ئەگەر هەیە لەمەودوا کۆچبەران بە سێ ساڵ بتوانن ببنە خاوەنی پاسپۆرتی ئەڵمانی


وێستگەنیوز_

ئەڵمانیا گۆڕانکاری لە یاساکانی پێدانی رەگەزنامەدا دەکات و کۆچبەران بە سێ ساڵ دەتوانن ببنە خاوەنی پاسپۆرتی ئەڵمانی.

رۆژنامەی بیڵد لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا کار لەسەر رەشنووسە یاسایەک دەکات، کە رێگە بەو بیانییانە دەدات کە لە ئەڵمانیا نیشتەجێن، لە جیاتی هەشت ساڵ، دوای پێنج ساڵ داوای رەگەزنامە بکەن، هەروەها ئەوانەشی کە پاسپۆرتی وڵاتێکی دیکەیان هەیە بە هەمانشێوە دەتوانن داوا بکەن.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر کۆچبەران و کەسانی بیانی داواکاری رێوشوێنەکانی تایبەت بە پەنابەرانیان تەواوکردبێت، تەنیا دوای سێ ساڵ دەتوانن داوای پاسپۆرتی ئەڵمانی بکەن.

بەپێی راپۆرتەکە، ئەو منداڵانەی لە ئەڵمانیا لە دایک و باوکێکی بیانی لە دایکبوون، ئەگەر دایکەکە یان باوکەکە بۆ ماوەی پێنج ساڵ دانیشتووی ئەڵمانیا بووبێت ئەوا راستەوخۆ رەگەزنامەیان پێدەدرێت.

پێشتر 16 هەرێمی ئەڵمانیا داوایان لە حکومەتی فیدراڵی وڵاتەکە کردبوو، کە پرۆسەی پێدانی رەگەزنامە بەو منداڵانەی لە ئەڵمانیا دەژین خێراتر بکات.

هەر بەپێی چاکسازییەکان، ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەروو 67 ساڵەوەیە، چیتر پێویست ناکات تاقیکردنەوەی زمانی ئەڵمانی بە نووسراو بکەن، تەنیا هەڵسەنگاندنی زارەکی بەس دەبێت بۆ بە دەستهێنانی مافی هاووڵاتیبوون.

وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، هێشتا گفتوگۆ لەسەر ئەو پێشنیازانە دەکەن، "تا ئێستا هیچ شتێک یەکلایی نەبووەتەوە."


PM:01:03:26/11/2022


ئه‌م بابه‌ته 2072 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت