هه‌نگاوێكی تر بۆ دابه‌زاندنی نرخی دۆلار راگه‌یه‌ندرا


وێستگه‌نیوزـ

بانكی گه‌شه‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی، ئاماده‌یی خۆی نیشاندا بۆ فرۆشتنی حه‌واڵه‌ به‌ بازرگانان و هاورده‌كاران، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكی دیكه‌یه‌ بۆ دابه‌زاندنه‌وه‌ی نرخی دۆلار به‌رانبه‌ر دیناری عێراقی.


بانكی گه‌شه‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی ئامادەیی خۆی بۆ فرۆشتنی حەواڵە بە بازرگانان و هاوردەکاران راگه‌یاند، كه‌ بۆ هەر 100 دۆلارێك 146 هەزار دیناری عێراقی وه‌ربگرێت.

ئه‌م هه‌نگاوه‌ش یه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی عێراق بۆ دابه‌زاندنه‌وه‌ی نرخی دۆلار به‌رانبه‌ر به‌ دیناری عێراقی كه‌ له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا 100 دۆلاری ئه‌مریكی بۆ نزیكه‌ی 170 هه‌زار دینار به‌رزبوه‌وه‌.


رۆژی دووشەممە 23ی كانوونی دووه‌می 2023، محەمەد شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق پارێزگاری بانکی ناوەندنی لەکارەکەی دوورخستەوە و عه‌لی عه‌لاق، پارێزگاری پێشووی بانکی ناوەندی بەوەکالەت بۆ ئەم پۆستە راسپارد.

هەر دوێنێ دووشه‌ممه‌ سودانی بەڕێوەبەری بانکی عێراقی بۆ بازرگانی لەسەر کارەکەی لادا و خانەنشینی کرد.

لەسەر کار لادانی پارێزگاری بانکی ناوەندی بەپێی زانیاری میدیا عێراقییەکان پەیوەندی بە دابەزینی بەهای دینارەوە هەیە.

هاوكات هه‌ر رۆژی دووشه‌ممه‌ 23ی كانوونی دووه‌می 2023، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند: بەرزبونەوەی بەهای دۆلار کاتییە و ئەم بابەتە چارەسەر دەبێت و پێویستی بە کاتە.

سودانی لەبارەی دۆخی بازاڕەکانەوە دەڵێت: "چەند بڕیارێکمان دژی ئەو کەسانە دەکرد کە دەیانەویست زیان بە بازاڕەکان بگەیەنن".


AM:09:21:24/01/2023


ئه‌م بابه‌ته 14272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت