سەنتەری میترۆ: بێ ئاگاداری پێشوەخت هێزێك چوونەتە ماڵی رەوا بورهان و راپێچیان كردوە بۆ زیندانی ئاسایش


وێستگەنیوز-

رێکخەری سەنتەری میترۆ رایگەیاند، شێوازی دەستگیركردنی رەوا بورهان، بە بێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت بووە، هێزێك چوونەتە ماڵی و راپێچیان كردوە بۆ زیندانی ئاسایش. 

رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ ئەمڕۆ شەممە 26 ی تشرینی دووەمی 2022 لە لێدوانێکیدا رایگەیاند، سەنتەری میترۆ لە بەیانی ئەمرۆوە دەیەوێت لێدوانێكی رەسمی لە لایەنی پەیوەندیدار یانن خێزانی، سەبارەت بە دەستگیكردنی رۆژنامەنووس (رەوا بورهان) وەربگرێت، كەس ئامادە نییە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەڵام بە شێوەی نارەسمی پێمان ووتراوە" ئاسایش بە فەرمانی دادوەر بە تۆمەتی بەرێوەبردنی پەیج و ئەكاونتی نەناسراو دەسگیریانكردوە، بەیانی واتە یەكشەممە دەبرێتە بەردەم دادوەر " 

بە وتەی رەحمان غەریب، "شێوازی دەستگیركردنی رەوا بورهان، بە بێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت بووە، هێزێك چوونەتە ماڵی و راپێچیان كردوە بۆ زیندانی ئاسایش".

رەحمان غەریب دەڵێت، "ئەم شێوازی دەستگیركردنە كە لە دوا كاتژمێرەكانی كۆتایی دەوامی فەرمییە، یەكسەر كەیسەكە دەباتە یەكەم رۆژی دەوام كە یەكشەممەیە، ئینجا دەستگرتن بەسەر مۆبایل و كەرەستەی رۆژنامەوانیی چەند رێوشوێنێكن لەگەڵ بەندەكانی یاسای رۆژنامەوانی یەكناگرنەوە". 

رێکخەری سەنتەری میترۆ باس لەوە دەکات، "ئێمە پێمان باشە ئەدمین و بەرێوەبەری پەیج و ئاكاونتەكان ناسراوبن، بە تایبەتیش مەبەستمان لەوانەن كە كاری میدیایی دەكەن، بەڵام كام حزب و دەزگا ئەمنیتان خەریكی ئەم ئەتوار نیین، دەستهەڵبڕن؟".

"ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، ئەو دەزگا رۆژنامەوانیانەی كە زۆرن و (رەوا بورهان) كاری تێدا كردووە، بێدەنگییان هەڵبژاردووەو تەنانەت ئەم ماوەی دەستبەسەرە لە رای گشتییان شاردۆتەوە". رەحمان غەریب وا دەڵێت. 

رەحمان غەریب باس لەوە دەکات، "لە رابردوویەكی نزیكدا دەستگیركردنی رۆژنامەنووس بە هۆی كارەكەی بە تایبەتیش لە سلێمانی، وەك دەستبردن بوو بۆ شارە زەردەواڵە، هەموو رۆژنامەنووسان وەك خێزانێك دەورژان و هەر یەك لە شوێنی خۆیەوە جۆرێك لە هەڵوێستی دەربڕی ئێستا دەبێت بگرین بۆ ئەو رابردووە جوانە".

وەک رەحمان غەریب دەڵێت، "ئەگەر خێزان و كەسوكاری پاساوێكیان هەبێت، لە ترسی چارەنووسی رەوا بێدەنگیان هەڵبژاردووە، ئەوە ئەو پاساواوە بۆ ئەو دەزگایانە هیچ رەوایەتییەكی نییە".

سەنتەری میترۆ دووپاتیشی کردووەتەوە، "دەنگمان دەخەیەنە پاڵ ئەو كەمینە لە هاوكارانمان كە دوای ئازادكردنی (روا بورهان) دەكەن، داواش لەو زۆرینەیە دەكەین كە بێدەنگییان هەڵبژاردووە، بێدەنگییەكەیان بشكێنن و لانی كەم وەك هەواڵێك بڵاویبكەنەوە".

رەوا بورهان تەمەنی 27 ساڵە،  ئەو لەتەمەنێكی زۆر بچووكدا لەرۆژنامەی ئاوێنە سپۆرت دەستی بەكاری رۆژنامەوانی كرد، دواتر لە رۆژنامەی ئاوێنە سیاسی و لە ماڵپەڕی ئاوێنەش بەردەوامی بەكاری رۆژنامەوانیدا ،لە 2015 بۆ ماوەیەك لە دەزگای میدیای نالیا كاری كردووە پاشان وێستگەنیوز، زەمەن پریس، پاشان بووە بە سەرنووسەری سپی میدیا .


PM:03:58:26/11/2022


ئه‌م بابه‌ته 1784 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت