واشنتۆن بۆ ئەنقەرە: هێرشەکانتان لە باکوری سوریا هەڕەشەیە لەسەر سەربازەکانمان

‌دیمەنی بۆردومانەکانی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان. وێنە: گێتی

وێستگه‌نیوزـ

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری دایە تورکیا و رایگەیاند، هێرشەکانی تورکیا لە باکوری سوریا هەڕەشەن لەسەر سوپای ئەمریکا لەو وڵاتەدا و دەشڵێت، "ئەو هێرشانە رێگا خۆشکەر دەبێت بۆ تەشەنەسەندنەوەی چەکدارانی داعش".


وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا لە باکوری سوریا سەلامەتی گیانی سەربازانی ئەمریکای لەو وڵاتە خستووەتە مەترسییەوە و بەهەڕەشە بۆسەر گیانی سەربازەکانی ناوی بردووە.  

راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوەشکردووە، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی توركیا له‌ سوریا راستەوخۆ هەڕەشەیە بۆسەر گیان و سەلامەتی هاووڵاتییانی ئەمریکا لەو وڵاتە کە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لەو وڵاتەدان و توانیویانە زیاتر لە 10 هەزار کەسی سەر بە رێکخراوەکە دەستگیربکەن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەمریکا دەزانێت تورکیا گرفتی ئەمنی هەیە، بەڵام پێویستە زیاتر جەخت لە سەلامەتی و پارێزراوی ئەو سەربازانە بکرێتەوە دژی رێکخراوی داعش لە شەڕدان لەخاکی سوریادا، و ئەمریکا نزیکی 900 سەربازی لەسوریادا هەیە و لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتدا کە بەشی زۆری کوردە دژی داعش شەڕدەکەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە تورکیا هێرشەکانی چەند رۆژی رابردوودی وەک کاردانەوەیەک بۆ تەقینەوەکەی ئەنقەرە لە شەقامی تەقسیمی ناوەڕاستی ئەستەنبوڵ ناوبرد کە کوژرانی شەش کەس و برینداربوونی دەیانی دیکەی لێکەوتەوە و یەپەگەی پێ تۆمەتبارکرد.

هاوکات، دوێنێ چوارشەممە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، رایگەیاند: ئەو هێرشە ئاسمانییانەی ئەنجامدراون "هیچ نین جگە لە سەرەتایەک"، وتیشی لە کاتی گونجاودا ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی دەستپێدەکەن، دوای پەرەسەندنی لێدانی تۆڵەسەندنەوە. ئەنقەرە بۆردومانەکەی ئەستەنبوڵی خستە ئەستۆی یەکینەکانی پاراستنی گەل، لە کاتێکدا هیچ کەسێک بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەستۆ نەگرت و یەکینەکانی پاراستنی گەل رەتیانکردەوە دەستیان لە ئەنجامدانی کردەکەدا هەبووبێت.

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات وتیشی، ئەو کەسەی تەقینەوەکەی کردووە لە ریزەکانی داعشدا بووە و هیچ پەیوەندییەکی بەوانەوە نییە و نەبووە و دواتریش، رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی سوپای تورکیاوە رووبەڕووبوونەوە و ئۆپەڕاسیۆنەکانیان بۆ سەر چەکدارانی داعش رادەگرن و بە ئەرکی خۆیان هەڵدەستن و رێگری لە داگیرکارییەکانی تورکیا دەکەن بۆسەر ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا.


AM:09:38:24/11/2022


ئه‌م بابه‌ته 996 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت