حکومەتی هەرێم لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵییەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە


وێستگه‌نیوزـ

حکومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدڕاڵی عێراقەوە سەبارەت بە نایاسایی ناساندنی ناردنی هەر جۆرە پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەڵێت، "ئەم بڕیارانە، پێشێلکردنێکی زەق و ئاشکرای دەستووری عێراقە و دژی رێککەوتننی لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەتە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ".

ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی كانوونی دووه‌می 2023، حکومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بە داخەوە ئەمڕۆ دادگای ئیتیحاددی، جارێکی دیکەش، دژایەتی خۆی بۆ مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.

دەشڵیت، "ئەم هەڵوێستە نوێیەی ئەم دادگایە، جەختکردنەوەیە لە درێژەدان بە سیاسەتی ناڕەوا و دژایەتیکردنی خۆی بەرامبەر هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا کە کەشێکی ئەرێنی و لەیەکنزیکبوونەوە لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ دروست ببوو بۆ رێککەوتن و چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور".

باسی لەوەشکردووە، بەداخەوە ئەمڕۆ دادگاکە، لە جیاتی پاڵپشتی ئەو كەشە ئەرێنییەی کە دروست بووە، لە بڕیارێكی ناڕەوا و دژ بە خەڵکی کوردستان، رێگری لە ناردنی ئەو بڕە پارەیە کرد کە بڕیار بوو لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین جار شاندی ناردووەتە بەغدا و لە دوا سەردانیشدا، لە بەغدا گفتوگۆی زۆر بەرهەمدار کرا و هەردوولا نیازپاکی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوور و ئەو کارنامەیەی کە لایەنەکان لەسەری رێککەتوون دووپاتکردەوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی فیدڕاڵی دەستوورییە و ئەم بڕیارانە، پێشێلکردنێکی زەق و ئاشکرای دەستووری عێراقە. هەروەها دژی رێککەوتننی لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەتە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ و دژی کارنامەی وەزاری حکومەتی عێراقیشە کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەند کراوە.

دەشڵێت، " لە کارنامەی حکومەتدا لە بڕگەیەکدا بە روونی باس لە خۆدوورگرتن لە هەر رێکاڕێک دەکات کە کێشەکان ئاڵۆزتر بکات (تجنب ایه‌ اجرا‌وات تصعیدیه‌). بۆیە ئێمە ئەو بڕیارەی دادگای ئیتیحاددی، بە بڕیارێک نەک تەنیا دژی هەرێمی کوردستان، بەڵکو دژی حکومەتی نوێی عێراق و لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەت دەزانین".

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش ئاشکراکراوە، پێویستە حکومەتی نوێی عێراق و لایەنە پێکهێنەرەکان هەڵوێستێکی روون و ئاشکرایان بەرامبەر بڕیار و رەفتارە ناڕەواکانی دادگای فیدڕاڵی هەبێت. هەروەک لە کارنامەی وەزاری حکومەتی عێراقیشدا هاتووە کە هەموو لایەنە بەشداربووەکان لە سەری رێککەوتوون.

جەختیشکراوەتەوە، پێویستە لە ماوەی شەش مانگدا، پڕۆژە یاسای دادگای فیدڕاڵی دەربچێت، چونکە لە سایەی ئەم دادگایەی ئێستا، کە بە پێی دەستوور دروست نەکراوە، هیچ دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نییە و نابێت.

دەشڵێت، "هەرێمی کوردستان رێز لە دەستوور و یاسا و دادگا شەرعییەکان دەگرێت، بەڵام ئەم دادگایە بە شێوەیەکی دەستووری پێکنەهاتووە و رێک نەخراوە و ناتوانێت وەک دادگایەکی فیدرالی بڕیار بدات، بۆیە بڕیارەکانی رەتدەکەینەوە و داواش لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین، نەچێتە ژێرباری ئەم بڕیارە و پابەند بێت بەو بەڵێنانەی کە بۆ ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان داویەتی."

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ لەسەر سکاڵایەکی چەند پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی عێراق لەبارەی ئەو بڕە پارانەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ناردوویەتی بۆ هەرێم دادگای باڵای فیدڕاڵی بڕیاری بە نایاسایبوونی ناردنی ئەو پارانە دا.

مستەفا سەنەد، پەرلەمانتاری سەربەخۆ ئاماژەی بەوەدا، هەموو ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی وەزیرانی ئێستا داویەتی بۆ ناردنی پارە بۆ هەرێم هەڵدەوەشێندرێتەوە، بەڵام بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی پێشوو کاتیان بەسەردا چووە و جێبەجێکراون بەڵام هەر نایاسایین.

لە لایەکی دیکەشەوە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بۆ بە نایاسایی ناساندنی ناردنی هەر جۆرە پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەشڵێت، "بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی هەڵوێستێکی دیکەی دوژمنکارانەیە بەرامبەر هەرێمی کوردستان".



PM:11:11:25/01/2023


ئه‌م بابه‌ته 1820 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت