموود ئاماژەی بەوەدا، كه‌ گرفتی ئێستای عێراق تەنھا نیزامی سیاسی و کێشەی لایەنەکان نییە، بەڵکو عێراق گرفتی دەوڵەتی مەدەنی ھەیە، کێشەکە کێشەی‌ قەیرانی‌ دەوڵەتە لەعێراقدا.

کاوە مەحموود ئەوەی‌ ڕوون کردەوە، "دەوڵەتی‌ عێراق لەسەرەتای‌ بیستەکانی‌ سەدەی‌ رابردوودا بەشێوەیەکی‌ زۆرەملێ و بێ رەزامەندی‌ پێکهاتەکانی‌ عێراق و کوردستان درووست کراوە، دەوڵەتی‌ عێراق دەوڵەتێک نەبووە بەشێوەیەکی‌ ئارەزوومەندانەی‌ عێراقییەکان و گەلی‌ کوردستانیش درووست بووبێت، بەڵکو ئەو دەوڵەتە دەوڵەتێکی‌ هاوردەی‌ سەردەمی‌ داگیرکاریی‌ بووە و بە ئارەزوومەندانە نەبووە".

"ئەو عەقڵیەتە لیبڕالییەی‌ کە لەدەرەوە هاتووە ویستوویانە لە عێراق موتوربەی‌ بکەن سەرکەوتوو نەبووە و بۆداهاتووش سەرکەوتوو نابێت. تەنانەت لە هەندێک شوێنی‌ ئەوروپاشدا سەرکەوتوو نەبووە وەک سکۆتلەندا و کەتەلۆنیا. بۆیە ئەو قەیرانە لەعێراقدا بەردەوام دەبێت". سکرتێری‌ کۆمیتەی‌ ناوەندی‌ حزبی‌ شیوعی‌ کوردستان وایوت.

ناوبراو جەختیشی‌ لەسەر ئەوەکردەوە"بەو عەقڵیەتەی‌ ئێستا لە عێراق حوکم دەکات قەیرانی‌ دەوڵەت چارەسەر نابێت. بۆیە حیزبی‌ شیوعی‌ کوردستان لە درووشم و بەرنامەی‌ سیاسی‌ خۆیدا جەخت لەسەر "مافی‌ بڕیاردانی‌ چارەنووس "دەکاتەوە کە بۆ گەلەکەمان مافێکی‌ رەوایە و کەس ناتوانێ ئەو مافە لە گەلەکەمان زەوت بکات".

سەبارەت بە بەرز و نزمی‌ بەهای‌ دیناری‌ عێراقی‌ لەبەرامبەر دۆلاریشدا کاوە مه‌حمود ئاماژەی‌ بەوەدا کەچارەسەری قەیرانی‌ بەرز و نزمی‌ بەهای‌ دینار لەبەرامبەر دۆلاردا بە گۆڕینی پارێزگاری بانکی ناوەندی ناکرێت، چونکە بنچینەی‌ کێشەکە پەیوەندی‌ بە ئەدا و ئاستی کەسی بەرپرسانی دارایی و بانکی ناوەندی عێراقەوە نییە هەروەک سەرۆک وەزیرانی‌ عێراق بە لادانی‌ پارێزگاری‌ بانکی‌ ناوەندییەوە نیشانیدا، بنەڕەتی کێشەکە خۆی لە سیاسەت و بەرنامەی ئابووری و دارایی دەبینێتەوە، بۆیە بە گۆڕینی بەرنامەی ئابووریی و دارایی دەکرێت ئەو قەیرانە چارەسەر بکرێت، بەجۆرێک کە ڕەنگدانەوەی لەسەر سیاسەتی بانکی ناوەندی هەبێت.

سکرتێری‌ کۆمیتەی‌ ناوەندی‌ حزبی‌ شیوعی‌ وتیشی‌: "هەموو ئەو قەیرانانەی‌ ئێستا لە عێراقدا روودەدەن کارتێکەرییان هەیە لەسەر رەوشی‌ ناوخۆیی‌ کوردستان. بۆئەوەی‌ بتوانین رووبەڕووی‌ ئەو دۆخە ببینەوە دەبێت کوردستانێکی‌ سەقامگیرمان هەبێت لەبواری‌ سیاسی‌، ئەمنی‌، کۆمەڵایەتی‌ و ئابووریدا".

ناوبراو روونیشی‌ کردەوە کە حزبی‌ شیوعی‌ کوردستان بۆ هەموو ئەو قەیرانانەی‌ لە عێراق و هەرێمی‌ کوردستاندا دێنە پێشەوە قسەی‌ خۆی‌ هەیە بۆ هەموو قەیرانەکانیش چارەسەر و ئەلتەرناتیڤی‌ پێیە، هەروەك وتیشی‌: "حزبی‌ شیوعی‌ حزبێکی‌ سیاسییە و سەنتەری‌ توێژینەوە نییە تەنها شیتەڵی‌ دۆخەکە بکات، بەڵکو چارەسەریشی‌ پێیە. دەبێت کارلەسەر ئەوە بکرێت ئەو سیاسەت و پەیامە بە خەڵک بگات و خەڵکەکە تەیار بکرێت بۆ گۆڕانکاری‌. ئێمە هەڵگری‌ پەیامی‌ گۆڕانکاری‌ سیاسی‌ و کۆمەڵایەتین".

هەروەها ناوبراو ئەوەشی‌ وت: "گۆڕانکاری‌ سیاسی‌ و کۆمەڵایەتی‌ رێگایەکی‌ دوور و درێژە، پشوودرێژی‌ دەوێت. لەو رێگایەشدا بەربەست و ئاڵنگارییەکی‌ زۆر دێنەپێشەوە، بۆئەو مەبەستەیش پێویستیمان بەهەموو شێوازەکانی‌ تێکۆشان هەیە. لەپێناوی‌ داکۆکیکردنیش لە خەڵک و پرسی‌ گۆڕانکاری‌ سیاسی‌ و کۆمەڵایەتیدا لە هەڵبژاردنی‌ هەر شێوەیەکی‌ تێکۆشاندا سڵ ناکەینەوە".

بەشێکی‌ تری‌ تەوەری‌ قسەکانی‌ ناوبراو تەرخان کرا بۆ پرسی‌ ژنان و جێندەر لە هەرێمی‌ کوردستاندا و رایگەیاند کە بەشێوەیەکی‌ مەبەستدار و پلان بۆ دڕێژراو کار لەسەر شێواندنی‌ چەمکی‌ جێندەر دەکرێت و لەو نێوەشدا شاڵاوێکی‌ ناڕەوا لە هێرش و پەلاماردان بۆسەر ژنان و بزووتنەوەی‌ ئازادیخوازیی‌ ژنان لە کوردستان هەیە.

ناوبراو ئەو هێرش و پەلاماردانەشی‌ کە بۆسەر ژنان و پرسی‌ ژنان لە کوردستان دەکرێت بە "تیرۆری‌ کۆمەڵایەتی‌" ناوبرد و رایگەیاند ئەو پەلاماردان و هێرشانە بۆئەوەیە پێگەی‌ ژن لە کۆمەڵگادا لاواز بکرێت، دەسەڵاتیش لەو نێوەدا بێدەنگە".



PM:11:41:25/01/2023


ئه‌م بابه‌ته 1128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو