وهزیری دهرهوهی ئێران: عێراق بهڵێنی دهركردنی حزبه ئۆپۆزسیۆنهكانی كوردییهكانی داوه
ئهمیر حسێن عەبدوڵڵاهیان
وێستگهنیوزـ
حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگهیاند، "تا ئهو كاتهی لە وڵاتێکی دراوسێوە هەڕەشە بۆسەر ئێران هەبێت، هێزە چەکدارەکانمان بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکە بەردەوامی بە ئۆپەراسیۆنەکانیان دەدەن".
حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە تاران باسی لەو رووداو و خۆپیشاندانانە کرد کە لە دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینییەوە لە وڵاتهكهی دەستیان پێکردووە و ئاشكرایكرد، لە ماوەی هەشت هەفتەی رابردوودا، "دەستێوەردانە دەرەکییەکان لە ئێران گەیشتووەتە لووتکە".
وتیشی: "لە رێگەی دیپلۆماسییەوە لەگەڵ ئەو دراوسییانەی کە لە وڵاتەکانیانەوە تیرۆر رەوانەی ئێران دەکەن بە بەردەوامی لە پەیوەندیدا بووین".
وهزیری دهرهوهی ئێران ئاماژەی بە خۆپیشاندانەکانی شاری زاهیدان و ئەو رووداوانەی کە لە هەندێک شاری خۆرئاوای وڵاتەکە روویداوە کرد و ئەوەی خستەڕوو کە "76 گرووپی تیرۆریستی و ناوەندی دژبە شۆڕش چالاک کراون و چەکی ئەمریکی و ئیسرائیلییان بۆ ئێران گواستووەتەوە بەتایبەتی ئەوانەی لەو ناوچانە شوێنیان کراوەتەوە کە لەژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە".
ئهمیر حسێن عەبدوڵڵاهیان ئاماژهی بهوهش كرد، لە ماوەی هەشت هەفتەی رابردوودا لە بەغدا و تاران ژمارەیەکی زۆر کۆبوونەوەیان لەگەڵ کاربەدەستانی حکومەتی ناوەندیی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە و بڕیاری گرنگیان لەو کۆبوونەوانەدا دەرکردووە.
عەبدوڵڵاهیان ئاشكرایكرد حکومەتی عێراق: "بەڵێنی دوورخستنەوەی گرووپە تیرۆریستییەکانی نهیاری تارانی داوە و لەسهر پرسی داماڵینی چەکیش رێكکەوتوون".
عەبدوڵڵاهیان ئەوەی خستەڕوو کە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە دەکەن کە لەگەڵ عێراقدا ئەنجامیانداوە و وتی: "لە چوارچێوهی یاسای نێودەوڵەتیی و رێككهوتننامهی نەتەوەیەکگرتووەکان تا ئهو كاتهی هەڕەشەیەک لە وڵاتێکی درواسێوە بکرێتە سەر ئێران، هێزە چەکدارەکانمان بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکە بەردەوامی بە ئۆپەراسیۆنەکانیان دەدەن".
AM:09:51:24/11/2022
ئهم بابهته 1796
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت