سودانی: بۆ دووبارەنەبوونەوەی هێرشەکانی ئێران کۆبوونەوەمان دەبێت

‌محەمەد شیاع سودانی

وێستگەنیوز-

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی هێرش و بۆردومانەکانی  ئێران بۆسەرهەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بۆردومانەکان بە رەزامەندی حکومەتی فیدڕاڵ نەبون و هەمو هێرشێکیش بۆسەر خاکی عێراق رەتدەکاتەوە.


محەمەد شیاع سودانی ئەمڕۆ لە پەیامێکدا نیگەرانی قوڵی خۆی لە دوبارەبونەوەی بۆردومانکردنی شارەکانی هەرێمی کوردستان دەردەبڕێت و دەڵێت، "هەمو هێرشێک بۆسەر خاکی عێراق رەتدەکەینەوە".

ئەوەش دەڵێت، "بڕیارمان لەبارەی پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق دەبێت و رێوشوێنیش بۆ دوبارەنەبونەوەی هێرشەکان دەگرینەبەر".

بە وتەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، "هێرشەکان بە رەزامەندی حکومەتی عێراق نەبوە، بۆیە لە دو رۆژی داهاتودا کۆبونەوەمان دەبێت بۆ دوبارەنەبونەوەی هێرشەکان".

دوێنێ سوپای پاسدارانی ئێران بە درۆن و موشەک هێرشیکردەسەر بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە و جێژنیکان لە بەحرکەی هەولێر، هەروەها بارەگاکانی حزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیش لە زڕگوێز کرانە ئامانج، لە هێرشەکەی کۆیەشدا پێشمەرگەیەک کوژرا.


PM:07:56:22/11/2022


ئه‌م بابه‌ته 1292 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت