"سوتێنراو خرایه‌ ژێر خۆڵه‌وه‌، كچه‌كه‌ی‌ به‌ملوانكه‌كه‌ی‌ ناسییه‌وه‌"




وێستگه‌ نیوز- ده‌نگی‌ ئه‌مه‌ركیا


ژنێکی تەمەن 47 ساڵ دوای نزیکی 10 ڕۆژ لە دیارنەمانی لە لایەن جوتیارێکەوە و لە کاتی زەوی کێڵان لە نزیک قەزای دوکان دۆزراوەتەوە.

پۆلیس بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە ئاسەواری ئەشکەنجە بە گیانیەوە هەبووە و دوای سوتاندنی لە ناوچەیەکی دوورەدەست نێژراوە.

دوای دۆزینەوەی تەرمەکە کچەکەی لە ڕێگەی ملوانەکەی ملیەوە ناسیویەتیەوە.

ژنەکە، لەدایکبووی ساڵی 1976، ناوی ناسکە قادر پیرۆتە، خاوەنی پێنج منداڵ بووە و دانیشتووی شارۆچکەی چوارقورنە بووە لە باکوری سلێمانی.

شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین، ڕایگەیاند، "هەفتەی ڕابردوو هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش ئاگادارکراینەوە کە تەرمێک هەیە لە نزیک بەنداوی دووکان لە خوارووی ڕانیە. تەرمەکە زۆر نەچوبووە ژێر گڵ تەنها 30 سم دەبوو."

هەروەها ڕایگەیاند" ڕووداوەکە تاوانکاری بووە" بەڵام هۆکارەکەی ڕوون نەبۆتەوە ولە ئێستادا چاوەڕوانی ڕاپۆرتی پزیشکی دادی سلێمانی دەکەن بۆ زانیاری زیاتر لەسەر شێوازی گیانلەدەستدانەکەی.

خزمێکی نزیکی ئەو ئافرەتە کە داوای کرد ناوی نەهێنرێت بە دەنگی ئەمریکای ڕگەیاند، "لە پرسەکەدا کەسوکار و نزیکەکانی بە پەرۆش بوون بۆ لەدەستدانی؛ ئەگەرچی دەنگۆش هەیە لەناو خەڵک کە ڕەنگە بابەتیێکی گوماناوی یا بابەتێکی تر بێت."

شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژەکەی پۆلیسی ڕاپەڕین، ڕایگەیاند کە ئەوان لەسەر ڕووداوەکە هیچ کەسێکیان دەستگیر نەکردووە.

به‌ڵام سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئاسایشی ڕاپەڕین، کە لەبەر هەستیاری دۆسێیەکە داوای کرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، گووتی کە چەند کەسێکی نزیک لە ئافرەتەکە دەستگیرکراون.

ئەو بەرپرسەی ئاسایش ڕایگەیاند کە تەرمی ئافرەتەکە بەرواری 23/11/2022 دۆزراوەتەوە و پێشتر بنەماڵەکەی نزیکەی نۆ بۆ دە ڕۆژ لەسەر دیارنەمانی هەواڵیان دابوو بە پۆلیس و ئاسایش.

بەرپرسەکە خۆی یەکێک بووە لەو کەسانەی تەرمەکەیان بینیوە و دەڵێت، "ئەوە نەک بەتەنها تاوانێکی کوشتنی ئاسایی بووە بەڵکو کوشتنەکە زۆر جیاواز بووە بەشێوەی ڕق و تۆڵە لێکردنەوە کوژراوە. دەڵێی ڕقییان لێی بووە ؛ ڕقییان لێی دەرکردووە و دەستێکی شکاوە. بەشێوەیەکی وەحشییگەرانە ئەم تاوانەی بەرامبەر کراوە؛ جگە لەوە سوتێنراوە و خراوەتە ژێر گڵ بەمەبەستی شاردنەوەی تاوانەکە کە ئەمە دووجار توندکردنی سزای مادەی (٤٠٦) ی بەسەردا دەچەسپێت. "

سەرچاوەکەی ئاسایش وتی، "جگە لە شێواندنی دەموچاوی دەستێکی شکێنراوە و جەستەشی سوتێنراوە بەڕادەیەک کەس توانای ناسینەوەی نەبوو، تا دواتر کچەکەی لە ڕێگای ملوانکەیەکەوە ناسییەوە کە ئافرەتەکە لە ملیدا بوو. "

هەروەها ڕایگەیاند، " لەسەر دۆسێی کوشتنی ئەو ئافرەتە، حاکم چەند کەسێکی نزیکی ئەو خانەوادەیەی دەسبەسەرکردووە بۆ پرسیار و لێکۆڵینەوە، چونکە هیچ گومانێکی تر نیە لە هیچ کەسێک. تەنانەت کەسوکارەکەشی دەڵێن کە ئێمە کێشەمان نیە و نەبووە لەگەڵ کەس."

ئەندامێکی تری خانەوادەی ئەو قوربانییەکە بەدەنگی ئەمەریکای وت، "پێنج کەسی نزیکی ئەو ئافرەتە، دوو برای ئافرەتەکە، مێردی، برای مێردەکەی، کوڕەکەی لە لایەن ئاسایشەوە دەستگیرکراون. "وتیشی، "نازانین بۆچی ئەوانییان دەستگیرکردووە. ئاخر برا ئەگەر بیەوێت خوشکی خۆی بکوژێت بە فیشەکێک دەیکوژێت نەک بەو شێوە وەحشییانە. جگە لەوەی ئەوانە لەهەموو کەس زیاتر خەمباری ئەو کارەساتەن. "

کەسە نزیکەکەی ئەو قوربانیە ئەوەشی وت، "هەموو ڕۆژ دەچین بۆ ئاسایش زانیاریمان بدەنێ بەڵام ئەوە چەندەیە ئەو ڕووداوە ڕوویداوە تا ئێستا نەیانتوانیووە سەرەداوێک دەسبخەن. تەنها ئەوەندە نەبێت دەستییان گرت بە سەر فەیسبوکی ئەو خانمەدا کە بەناوی Guli Sur بوو بەڵام دواتر ئەوەش نەما کە وای بۆدەچین ئاسایش خۆی ئەو فەیسبوکەی داخستبێت؛ نازانین بۆچی! "

هەروەها ئەو ئەندامەی خانەوادەی ئەو ئافرەتە ڕەتیکردەوە کە پێشتر قوربانیەکە هیچ هەڕەشەیەکی لەسەر بووبێت یا کێشەیەکی هەبوبێت. ئەو گوتی، " بێ کێشەترین ئافرەتی خانەوادەکەمان بووە. ئەو ڕۆژەی لە ماڵ دەرچووە لای کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ بووە بە بوکەکەی وتووە دەچم هەندێک پێداویستی دەکڕم بەڵام دواتر نەگەڕاوەتەوە. "

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە چەند کەسێکی تری نزیکی قوربانییەکە کرد بەڵام بەشێکیان ئامادەنەبوون لێدوان بدەن بە بیانووی ئەوەی کە "گەورەکانی خانەوادەکە" کۆبونەوەیان کردووە لەگەڵ ئەندامانی خانەوادەکە و پێیان ڕاگەیاندوون کە قسە لەسەر ئەو بابەتە نەکەن چونکە، بە وتەی ئەوان، "لە ئێستادا چاوەڕێین ئاسایش شتێکمان پێ بڵێت. "

سەرچاوەیەکی تر بۆ دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ڕۆژێک دوای دۆزینەوەی تەرمەکە، لە بەرواری 24/11/2022، بەرپرسانی ناوچەکە تەرمی قوربانیەکەیان گەڕاندۆتەوە بۆ خانەوادەکەی و خەڵکانێکی زۆر ئامادەبوون بۆ مەراسیمی ناشتنەکەی لە شارۆچکە چوارقورنە. بەڵام بەشێک لە ئەندامانی خێزانی قوربانیەکە ئەوەیان ڕەتکردۆتەوە کە تەرمەکە بنێژن تا دەستکەوتنی سەرەداوی زیاتر؛ و دواتر نێردراوە بۆ بەشی پشکنینی پزیشکی یاسایی سلێمانی.

عەبدوڵا حسێن بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان/ڕاپەڕین لەبارەی ئەو دۆسێیەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لەکاتی ونبونەکەی ئێمە سۆراغمان کرد، ئەو ئافرەتە وتویەتی دەچم بۆ بازاڕ شت و مەک دەکڕم دواتر تیلفۆنیشیان بۆ کردووە وتویەتی وا دەگەڕێمەوە. بەڵام دواتر ئێوارە داهاتووە نەگەڕاوەتەوە و تەلەفۆنەکەشی داخراوە."

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توند و تیژی دژی ئافرەتان و خێزان ئەوەشی وت" تا لێکۆڵینەوەکان تەواو نەبێت ناتوانرێت بوترێت کە هۆکاری ئەو تاوانە هۆکارەکەی هەرچی بێت. بەڵام ئەوەی هەیە تاوانێکە ڕوویداوە. "

سەبارەت بە ڕۆڵی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە لێکۆڵینەوە لەم دۆسیەیە، عەبدوڵا حسێن وتی"، دۆسێی کوشتنی ئافرەتان لای ئێمە نیە. لەبەر کەمی میلاک دۆسێیەکە لای پۆلیسە."


PM:12:04:30/11/2022


ئه‌م بابه‌ته 18580 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو