خامنەیی: دەبێت ناڕازیان سزا بدرێن


وێستگەنیوز_

عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران لە کۆبوونەوە لەگەڵ هێزی بەسیج، دیسان هەڕەشەی لە خۆپێشاندەران کرد و رەتیکردەوە لەگەڵ خۆپێشاندەران گفتوگۆ بکرێ و داواکارییەکانیان جێبەجێ بکرێت. رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هێزی بەسیجی هاندا هەوڵ بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان بدات و دەڵێت، خۆپێشاندەران، کە ئەو بە "ئاژاوەگێڕ و تیرۆریست" لە قەڵەمی دان، "دەبێت سزا بدرێن".
 
ئەمڕۆ شەممە 26ـی 11ـی 2022، لە کۆبوونەوە لەگەڵ کۆمەڵێک بەسیجدا، عەلی خامنەیی خۆپیشاندانەکانی وەک شتێکی "لاوەکی" لە قەڵەمدا، بەڵام جەختی کردەوە کە "ئەم شتە لاوەکییانەش دەبێت چارەسەر بکرێن" و رووبەڕووبوونەوەی خۆپێشاندەرانی وەک "یەکێک لە کارە گرنگەکانی بەسیج" لە قەڵەمدا.
 
عەلی خامنەیی جارێکی دیکەش خۆپێشاندەرەکانی وەک دەستوپەیوەندیی وڵاتانی دیکە ناوبرد و وتی: "ئەوان لە هەوڵی پێشتریان شکستیان خوارد، بەڵام ئێستا بە جۆرێکی دیکە دەیانەوێت بێنەوە گۆڕەپان."
 
ئەمڕۆ دەستپێکی یازدەیەمین هەفتەی ناڕەزایەتییەکانە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانە. ناڕەزایەتییەکان رۆژی 17ـی 9ـی 2022 دوای بەخاکسپاردنی تەرمی ژینا ئەمینی دەستیان پێکرد. ژینا ئەمینی، خەڵک سەقز و تەمەن 22 ساڵ، بە تۆمەتی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی، لەلایەن پۆلیسی رەوشتی تارانەوە دەستبەسەر کرا و دواتر گیانی لەدەستدا.


PM:01:49:26/11/2022


ئه‌م بابه‌ته 1928 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو