چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی هۆشداری ده‌دات


 وێستگه‌ نیوز-
چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی هۆشداری ده‌دات له‌ سه‌رهه‌ڵدانی خۆپیشاندانی فراوان له‌دژی به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دۆلار، گه‌ر حكومه‌ت نه‌توانێت بارودۆخه‌كه‌ كۆنترۆڵ‌ بكات.


میدیا عێراقییه‌كان له‌ زاری‌ عائید ئه‌لهیلالی سه‌ركرده‌ له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی شیعه‌كان بڵاویان كرده‌وه‌ كه‌ "خۆپیشاندانی ئه‌مڕۆی به‌رده‌م بانكی ناوه‌ندی عێراقی هیچ باكگراوندێكی سیاسی و ئه‌جێندایه‌كی له‌پشته‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو خۆپیشاندانێكی خۆرسكانه‌ی ئه‌و چین و توێژانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ كه‌ به‌هۆی دابه‌زینی به‌های دینار به‌رامبه‌ر دۆلار نرخی كاڵا و شتومه‌ك گران بوو و ئه‌وانیش تووشی زیانێكی زۆر بوون".

هیلالی روونیكرده‌وه‌ كه‌ "له‌ حاڵه‌تی‌ شكستهێنانی حكومه‌ت له‌و رێوشوێنانه‌ی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی به‌های دۆلار گرتوونیه‌ته‌به‌ر، ده‌بێت چاوه‌ڕوانی خۆپیشاندانی فراوانتر بكه‌ین و ئه‌وكات ده‌ستی سیاسی و ئه‌جێندای ده‌ره‌كیش تێكه‌ڵیان ده‌بێت".

ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ سه‌دان هاوڵاتی‌ عێراقی‌ له‌به‌رده‌م بینای‌ بانكی‌ ناوه‌ندی‌ عێراق گردبوونه‌وه‌ و ناڕه‌زایه‌تییان له‌ دژی‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ به‌های‌ دۆلار ده‌ربڕی‌.

له‌ ماوه‌ی‌ دواییدا نرخی‌ دۆلار به‌رامبه‌ر دیناری‌ عێراقی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو به‌رزبووه‌وه‌ به‌جۆرێك نرخی‌ هه‌ر 100 دۆلارێك نزیكبووه‌وه‌ له‌ 170 هه‌زار دینار.


PM:05:20:25/01/2023


ئه‌م بابه‌ته 1288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو