پنتاگۆن: بەردەوام دەبین لە هاوکاریکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات


وێستگه‌نیوزـ

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە).

ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی تشرینی دووه‌می 2022، بەرپرسێکی ئەمریکی لەوەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند: ئیدارەی جۆ بایدن لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا لە پەیوەندیدان بۆ ئەوەی بتوانن هاوکاری سەربازی پێشکەش بەهێزەکانی سوریای دیموکرات بکەن و چەکی پێویستیان بۆ دابین بکەن بەتایبەتی بۆ پێکهاتە و هێزە کوردییەکان.

سه‌رچاوه‌کەی پنتاگۆن ئاماژەی بەوەشکردووە، ئاڕاستەکردنی کۆشکی سپی بۆ بەردەوامبوون لە پشتیوانیکردن لە هێزەکانی سوریای دیموکرات پاڵپشتی سەقامگیری سوریا دەکات لە رووبەڕووبوونەوەی داعش و گروپە تیرۆریستییەکان.

بەرپرسەکەی پنتاگۆن کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرابکرێت وتی: "ئیدارەی بایدن نایەوێت هەمان ئەو هەڵانە دووبارە بکاتەوە کە لەلایەن ئیدارەی پێشوو و دۆناڵد ترامپەوە ئەنجامدراون دەرهەق بە کوردەکانی سوریا و عێراق چونکە ئەوان رۆڵێکی گەورەیان هەبووە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا لە سوریا بۆیە پشتگیریکردنیان پێویستییەکی ستراتیجییە".

لە وەڵامی یەکێک لە رۆژنامەنووساندا دەربارەی ئەوەی کە مەولود چاوش ئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا وتبووی، ئەمریکا پشتیوانی تیرۆردەکات، بەرپرسە ئەمریکییەکە وتی: "تورکیا لەسوریا رۆڵێکی خراپی گێڕاوە بەتایبەتی لەناوچەی ئیدلیب ئەوەش لەکاتێکدایە گروپەکانی سەربە رێکخراوی قاعیدە لەبندەستی هەواڵگری تورکیادا چالاکن".

لەکۆتایی قسەکانیدا وتیشی: "واشنتۆن لە چەند کاتژمێری رابردوودا هۆشدارییەکی توندی بە تورکیا داوە کە هەر هێرشێک بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات دەبێتە ئامانجی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە".


PM:11:45:30/11/2022


ئه‌م بابه‌ته 2036 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو