محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود: ئه‌و دادگایه‌ له‌ به‌غدایه‌ نه‌ فیدڕاڵییە و نه‌ دەستووریە و بڕیاره‌كانی له‌ كوردستان جێبه‌جێ ناكرێن

‌محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود، سه‌رۆكی پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان

وێستگه‌نیوزـ

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود، سه‌رۆكی پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند، پێویستە دادگای باڵای کوردستان بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدات کە ئەو دادگا عەرەبیەی لە بەغدایه‌، دادگایەکی فیدڕاڵی نییە و دادگایەکی نا دەستووریە و هیچ بڕیارێکی جێبەجێ ناکرێت لە کوردستاندا.


ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق له‌باره‌ی سكاڵایه‌ك له‌سه‌ر بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له‌سه‌ر ناردنی پاره‌ بۆ موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان كۆبوه‌وه‌ و بڕیاره‌كانی حكومه‌تی عێراقی له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێم هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ به‌ ناردنی 400 ملیاره‌كه‌شه‌وه‌.

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود، سه‌رۆكی پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ڵێت: "وێڕای چەندین پەیام و لێدوانمان لە رابردودا لەباره‌ی بڕیار و راسپاردە نادەستورییەکانی دادگای بەناو فیدراڵی دژی گەلی کوردستان و قەوارەی سیاسی هەرێم، کە بەیەقینەوە پشتئەستور بووە بە تێگەیشتنمان لە ناخی کاربەدەستانی بەغدا".

ده‌شڵێت: "بۆیە لەم ئانوساتەدا، داوا لە کورد ئەکەم چیتر خۆیان و نەتەوەی کورد و قەوارەی سیاسی هەرێم نەدەنە دەست قەدەر".

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود، "دادگایەکی عەرەبی کۆمەڵێک بڕیاری نابەجێی داوە، وەک ئەوەی وارسی کورد بێت، پێموایە دەبێت کورد لە بەغدا بکشێتەوەو هیچ پەیوەندییەک لە نێوان کورد و بەغدا نەمێنێت و هیچ نوێنەرایەتیەکی عێراقیش لە کوردستان نەمێنێت".

ئه‌وه‌ی وتووه‌: "ئەوەی عێراق دەیکات دوژمنایەتی کوردە و پێویستە دادگای باڵای کوردستانیش بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدات کە ئەو دادگا عەرەبیەی لە بەغدایە، دادگایەکی فیدڕاڵی نییە و دادگایەکی نا دەستووریە و هیچ بڕیارێکی جێبەجێ ناکرێت لە کوردستاندا".

باسی له‌وه‌شكردووه‌: "عێراق پێویستی بە دادگای دەستوریی هەیە و ئەو دادگایەی ئێستا لە وەختی دەستووری کاتی عێراقدا دامەزراوە بڕیارەکانی سیاسین و هیچ شەرعیەتێکی نییە".


PM:10:11:25/01/2023


ئه‌م بابه‌ته 1520 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت