وادەی گەڕانەوەی دۆلار بۆ نرخی پێشووی ئاشکرا کرا


وێستگه‌نیوزـ

ئەندامێکی چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، پارێزگاری نوێی بانکی ناوەندی بەڵێنی داوە لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا نرخی دۆلار بگەڕێنێتەوە بۆ نرخی پێشووی. دەشڵێت، "حکومەت چەندان بڕیاری باشی داوە بۆ کەمکردنەوەی نرخی دۆلار".


فادی شمەری، ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەداوە، عەلی موحسین عەلاق، پارێزگاری نوێی بانکی ناوەندی بەڵێنی داوە بە جێبەجێکردنی چەند رێکارێک لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا نرخی دۆلار بگەڕێنێتەوە بۆ نرخی پێشووی.

ئاماژەی بەوەشداوە، حکومەتی عێراق چەند بڕیارێکی باشی بۆ کەمکردنەوەی نرخی دۆلار و شڵەژانی بازاڕی دراو داوە، کە دواهەمینیان گۆڕینی پۆستی پارێزگاری بانکی ناوەندی و پاڵپشتیکردنی وەبەرهێنەرانە لە سێکتەرە جیاوازەکاندا.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیاریدا مستەفا غالب پارێزگاری بانکی ناوەندی لە پۆستەکەی لاببرێت و عەلی موحسین عەلاق لە جێگەی، پۆستەکەی بە وەکالەت بەڕێوەببات.

هاوکات، بەڕێوەبەری بانکی بازرگانی عێراقیش لەلایەن سوودانییەوە خانەنشین کرا و بیلال حەمدانی، راسپارد بۆ بەڕێوەبەردنی بانکەکە لەگەڵ کارەکەی خۆیدا، کە بەڕێوەبەری بانکی پیشەسازی عێراقە و لە ساڵی 2005ـەوە لە کەرتی بانکی عێراقیدا کاری کردووە.


AM:10:51:24/01/2023


ئه‌م بابه‌ته 6504 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت