ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق چەند بڕیارێکی بۆ پاراستنی سنوور دەرکرد

‌یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق

وێستگه‌نیوزـ

وتەبێژی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، فەرماندەی هێزە چەکدارەکان لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق چەند بڕیارێکی لەسەر پاراستنی ئاسایشی سنوور و ناوخۆی پارێزگاکان دەرکردووه‌.


یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق راگەیه‌ندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەیەکی ئاساییان ئەنجامدا.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بارودۆخی ئاسایشی ناوخۆی عێراق کرا و رۆڵی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە لە پاراستنی ئاسایش و یەکڕیزی و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر خرایەڕوو.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە هەمان کۆبوونەوە باس لە خۆپیشاندانەکانی شاری ناسڕییە کرا و بڕیاردرا لیژنەیەکی ئەمنی باڵا رەوانەی پارێزگای زی قار بکرێت، ئەمەش لە پێناو لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو رووداوانەی بووە هۆی کوژران و برینداربوونی چەندین خۆپیشاندەری شارەکە.

باسی لەوەشکرد، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاردرا:

یەکەم: چارەسەرکردنی پرسی وردبینی ئەمنی، بەشێوەیەک کە شکۆی هاووڵاتییانی عێراق بپارێزێت و مەرجەکانی کاروباری هەواڵگری لە خۆبگرێت.

دووەم: دەستپێکی پلانێک بۆ گواستنەوەی بەرپرسیارێتی ئەمنی لە وەزارەتی بەرگرییەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ لە پارێزگاکانی موسەنا و دیوانییە و واست، ئەمەش وەک قۆناغێکی سەرەتای تاقیکاری.

سێیەم: دڵنیابوونەوە لە ئاسایشی هێڵی سفری سنووری نێوان عێراق – ئێران و عێراق – تورکیا و دابینکردنی سەرجەم ئامڕازە پشتیوانییە لۆجستییکان بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە.


AM:08:42:08/12/2022


ئه‌م بابه‌ته 4808 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت