موقتەدا سەدر لەبارەی سوتاندنی قورئان پەیامێکی بڵاوکردەوە

‌موقتەدا سەدر

وێستگەنیوز-

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، بابەتی سوتاندنی قورئان لەلایەن هاوڵاتییەکی سویدی و پاساوەکانی حکومەتی ئەو وڵاتە بۆ پاراستنی لە سزادان، ناچنە چوارچێوەی ئازادییەوە و دەبێت تۆمەتبار سزابدرێت،  داواش دەکات واژۆی ملیۆنی بۆ سەرکۆنەکردنی ئەو روداوە کۆبکرێتەوە و رادەستی باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا بکرێت.


موقتەدا سەدر لەبارەی سوتاندنی قورئان لەلایەن سیاسەتمەدارێکی ڕاستڕەوی توندڕەو لە سوید، پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، هەوڵەکانی حکومەتی سوید بۆ پاراستنی ئەو تۆمەتبارەی قورئانی سوتاند قبوڵنەکراوە، چونکە ئەو کارەی ئەنجامیداوە ناچێتە چوارچێوەی ئازادییەوە، بۆیە داوا دەکات لە وتاری هەینیدا بە زمانێکی توند وەڵامی ئەو بێڕێزییە بدرێتەوە و مسوڵمانانیش بە قورئانەوە بەرەو نوێژی هەینی بچن.

سەدر داوا دەکات واژۆی ملیۆنی بۆ سەرکۆنەکردنی ئەو روداوە کۆبکرێتەوە و رادەستی باڵیۆزخانەی سوید بکرێت، بەڵام لە هەمو دۆخێکدا نابێت پەنا بۆ توندتیژی ببرێت.

رێبەری رەوتی سەدر باسی لەوەشکردوە، ئەگەر لە 24 کاتژمێری داهاتودا حکومەتی سوید سزای تۆمەتباری روداوەکەیدا، ئەو هەنگاوانەی سەرەوە پێویست ناکات ئەنجام بدرێن.

ڕاسموس پالودان، سیاسەتمەداری ڕاستڕەوی توندڕەو رۆژی شەممە لەبەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە پایتەختی سوید، ئاگری لە کۆپییەکی (قورئان) بەردا و ئەوەش ناڕەزایی مسوڵمانانی لە سەرانسەری جیهاندا لێکەوتەوە.


PM:11:38:22/01/2023


ئه‌م بابه‌ته 1372 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو