دەستپاکیی‌ عێراق: ژنە پەرلەمانتارێک پشکنینی‌ کۆرۆنای‌ ساختە کردووە بۆ ئەوەی‌ نەچێتە بەردەم دادگا


وێستگه‌نیوزـ

دەستەی‌ دەستپاکیی‌ عێراق رایگەیاند، فەرمانی‌ راپێچکردن بۆ بەردەم دادگا لەدژی‌ ژنه‌ پەرلەمانتارێکی‌ عێراق دەرکراوە بە تۆمەتی‌ ئەوەی‌ پشکنینی‌ کۆرۆنای‌ ساختە کردووە بۆ ئەوەی لە دۆسیەیەکی‌ دیکەدا نەچێتە بەردەم دادگا.

 
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 7ی‌ تشرینی‌ دووەمی‌ 2022، دەستەی‌ دەستپاکیی‌ عێراق لە راگەیه‌ندراوێکدا ئاشکرایکرد، دادگای‌ لێکۆڵینەوەی‌ دووی‌ کەرخ لە بەغدا فەرمانی داوە بە راپێچکردنی‌ ئەو ژنە پەرلەمانتارە بەبێ ئەوەی‌ ناوی‌ بڵاوبکاتەوە کە گوایە پشکنینی‌ تووشبوونی‌ بە پەتای‌ کۆرۆنا ساختە کردووە تا خۆی‌ بدزێتەوە لەوەی‌ بچێتە بەردەم دادگا بەمەبەستی‌ وەرگرتنی‌ وتە لێی‌ لە دۆسیەیەکی‌ دیکەدا.
 
بەگوێرەی‌ راگەیه‌ندراوەکە، فەرمانگەی‌ تەندروستیی‌ رەسافە لە بەغدا ئەوەی‌ پشتڕاستکردووەتەوە کە ئەو پشکنینەی‌ ژنە پەرلەمانتارەکە لە نەخۆشخانەی‌ ئیمام عەلی‌ دەرنەچووە، وەک ئەوەی‌ ئەو پەرلەمانتارە پێشکێشیکردووە کە تایبەت بووە بە تووشبوونی‌ بە پەتای‌ کۆرۆنا.
 
فەرمانی‌ راپێچکردنی‌ ئەو خانمە پەرلەمانتارە بەگوێرەی‌ هەردوو مادەی‌ 289 و 298ی‌ یاسای سزادانی‌ عێراقی‌ بووە، کە ماددەی‌ یەکەمیان تایبەتە بە دەستوەردان لە نووسراوە فەرمییەکان و سزاکەی‌ دەگاتە 15 ساڵ بەندکردن، ماددەی‌ دووەمیشان تایبەتە بە ساختەکردن و سزاکەی‌ دەگاتە دوو ساڵ بەندکردن.
 
لە مانگی‌ تشرینی‌ دووەمی‌ رابردوودا دەستەی‌ دەسپاکی‌ پەرلەمانتارێکی‌ پێشووی‌ راپێچی‌ دادگه کرد، بەتۆمەتی‌ وەرگرتنی‌ برێک پارە بۆ سوودی‌ کەسی‌ خۆی‌ بەبێ ئەوەی‌ مافی‌ بەسەر ئەو بڕە پارەیەوە هەبێت.
 
بەگوێرەی‌ ئامارەکانی‌ دەستەی‌ دەستپاکیی‌ عێراق، لە 10 مانگی‌ سەرەتای‌ 2022دا فەرمانی‌ دەستگیرکردن و راپێچکردن بۆ بەردەم دادگه لە دژی‌ 38 پەرلەمانتاری‌ پێشوو و، پێشووتر لەگەڵ پێنج پەرلەمانتاری‌ ئێستای‌ عێراق دەرکراوە کە تۆمەتبارن بە گەندەڵی‌.

 


PM:09:21:07/12/2022


ئه‌م بابه‌ته 8292 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو