سوپای پاسداران ناردنی هێزی بۆ سەر سنووری هەرێمی کوردستان راگەیاند


وێستگەنیوز_

فەرماندەی هێزە زەمینییەکانی سوپای پاسداران رایگەیاند، زرێپۆش و هێزی تایبەتی زیاتر لە ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بڵاودەکەنەوە، بەشێک لە هێزەکانیش بەرەو سنوورەکان جووڵەیان پێکراوە. وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستانیش رایگەیاندووە: "ئێران تانک و زرێپۆش و تۆپی سووک و مامناوەند و درۆنی زیاتری هێناوەتە سەر سنوور و مەبەستی ئێمە و کردنە ئامانجی قەوارەی هەرێمی کوردستانیشە."
 
ئەمرۆ هەینی 25ـی 11ـی 2022، محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزە زەمینییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، یەکەی زرێپۆش و هێزە تایبەتییەکانییان لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژئاوا و باکووری رۆژئاوای ئێران بڵاودەکەنەوە.

دەشڵێت: "لەدوای جووڵەی گرووپە تیرۆریستی و جوداخوازییەکانی دژبەری ئێران لە باکووری رۆژئاوای وڵات و دروستکردنی پشێوی و نەبوونی ئاسایش لە ژمارەیەک ناوچە، هێزە زەوینیییەکانی سوپای پاسداران دەستی بە زیاترکردنی هێزەکانی لەسەر سنوور لە پارێزگاکانی رۆژئاوا و باکووری رۆژئاوای وڵات کرد. بەتووندی رووبەڕووی هۆکارەکانی نەبوونی ئاسایش لە ناوچەکە دەبینەوە، بە هاوکاریی لەگەڵ دانیشتووانی بوێری ناوچەکە." 
 
مەبەست لەو ناوچانەی کە فەرماندەی هێزەکانی زەمینیی سوپای پاسداران، کە ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی قسەکانی گواستووەتەوە، ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و سنووری نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانە. ئەو بەرپرسە سەربازییە ئەوەشی خستووەتەڕوو: "هەندێک لە یەکەکانی زرێپۆش و هێزە تایبەتەکانی سەر بە هێزە زەمینییەکان ئێستا بەرەو ناوچەکانی سنوور لە رۆژئاوا و باکووری رۆژئاوای وڵات جووڵەیان پێکراوە."
 
بە وتەی محەممەد پاکپوور، ئەو رێوشوێنەی هێزە زەمینییەکانی سوپای پاسداران "بۆ تۆکمەترکردنی ئەو یەکانەیە" کە لەسەر سنوور جێگیرن، هەروەها "بۆ رێگریکردنە لە گرووپە تیرۆریستییەکانی سەر بە گرووپە جوداخوازەکان کە لە هەرێمی کوردستان جێگیرن."
 
لەو بارەیەوە خەلیل نادری، وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان - پاک، بە رووداوی راگەیاندووە: "ئێران ماوەی دوو مانگ دەبێت بە چەند جارێک هێزەکانی خۆی لە سنووری نێوان رۆژهەڵات و باشووری زیادکردووە، بەڵام چەند رۆژێکە هێزی زیاتری هێناوەتە سەر سنووری هەرێمی کوردستان و تانک و زرێپۆش و تۆپی مامناوەند و سووک و درۆنی زیاتری بڵاوکردووەتەوە و دەیکات و ئاگامان لە جوڵەکان هەیە."
 
ئاشکراشیکردووە، سوپای پاسداران چەند رۆژێکە هێزی زیاتری بردووەتە شارەکانی بانە، مەریوان و پیرانشار و چەند ناوچەیەکی دیکە. 
 
وتەبێژی پاک دەڵێت: "دوو ئامانجی هەیە، یەکەمیان هێزەکانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان و عێراق هاوشێوەی موجاهیدینی خەڵق لێبکات، سەرەتا لە کەمپێک کۆمانبکاتەوە و لە چەک دامانبماڵێت، دواتر رەوانەی وڵاتێکی دیکە بکرێین. ئامانجی دووەمیشی بچووککردنەوە و لێدانە لە قەوارەی هەرێمی کوردستان لە رێگەی هێنانی هێزی عێراق بۆ سەر سنوورەکان و دواتریش کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان و دەروازەکان و گومرگەکانیش."


PM:02:38:25/11/2022


ئه‌م بابه‌ته 4024 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو