ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی عێراق هۆکاری گەڕاندنەوەی عەلی عەلاقی بۆ بانکی ناوەندی ئاشکراکرد

‌عەلی موحسین ئیسماعیل عەلاق

وێستگه‌نیوزـ

ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هۆکاری گەڕاندنەوەی عەلی عەلاق بۆ پۆستی پارێزگاری بانکی ناوەندی بە وەکالەک بەمەبەستی جێگیرکردنی بەهای دیناری عێراقییە، دەشڵێت، "گەشبینم بەوەی نرخی دۆلار لە خوار 150 هەزار جێگیردەکرێت".

ئەمڕۆ دووشەممە 23ی كانوونی دووه‌می 2023، هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، گێڕانەوەی عەلی موحسین ئیسماعیل عەلاق، لەلایەن سوودانییەوە، بەمەبەستی جێگیرکردنی بەهای دیناری عێراقییە و باسی لەوەشکردووە، پارێزگاری نوێ رۆڵی دەبێت لە جێگیرکردنی نرخی دۆلار لە خوار 150 هەزارەوە.

هۆشیار عەبدوڵا نوسیویەتی، "عەلی عەلاق، پێشتر پارێزگاری بانکی ناوەندی بوو و بۆ ماوەی زیاتر لە دوو خولی پەرلەمانی رێگریکرد لەوەی کە حکومەت دەسکاری نرخی خستنەبازاڕی دۆلار بکات".

دەشڵێت، "تەنانەت لە کاتی شەری داعش و قەیرانی ئابوری بۆ موازەنەی ساڵی 2015 ئامادە نەبوو تاکە یەک هەزار دینار بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بباتە سەرەوە و پێش لابردنی لە کۆبونەوەیەکدا لە لیژنەی دارایی کە خۆم ئامادە بووم، وتی کەی بریارتان دا دەسکاری بەهای دینار بکەن ئێمە بە جەماعی ئیستیقالە دەکەین".

باسی لەوەشکردووە، هێنانەوەی عەلاق لە لایەن سودانییەوە بۆ جێگیرکردنەوەی بەهای دیناری عێراقییە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە لە سەردەمی ئەودا کار بە سیستمی پەنجەرەی ئالوگۆری دراو دەکرا کە گومانی گەندەڵی زۆری لەسەربوو، ئایا ئێستا ئەو دەتوانێ بە سیستمی نوێی سەکۆی ئەلیکترۆنی و رێگاوشوێنە نوێکان لەو ئەرکەی سەرکەوتوو بێت.

لە کۆتایشدا نوسیویەتی، بەش بە حاڵی خۆم هێشتا گەشبینم بەوەی کە بەهای دیناری عێراق جارێکی تر لە خوار 150 هەزارەوە جێگیر دەکرێتەوە و پارێزگاری نوێش رۆڵی لەو بوارەدا دەبێت.

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراقی لابرد و عەلی موحسین ئیسماعیل عەلاقی پارێزگاری پێشووی بانکی ناوەندی بە وەکالەت خستە جێگای مستەفا غالب.


AM:11:52:23/01/2023


ئه‌م بابه‌ته 1136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت