سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ باره‌ی نرخی دۆلاره‌وه‌ هۆشداری ده‌دات

‌ڤیان سەبری

وێستگه‌نیوزـ

ڤیان سه‌بری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، تا پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق رەوانەی پەرلەمان نەكرێت، مەترسی بۆ سەر ئابووری عێراق دروست دەكات، ئەگەر نا دواتر چارەسەر كردنی زەحمەت دەبێت.

ڤیان سەبری، به‌ ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی رایگەیاندووە، یەكێك لە هۆكارەكانی جێگیرنەبوونی نرخی دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر بە دیناری عێراقی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق تەواو نەكراوە و بۆ ئەمساڵ رەوانەی پەرلەمان نەكراوە، چونكە پێویستە لە ناو پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق ئەوە دیاری بكرێت كە نرخی دۆلار بەرامبەر بەدینار چەند بێت.

راشیگەیاندووە، ئەگەر بێت و نرخی دۆلار جێگیر نەكرێت و بەو شێوەیە بەرز و نزمی بەردەوامی هەبێت مەترسی دروست دەكات لەسەر ئابووری عێراق، بۆیە پێویستە چارەسەر بكرێت، ئەگەر نا دواتر چارەسەر كردنی زەحمەت دەبێت.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی باسی لەوەشكردووە، زۆر گرنگە كوردیش نوێنەری هەبێت لە دەزگا فیدراڵیەكان لەوانە بانكی ناوەندی عێراقی، بۆیە پێویستە هەرێمی كوردستان نوێنەری لەو دەزگا فیدراڵیە هەبێت و مافی هەرێمی كوردستانە.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ وێڕای گرتنه‌به‌ری چه‌ندین رێكار بۆ دابه‌زاندنه‌وه‌ی نرخی دۆلار به‌رانبه‌ر به‌ دیناری عێراقی، به‌ڵام تا ئێستا هه‌وڵه‌كان ئه‌نجامیان نه‌بووه‌ و 100 دۆلاری ئه‌مریكی له‌كاتی داخستنی بازاڕ به‌ 162 هه‌زار و 200 دینار بوو.


PM:09:13:25/01/2023


ئه‌م بابه‌ته 18524 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو